رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی شووباتەوە، سێ رۆژە کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە. بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆ دەڵێت، هەندێک مامەڵەی "زۆر پێویست"ـی هاونیشتمانیان رایی دەکەن.
لە 17ـی ئەم مانگەوە زۆرینەی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتی کارکردنیان کردووە. ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئادار، عهمید ئاسۆ محەممهد، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بایکۆت بەردەوامە".
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی گوتیشی، هەندێک مامەڵەی زۆر پێویست رایی دەکەن، بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک لە دەرەوەی شارەکانەوە بۆ گواستنەوەی ساڵنامەی ئۆتۆمبێل چووبێت و خاوەنی پێشووی ئۆتۆمبێلەکەی لەگەڵدا بێت، واژۆی راییکردنی مامەڵەکە وەردەگرن.
بە گوتەی عەمید ئاسۆ، ئەو کۆمپانیانەشی ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتریان فرۆشتووە بۆ ئەوەی تووشی سزای دارایی نەبنەوە کارەکانی وەرگرتنی ژمارەیان رایی دەکرێت و "بەشی ئەوە" کارمەندیان دەوام دەکات.
هەر ئەمڕۆ دەنگۆی بایکۆت لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان بڵاوبوویەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ویستی بایکۆت لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەکە هەبووە بەڵام دواتر بڕیاری بایکۆتیان هەڵوەشاندووەتەوە و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کاژێر 11:00 دەوام ئاساییە.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان لەو فەرمانگانەن کە داهاتی رۆژانەیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرە.
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی شوبات دابەشنەکراوە، لە کاتێکدا لە 11ی ئادارەوە وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوای 949 ملیار 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
رۆژی هەینی، 15-03-2024یش ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی، داهاتی نێوخۆ 374 ملیار دینارە، بەڵام بەشێکی لە فەرمانگەکاندا چەکە و کاش نییە؛ بەشێکی دیکەی وەک داهات هەژمار دەکرێت، بەڵام بەشێوەی قەرزی ئاو، کارەبا و قەرزەکانی دیکەیە کە لای هاونیشتمانییانە و بەشێوەی کاش ناگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ