سەعدی پیرە بۆ رووداو: راکێشانی عێراق بۆ ناو جەنگ نابەرپرسانەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەر جۆرە هەوڵێک بۆ راکێشانی عێراق بۆ ناو ململانێ و جەنگەکان کارێکی "نابەرپرسانەیە" و زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەل دەگەیێنێت. جەختیش دەکاتەوە کە لە پرسی پاراستنی هەرێمی کوردستاندا، لایەنە سیاسییەکان و شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک یەک هەڵوێستن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19-3-2026، سەعدی ئەحمەد پیرە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی (نیوڕۆژ)ی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
 
"جەنگەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی چاوەڕواننەکراو رۆیشتووە"
 
سەبارەت بە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ ئەمریکا، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوە کرد، ئاراستەی شەڕەکە بەرەو قۆناخێکی مەترسیدار رۆیشتووە کە پێشبینی نەدەکرا. ئەو گوتی: "پێشبینیی گۆڕانکاری هەبوو، بەڵام ئاڵۆزبوون بەم شێوەیەی ئێستا و بەردەوامبوونی تاوەکو ئێرە، بەڕاستی من چاوەڕوانم نەدەکرد."
 
پیرە باسی لەوە کرد کە ئەم جەنگە تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر وڵاتانی شەڕکەر، بەڵکو کاریگەریی گەورەی لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێیەکانی ئێران دروست کردووە. گوتیشی: "خۆشی بێت یان ناخۆشی، دەرهاوێشتەکانی ئەم جەنگە دەگاتە هەمووان."
 
"راکێشانی عێراق بۆ ناو شەڕ کارێکی خراپە"
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە تووندی دژی ئەوە وەستایەوە کە عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و گوتی: "هەندێک گرووپی نابەرپرس هەوڵدەدەن عێراق رابکێشنە نێو ئەم شەڕەوە، ئەمە کارێکی زۆر خراپە و ئەم شەڕە شەڕی عێراق نییە."
 
سەعدی پیرە هۆشداری دا لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی رابردوو و گوتی: "عێراقییەکان لە جەنگی یەکەمی کەنداو و جەنگی دووەمدا بە گشتی زۆر زەرەرمەند بوون، وێرانکاری و ئاوارەبوونێکی زۆریان بینیوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە عێراق خۆی بونیات بنێتەوە نەک جارێکی دیکە رابکێشرێتە نێو جەنگ."
 
یەکڕیزیی هەولێر و سلێمانی لە بەرامبەر هەڕەشەکان
 
سەبارەت پرسی یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان لە کاتەدا. ئەو گوتی: "با لای خۆمانەوە وا نەکەین، سلێمانی، دهۆک، خانەقین و هەولێر هەمووی لە بەرامبەر نەیارەکانمان یەکە. ئێمە یەک دەستوور و یەک بەشین و هیچ جیاوازییەکمان نییە." ئاشکراشی کرد کە لەسەر ئاستی باڵای حکومەت و لایەنە سیاسییەکان هاوئاهەنگیی بەردەوام هەیە. گوتی: "دڵنیام لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم و لەسەر ئاستی جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و جەنابی کاک بافڵ، سەرۆکی یەکێتی، پەیوەندی بەردەوام هەیە و لە روونکردنەوەکانیشیاندا دیارە کە هەڵوێستیان یەکە."
 
پرسی نەوت و "نیو مووچە"
 
لەبارەی دۆخی ئابووری و کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر بازاڕ، سەعدی پیرە گوتی: "ئەم دۆخە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر قوت و ژیانی خەڵک و نرخی بازار و توانای کڕینی دۆلار و دینار هەبووە."
 
دەنگۆیەکە هەیە ئەم مانگە حکومەتی عێراق نیو مووچە بداتە فەرمانبەران، پیرە بە نیگەرانییەوە باسی لە دەستەواژەی "نیو مووچە" کرد و گوتی: "خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر هەستیارن بەرامبەر وشەی نیو مووچە و پاشەکەوت. بۆیە پێویستە لە پرسی نەوتدا گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاووڵاتییان بێت."
 
شەڕی زاراوەکان و نادەستووریبوونی هەندێک ناو
 
سەعدی ئەحمەد پیرە رەخنەی لە بەکارهێنانی هەندێک زاراوە گرت لە لایەن راگەیاندن و لایەنە عێراقییەکانەوە و گوتی: "حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەولێر دوو زاراوەی غەریبن و لە دەستووردا نین. ئەوەی هەیە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد کە ناونانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "حکومەتی ئەربیل" ئامانجێکی سیاسیی لە پشتە و دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە ئەمە تەنیا رای پارتییە، لە کاتێکدا ئەوە حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەشی تێدایە.
 
کۆتاییهاتنی جەنگ بە دیپلۆماسییەت
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەعدی پیرە هیوای خواست کە جەنگەکە کۆتایی بێت و ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی وەک ئەمریکا دەتوانن رۆڵی سەرەکی بگێڕن لە راگرتنی خوێنڕشتن. ئەو گوتی: "ئەم شەڕە بەس لایەنی خراپی هەیە، هیوادارم تێبگەن کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە هیچ بەرەیەک و تەنیا ئاشتی و سەقامگیریی دەوێت." گوتیشی "وەکو چۆن لە جەنگی 12 رۆژدا ئەمریکا بە بڕیارێک جەنگی راگرت، دەتوانێت ئێستاش جەنگەکە رابگرێت". 
 
سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە: "ئەم جەنگە گۆڕانکاریی دروست دەکات و لە ئێستاشەوە گۆڕانکاریی گەورەی دروست کردووە لەنێوخۆی ئێران". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک بارهەڵگر لەسنووری سلێمانی. وێنە: رووداو

لە رۆژانی جەژندا هاتووچۆی بارهەڵگر لە ناوچە گەشتیارییەکاندا قەدەخە دەکرێت

سبەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە. بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، چەند رێنوێنییەکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هاتووچۆی بارهەڵگر لە ناوچە گەشتیارییەکاندا قەدەخەیە.