دوای 32 ساڵ بێ بەشبوون لە منداڵ، برازایەک منداڵەکەی خۆی پێشکێشی مامی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای 32 ساڵ لە نەبوون و بێ بەشبوون لە منداڵ، برازایەک منداڵێکی تازە لەدایکبوویان پێشکێشی مامی کرد؛ ئەمە چیرۆکێکە راستییە و لە گوندی گۆرانکێی گەورە لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک روویداوە. هەروەها ناوی 'پێشڕەو'ـی لێدەنرێت.
چیا حەمید مستەفا، گەنجێکە کە باوکی سێ منداڵە و بە رووداوی گوت، مامی و ئامۆژنی 32 ساڵە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و سەردانی چەندین پزیشکی پسپۆڕیان کردووە لە هەولێر، بەغدا و تاران، تاوەکو منداڵێک بهێننە دنیاوە، بەڵام "بە قەدەری خودا منداڵیان نەبووە."
بەگوتەی چیا حەمید، کاتێک منداڵەکەیان لەدایکبووە، هاوژینەکەی داوای لێکردووە کە پێشکێشی مامی و ئامۆژنی بکەن.
مام زاهیر مستەفا کە تەمەنی 58 ساڵە لە لێدوانێکدا بۆ رووداو سوپاسی برازاکەی کرد و دڵخۆشی خۆی دەربڕی؛ هەروەها دەڵێت، "بە جوانترین شێوە منداڵەکە گەورە دەکەین."
منداڵەکە کوڕە، رۆژی پێنجشەممە 18-01-2024 لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ لەدایکبووە و ناوی 'پێشڕەو'ـی لێدەنرێت. چیا حەمید دەڵێت، بۆیە ناوی پێشڕەویان هەڵبژاردووە، تاوەکو "بزانن کاتێک پێشڕەوێک شەهید دەبێت، هەزار پێشڕەوی دیکە لەدایکدەبێت."
شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەند مووشەکێک ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری ناسراوی کورد لەلایەن ئێرانەوە کرایە ئامانج، بەوهۆیەوە خۆی و کچێکی 11 مانگی و دوو کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا. ئێران دەڵێت، بنکەیەکی "مۆساد"یان کردووەتە ئامانج؛ لە بەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق رەتیدەکەنەوە.