رێگەی خێرای هەولێر- دهۆک دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای هێمن گرووپ رایگەیاند، دوایین قۆناخی رێگەی خێرای هەولێر- دهۆک تەواوبووە و ئەمڕۆ رێگەکە بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان دەکرێتەوە. تەواوبوونی ئەم رێگەیە، جگە لە کەمکردنەوەی ماوەی نێوان هەولێر و دهۆک، هەنگاوێکی دیکەیە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی رێگە بۆ سەر ژیانی هاونیشتمانیان.
 
پرۆژەی رێگەی خێرای نێوان هه‌ولێر - گۆپاڵ، گۆپاڵ - رۆڤیا لە رێگەی دوو سایدی (ئۆتۆبان)ـی هەولێر ـ دهۆک لە ساڵی 2018 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی دانرا و هەر ئەو رۆژە دەستپێکردنی کارەکانی پرۆژەکەی راگەیاند.
 
پرۆژەی گەزنە- گۆپاڵ
 
غازی کاکل، بەڕێوەبەری پرۆژەکە لە کۆمپانیای هێمن گرووپ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەی تەواوکردنی پرۆژەکە 900 رۆژ بووە کە ئێمە ساڵیک زووتر لە وادەی خۆی تەواومان کرد. بودجەی پرۆژەکەش 157 ملیۆن و 971 هەزار دۆلار بووە. درێژی رێگەکە بە تەواوی تاوەکو دەگاتە گۆپاڵ و رووبارەکەی 36 کیلۆمەترە".
 
بەگوتەی غازی کاکل، خێرایی رێگەپێدراو لە جووتسایدەکە 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا کە بەو شێوەیە لە هەولێرەوە بە نیو کاژێر دەگەیتە گۆپاڵ. رێگەکە لە گەزنەی شاری هەولێرەوە دەستپێدەکات تاوەکو پردی گۆپاڵ کە دوایین سنووری پارێزگای هەولێرە و هەمووی جووتسایدە. رێگاکە لە پارێزگای دهۆکیشەوە تەواوبووە و ئێستا هاونیشتمانیان بۆ هاتووچۆ لەنێوان هەولێر- دهۆک دەتوانن ئەو رێگەیە بەکاربهێنن.
 
بڕیارە ئەمڕۆ لەکاژێر 15:00 بەبەشداریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی هەولێر قۆناخی کۆتایی رێگاکە بکرێتەوە. غازی کاکل لەوبارەوە دەڵێت، بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی رێوڕەسمی پرۆتۆکۆلی بۆ نەکراوە و نیانتوانیوە رێوڕەسمێکی گەورەی بۆ بکەن.
 
پرۆژەی گۆپاڵ- رۆڤیا
 
ئەو پرۆژە ستراتیژییە لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، لە 2018 بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی 79 ملیۆن و 998 هەزار و 208 دۆلار بەردی بناخەی دانرا.
 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان لەکاتی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەکە رایگەیاند "ئەمڕۆ ئامادەبووم بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەکی زۆر گرنگ و ستراتیجی". هەر لەو رۆژەدا دەستپێکردنی پرۆژەکەی راگەیاند و کارەکانی زۆر بە خێرایی دەستیان پێکرد و پێش کاتی دیاریکراوی خۆی تەواوبوو.
 
لە ئایاری 2019 دەست بە کارکردن لە پرۆژەکە کرا، هەر ئەو ساڵە بەشی دووەمی رێگەکە قیرکرا، ساڵی 2020 دەست بە قیرکردنی بەشی سێیەمی کرا و ئەو بەشەش کۆتاییهات.
 
جگە لەوەی چەندین شارۆچکە و گوند و کامپی لەسەرە، رێگەکە رێڕەوێکی بازرگانیشە کە هەولێر بە دهۆک و زاخۆ و لەوێشەوە بە تورکیاوە دەبەستێتەوە. کردنەوەی ئەم رێگەیە دەبێتەهۆی کورتکردنەوەی رێگەی نێوان هەولێر و دهۆک.
 
درێژی رێگەکە 22 کیلۆمەترە و درێژترین پردی هەرێمی کوردستان کە پردی چەمە - گۆپاڵەیە دەکەوێتە سەر ئەو رێگەیە. لە رێگەکەدا 6 ئۆڤەرپاس هەن و تەواوی یوتێرنەکانی ئۆڤەرپاسن.
 

لە رۆژی 20-10-2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆژەی رێگەی دووسایدی رۆڤیا-گۆپاڵی کردەوە و داوای لە شۆفێران کرد، لەکاتی بەکارهێنانی رێگەکەدا پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و دووربن لە تیژڕەوی، تاوەکو پارێزراو بن. 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی کردنەوەی پرۆژەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد، گوتی "بەردی بناخەی ئەم پرۆژەیە لە کابینەی پێشوو دانراوە و لەم کابینەیەی حکومەت تەواوکرا". سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەشی کرد کە پێش تەواوبوونی وادەی خۆی، کارەکانی تەواوکردووە. 
 
کارەکانی پرۆژەکە بە گوتەی مەسرور بارزانی، "بە ستانداردی نێودەوڵەتی" دروستکراون، گوتیشی، خۆشحاڵە کە ئەو پرۆژەیەش هاوشێوەی چەندین پرۆژەی دیکە لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵییەوە دروستکراوە.