رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، کاری ئەو لیژنەیەی حکومەتی فیدراڵی کە بۆ پڕۆژە پەککەوتووەکانی کەرکووک پێکهێنرابوو، بەرەو کۆتایی دەچێت و مۆڵەت لە هەموو ئەو پڕۆژانە وەردەگیرێتەوە کە کاریان تێدا ناکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 19-02-2026، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک سەبارەت بە پڕۆژە پەککەوتووەکانی سنووری پارێزگاکە قسەی بۆ هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، لیژنەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران لێکۆڵینەوە لەو پڕۆژانە دەکات کە دەمێکە راگیراون.
بەگوتەی رێبوار تەها، ئەو لیژنەیە لەسەر داوای ئەو پێکهێنراوە، ''بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە هەموو مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان بکرێت کە لە ساڵی 2011ـوە و لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوودا دراون، بەڵام تاوەکو ئێستا کاریان تێدا نەکراوە.''
پارێزگاری کەرکووک داوا لە وەبەرهێنەر و بەڵێندەرەکان دەکات هەوڵ بدەن کێشەکانیان چارەسە بکەن و دەست بە کارکردن بکەن لە پڕۆژەکاندا، ''بەڵام ئەگەر لە حاڵەتێکدا نیازیان نەبێ دەستبەکار بن، ناچارین مۆڵەتەکانیان وەربگرینەوە.''
رێبوار تەها زیاتر روونی دەکاتەوە، ''دوو ئەگەرمان لەپێشە، 30 بۆ 60 رۆژ مۆڵەتێکی دیکە بە خاوەن پڕۆژەکان بدەین، بۆ ئەوەی بۆ دەستبەکاربوون بێن و سەردان بکەن. ئەگەر نەهاتن، ئەوە بە یەکجاری مۆڵەتەکانیان پووچەڵ دەکرێ.''
پارێزگاری کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، کارەکانی لیژنەکە بەرەو کۆتایی دەچێت، ''دواتر ئەو لیژنەیە پێشنیازەکانی خۆی بەرز دەکاتەوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی دەستەی هاوئاهەنگی و لەوێ بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران دەنگی لەسەر دەدەین و مۆڵەتی پڕۆژە پەککەوتووەکان وەردەگیرینەوە.''
لەکۆی 113 پڕۆژەی جۆراوجۆری کەرکووک، تەنیا 10 بۆ 15 پڕۆژەیان کاریان تێدا دەکرێ و ئەوانی دیکە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەوە وەستاون.
27ی کانوونی دووەمی 2026 عەلی حەمادی، یاریدەدەری تەکنیکیی پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری پلاندانانی ستراتیژی و وەبەرهێنان بە رووداوی راگەیاند، تەواوکردنی پڕۆژەکانی کەرکووک پێویستیان بە نزیکەی 400 ملیار دینارە و نزیکەی 180 ملیار دینار پارەی شایستەی بەڵێندەرانە و پێویستە وەریبگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ