ژینگەی هەولێر: لە 138 پاڵاوگەی نایاسایی 54 یان داخراون

19-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، کارەکانیان بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی شارەکە بەردەوامن و زۆرینەی پاڵاوگە نایاساییەکانیان داخستوون. جێگری پارێزگاری دهۆکیش دەڵێت: "تەواوی پاڵاوگە نایاساییەکان داخران". پارێزگاری سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات، لە سنوورەکەیان پاڵاوگەی نایاسایی نییە.
 
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون؛ 54ـیان بەهۆی پیسکردنی ژینگەوە داخراون و بەشێکیشیان خۆیان کارناکەن. ئێستا نزیکەی 50 پاڵاوگە ماون کە ئەوانیش هەندێکیان کەموکورتییەکانیان چارەسەر کردوون".
 
دڵشاد هیرانی دەڵێت، لە سەردانەکانیان بەردەوامن نەوەک تەنیا بۆ پاڵاوگەکان، بەڵکو بۆ ئەو کارگە و موەلیدانەش کە دەبنە هۆکاری پیسکردنی ژینگە.
 
هەر ئەمڕۆ ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "15 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوورەکەمان هەبوون و دوای کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیران هەموویان داخران".
 
جێگری پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی لیژنەوە سەردانی موەلیدەکان و کارگەکانیش دەکرێت و هەر کەس ببێتە هۆکاری پیسکردنی ژینگە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت؛ گوتیشی: "پیسکردنی ژینگە تەنیا پاڵاوگەکان نین، بۆیە ئێمەش بەدواداچوونمان بەردەوام دەبێت".
 
ماجید سەید ساڵح گوتی، ئەوان رێگە بە کردنەوەی پاڵاوگە داخراوەکان یان هەر کەسێکی دیکەش دەدەن پاڵاوگە دابنێت، بەو مەرجەی پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ببن.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی ئەو کێوماڵ و پشکنینانەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان کردوویەتی، هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سنووری سلێمانیدا نییە".
 
رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار بڕیاری بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد کە بریتین لە:
 
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنیی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
 
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە