رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی باران و هەورەبرووسکەوە، لە 15ـی ئەم مانگەوە دابەشکردنی ئاو لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دوو لە شاری هەولێر وەستاوە و دیاریش نییە کەی چاک دەکرێتەوە. بەرپرسێک دەڵێت، بە تانکەر ئاو دەگەیێننە ئەو ماڵانەی بێ ئاو دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی روداوی گوت، "ئیفراز دوو کێشەی کارەبای هەیە و بەهۆی هەورەبرووسکەوە کێشەکان دروستبوون، بۆ چاککردنی دەبێت پارچەکانی لە دەرەوەی وڵاتەوە بهێندرێن، هەرکات گەیشتن راستەوخۆ چاک دەکرێتەوە".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو چاککردنەوەی کێشەی ئیفراز دوو، لە رێگەی هێڵی گەرمەوە ئاو بە تانکەر دەگەیێننە ماڵەکان. گوتیشی، "100% ناتوانرێت پێداویستی ئاوی ئەو گەڕەکانە پڕبکرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی پێویست هاوکارییان دەکرێت".
لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەهۆی وەستانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لە پرۆژەی ئیفرازی دوو لە شاری هەولێر، لە ئەنجامی لێدانی هەورەبرووسكە لە بەشی كارەبایی پرۆژەكە، بەشێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر بێ ئاو بوون".
بۆ بەهاناوەچوون و دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئاو لەو گەڕەكانە، دوو گەرمەهێڵی داواكردنی هاوكاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دابین كراون کە بریتین لە (07508515105 - 07504467378).
پڕۆژەکانی ئیفراز نیوەی ئاوی خواردنەوەی سنووری هەولێر دابین دەکەن. بەشەکەی دیکەی شارەکە پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت.
لە هەولێر سێ پرۆژەی ئیفراز هەن؛ پرۆژەی ئاوی ئیفراز یەک ساڵی 1967؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێش ساڵی 2007 کەوتوونەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ