گورگ تەنگی بەمەڕدارەكانی ناحیەیەك هەڵچنیوە

19-03-2015
عومەر چاوشین
نیشانەکردن بنگرد گورگ
A+ A-

رووداو - بنگرد

بەهۆی زیادبوونی ئاژەڵی كێوی بە تایبەتیش گورگ، مەڕدارانی ناحیەی بنگرد دەڵێن ئاژەڵەكانیان مەترسی رەوە گورگیان لەسەرە، پۆلیسی دارستانیش دەڵێت چاوپۆشی لە ئاژەڵدارەكان دەكەن لە كاتی كوشتنی گورگدا.

ناوێرن چەك هەڵبگرن

گۆران هەمزە، بە خۆی و سێ‌ سەگەوە پاسەوانی لە 400 سەر مەڕ و بزن دەكات، ئەو زوو زوو ئەو ئاژەڵانەی دەنگ دەدا كە لە مێگەلەكە دادەبڕان، چونكە ترسی هەبوو گورگ لە نزیك مێگەلەكەی بۆ نێچیرێك خۆی مەڵاسدابێ.

گۆران گوتی "بۆ پاسەوانی لە ئاژەڵەكانمان سێ‌ سەگی زۆر باشمان هەن، بەڵام پێویستمان بە چەكە، چونكە جاری وا هەیە رەوە گورگ پەلاماری ئاژەڵەكانمان دەدات و لەو كاتەدا سەگەكان دەرەقەت نایەن و پێویستمان بە چەكە، بەڵام لە ترسی پۆلیس ناتوانین چەك هەڵبگرین و داوای مۆڵەتی چەك هەڵگرتنمان لێدەكەن".

ئەو شوانە باسی زۆربوونی گورگی كرد و گوتی "بەهۆی قەدەغەكردنی راوی ئاژەڵی كێوی، ساڵ بە ساڵ ژمارەی گورگەكان زۆرتر دەبێت، تەنیا لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا گورگ سێ‌ جار پەلاماری ئاژەڵەكانمی داوە". ئەو شوانە داواكارە حكومەت مۆڵەتی هەڵگرتنی چەكیان بداتێ‌ بۆ ئەوەی مەترسی گورگەكان لەسەر ئاژەڵەكانیان دووربخەنەوە. 

ئاوات محەممەد بابەكر، شوانێكی دیكەی ناحیەی بنگردە، خاوەنی 400 سەر ئاژەڵن، وەك خۆی دەڵێت 10 سەگی باشیان هەیە بۆ پاسەوانی ئاژەڵەكانیان، بەڵام هێشتا گورگ زەفەریان پێدەبات، چونكە زۆرجار سەگەكان ئاگایان لە ئاژەڵەكان نابێت یان دووردەكەونەوە لە ئاژەڵەكان.

ئاوات گوتی "ئەمساڵ ئەسپێك و بەرخێكمان خوراوە، ساڵی رابردوو 40 سەر ئاژەڵمان خورا، خەڵكی دیكەش وەكو ئێمە زیانی پێگەیشتووە".

"گۆشتەكەیان مەخۆن"

لە سنووری ناحیەی بنگرد نزیكەی 50 مەڕدار هەن، بە هەموویان نزیكەی 10 هەزار ئاژەڵیان هەیە.

پزیشكێكی ڤێترنەری باسی مەترسییەكانی ئاژەڵی كێوی دەكات لەسەر مەڕدارەكان و دەڵێت دەبێ‌ مەڕدارەكان خۆیان بپارێزن لە خواردنی گۆشتی ئاژەڵی پەلامار دراو.

موحسین عەبدوڵڵا كە پزیشكی ڤێترنەرییە بە (رووداو)ی گوت "گورگ هەموویان  گۆشتخۆرن، بەڵام ئەوان زۆرتر لە شێوەی رەوە پەلاماری ئاژەڵ بە تایبەتی مەڕ دەدەن، سیفەتی گورگ وایە، حەز لە كوشتنی زۆرترین مەڕ دەكات، دواتر دەگەڕێتەوە سەری و گۆشتەكەی دەخوات".

ئەم پزیشكە هۆشداری دایە ئاژەڵداران لە خواردنی گۆشتی ئاژەڵی پەلامار دراو و گوتی "زۆرجار ئاژەڵە پەلاماردراوەكە نامرێت و خاوەنەكەی سەری دەبڕێت و گۆشتەكەی دەخوات،  بەڵام دەبێ‌ ئاگادار بن، چونكە رەنگە گورگەكە نەخۆشی هاری هەبێت، بۆیە پێویستە گۆشتەكە زۆرباش بكوڵێنن".
 
چاوپۆشی لە گورگ كوژەكان دەكەن

وەهاب ئەحمەد، ئەفسەری بنكەی پۆلیسی دارستانی ناحیەی بنگرد نەیشاردەوە كە لە سنوورەكەیان دڕندەی كێوی وەك گورگ و چەقەڵ و ڕێوی لە چاو ساڵان زۆرتر بووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ قەدەغەكردنی راوی ئاژەڵی كێوی، بەڵام ئەو ئاژەڵە كێویانە بوونەتە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا ئەوان هیچ ئیجرائاتێك بەرامبەر ئەو كەسانە ناكەن كە ئاژەڵی دڕندەی وەكو گورگ لە كاتی هێرشكردنە سەر خۆیان و ئاژەڵەكانیان دەكوژن "چونكە ئەوانە لە ترسی گیانی خۆیان و پاراستنی ئاژەڵەكانیان، ئەو گورگانە دەكوژن".

سەبارەت بە دیاردەی راوكردنی ئاژەڵ لە ناوچەكەیان وەهاب ئەحمەد گوتی بەو پێیەی ناوچەكەیان عەشایرییە و ژمارەیەك ئاغای لێیە و ئاغاش حەزیان لە راوە، بۆیە راوكردن لە ناوچەكەیان زۆرە، بەڵام گوتی چاوپۆشی لە كەس ناكەن و لە ساڵی رابردوودا 50 كەسیان لە كاتی راوكردن دەستگیركردووە و دۆسیەیەیان بۆ كردوونەتەوە لە دادگا.

بەڵام ناوبراو نەیشاردە كە قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر ئیشی ئەوانیش هەبووە و دەڵێت "ئێستا بەهۆی بێ‌ بەنزینی كەمتر دەرچوونمان هەیە بۆ دەستگیركردنی راوچییەكان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە