پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانی کرد. گوتەبێژی حیزبەکە دەڵێت، سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەن.
 
کۆبوونەوەکانی پارتی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوون. ئەمڕۆ سێشەممە پارتی بە جیا لەگەڵ یەکگرتوو و گۆڕان کۆبووەوە؛ شەوی رابردووش لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کۆبووەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسێکی باڵای بەشدار لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پارتی دیموکراتی کوردستان هەندێک روونکردنەوەی زیاتری لە راگەیێندراوەکەی دوێنێ لەبارەی هەڵوێستەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو".
 
دوێنی دووشەممە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
بەرپرسێکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پارتی هۆکاری هەڵوێستەکەی خۆیان روونکردەوە، بەڵام ئەوانیش وەک کۆمەڵ گوتوویانە بڕیارەکەی پارتی بە باش نازانن و لەگەڵ هەڵبژاردندان لەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە.
 
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە شاندی پارتییان گوتووە، هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نەماوە و کەوتووەتە بۆشایی یاساییەوە؛ بۆیە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان بە زووترین کات هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
 
ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرۆکایەتی شاندی حیزبەکەی دەکات بە رۆژنامەڤانانی گوت، سەردانی حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
 
راگەیێندراوەکەی پارتی لە شەش خاڵ پێکهاتووە و لە بەشێکیدا هاتووە، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
 
کاردانەوە نێوخۆییەکان بۆ بڕیارەکەی پارتی
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆبووەوە و دواتر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت. ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیێندراوی خۆیدا، بەهەر بیانووییەک بێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە."
 
هەروەها گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە میدیای حیزبەکەی راگەیاند، "سەرەڕای رێزمان بۆ ئەو لایەنانەی كە هەڵوێستی جیاوازیان لەمەڕ بەشداریكردن له هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەربڕیوە، ئێمە بە پێویستییەكی نیشتمانی و ئیستحقاقێكی میللی دەزانین و لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت".
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش دەڵێت، دەیانەوێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
 
هەر لەوبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر بڕیارێک لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت، پێیەوە پابەند دەبین".
 
فەرهاد تۆفیق گوتیشی، "بە دڵنیاییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن لە هەرێمی کوردستان، ئەو کاتە هەڵبژاردن هەڵدەوەشێتەوە و بەڕێوەناچێت، بەتایبەت پارتی کە زۆرینەی جومگەکانی کارگێڕی و سیاسی و دیپلۆماسی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە".
 
هەروەها حیزبی شیوعی کوردستان دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەسەرەتاوە دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووین و دوای بڕیارەكانی دادگەی ئیتحادیش تێبینی رەخنەگرانەمان لەمەڕ بڕیارەكانی هەبووە بۆ سیستمی بازنەکردن؛ ئێستاش لە دەست حیزبی شیوعی نییە هەڵبژاردن بكرێت یان نەكرێت. ئەگەریش لەهەر كاتێكدا هەڵبژاردن سازكرا، ئێمە بەشدار دەبین".
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
 
3ـی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.