یەکێتی: پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت

19-03-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە دەباشان کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، جەختیان لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی حیزبەکە کردەوە کە "پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت."
 
کۆبوونەوەکەی یەکێتی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو و دوایین ئامادەکاریی حیزبەکە لە بازنەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێکراوە کە بڕیارە لە 10-6-2024 بەڕێوەبچێت. 
 
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە کە بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست و نەناردنی پارە لە بەغداوە، دابەشنەکراوە. یەکێتی پێداگری کردووە لەسەر "پێویستیی بەپەلەی دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان."
 
رۆژی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەشداریی لە هەڵبژاردنێک ناکەن کە نایاسایی و نادەستووری و سەپێندراو بێت، ئەوەش پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی لە دۆخێکی نادیاردا هێشتووەتەوە. یەکێتی دەڵێت، هەڵبژاردن "تەنها و تەنها رێگەی راست و رەوای نوێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسیی و شەرعیەتی حوکمڕانییە لە وڵاتەکەماندا."
 
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، "ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیێندراوی خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.