رووداو هەولێر
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی دانانی بەردی بناخەی رێگەی رۆڤیا- گۆپاڵ لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، 80 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پلانی بۆ بووژاندنەوەی زۆربەی ناوچەکان داڕشتووە و لەمەودواش ئاوەدانی لە کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-9-2018، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی رێگەی رۆڤیا- گۆپاڵ لە پارێزگای دهۆک دانراو، بڕیاریشە لە رێوڕەسمێکدا تونێلی زاخۆ بکرێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی دانانی بەردی بناخەی رێگەی جووت سایدی رۆڤیا-گۆپاڵ گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێکی گوتەکانی باسی کار و چالاکی و پرۆژەکانی حکومەتی لە ماوەی کابینەی هەشت کرد و رایگەیاند: "کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان دەستی بە چاکسازییەکی سیستماتیکی ماوەدرێژ کردووە، کە لە پرۆژەی بایۆمەتری و پێشکەشکردنی پرۆژەی چاکسازی بە پەرلەمانی کوردستان بەشێکی ئاشکرای ئەو پرۆژە چاکسازییەیە کە دەستمان پێکردووەو لە سەرەتای کابینەوە پلانمان بۆی داناوە، ئەوانەو زۆر هەنگاو و پرۆژەی رانەگەیێندراوی دیکەش هەموویان کاری حکومەتن، ئەرکی ئێمەبوو وەکو حکومەت، ئەمانە شیاو نین بەهیچ شێوەیەک بیانخەینە ناو بانگەشەی حیزبییەوە، چونکە ئێمە دەمانەوێت شێوەی دەزگاییبوون و دامەزراوەکان بەهێزبکەین و کاریگەی حیزبی و سیاسی لەسەری رۆژ بەڕۆژ کەمتر بکەینەوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەموو وەزیرەکانی کابینەی هەشت و کاربەدەستانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات و دەڵێت: "سوپاس بۆ هەموو وەزیرە بەڕێزەکان و کاربەدەستانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوانەی لەسەرەتای دروستبوونی کابینەی هەشتەمەوە بەشداربوون، ئەوانەی تا ئێستاش بەردەوامن لە کارکردن، کە وەک یەکەم تیم بە یەکەوە کارمان کردووە، ئەویش بۆ یەک ئامانج و یەک ناو کە ئەویش حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە".
دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی دانانی بەردی بناخەی رێگای جووت سایدی رۆڤیا-گۆپاڵ
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز ئامادەبووم بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەکی زۆر گرنگ و ستراتیژی لەم دەڤەرە، ئێوە بێگومان بن لەوەی ئەوە سەرەتای دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانمان دەبێت لەم دەڤەرە گرنگەی کوردستان.
ئەمڕۆ لێرە دەستپێکردنی پرۆژەی دروستکردنی رێگای رۆڤیا گۆپاڵ رادەگەیێنین، ئەم پرۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی پارێزگای دهۆک سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیای کاڤین گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 80 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانکردووە.
بەپێی وردبینیمان لە نەخشەی پرۆژەکە دەبینین زۆر بە باشی نەخشەی بۆ دانراوە، لەو رێگەیە کە 22 کیلۆمەتری جووسایدە حیساب بۆ پاراستنی سەلامەتی کراوە، 6 ئۆڤەر پاس لە پرۆژەکەدا هەن، 8 جێگەش بۆ پەڕینەوەی ئاژەڵان بەشێوەی قەسیسە حیسابیان بۆ کراوە، ئەمانە هەموو وادەکات کە ئەم پرۆژەیە لە ماوەیەکدا، کە نووسراوە حدوودی 900 رۆژ، بەڵام من هیوادارم زووتریش ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، بە کوالێتییەکی باش و رێکوپێک ئینشەڵڵا ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت.
دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا وەک ئەرکی خۆیان زۆر بە وردی لەسەر کوالێتی پرۆژەکانی رێگاوبان دەوستن، دەبێت لە ئێستاو داهاتووشدا چاودێرییەکانیان زۆر زیاتریش ببێت، من موهەندس نیم، بەڵام وەکو شارەزایەک لەم چەند ساڵەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە رێگاوبان دروست دەکرێت بەڕاستی ئیهتیمامی زۆر بۆ ژێرخانی دروستکردنی ئەو رێگاوبانانە نییە، هیوادارم لەو پرۆژەیە دیقەتێکی زۆر بدرێت بە ژێرخانەکەی و بە رێکو پێکی کوالێتییەکی باش دروست بکرێت.
ئەو کۆمپانیایە کاری باشیان لە کوردستان ئەنجامداوە، جێگەی خۆیەتی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بڵێمەوە سوپاسی هەموو ئەو کارانەیان دەکەم، زۆر بە دڵسۆزانە بۆ کوردستان کاریان کردووە، ئەو پرۆژانەی دروستیشیان کردووە شایەدی ئەوەن، کە تاوەکو ئێستا کارەکانیان بە باشی کردووە، دەستخۆشیان لێدەکەم و هیواداریشم ئەو پرۆژەیەی کە ئەمڕۆ لێرە بەردی بناخەی بۆ دادەنێین بە کوالێتییەکی یەکجار زۆر باش و بە دڵسۆزی و بە خاوێنی ئینشەڵڵا جێبەجێی بکەن.
مایەی خۆشحاڵیشە کە دوو رۆژ پێش ئێستا جەنابی پارێزگاری دهۆک کاک فەرهاد هات، دەستپێکردنی دوو پرۆژەی گرنگی دیکەی لەو دەڤەرە راگەیاند، یەکەمیان پرۆژەی چاککردنەوەو قیرتاوکردنی رێگای کۆرکا سۆرکا-زێراڤ لە ناوچەی گردەسێن ئاکرێ، دووەمیشیان پرۆژەی چاککردنەوەو قیرتاوکردنی رێگای زەنگەنەنان-دارەتوو لە قەزای بەردەڕەش، ئەمانەش پرۆژەی گرنگن بۆ خەڵکی دەڤەرەکەو دەستخۆشی لە جەنابی پارێزگار دەکەین هیوادارین بە کاتێکی نزیک ئەوە جێبەجێ ببێت.
خەڵکی خۆشەویستی بەردەڕەش و ئاکرێ و شێخان، ناوچەکانی ئێوە مەڵبەندی شۆڕش پێگەیاندنی سەدان و هەزاران خەباتکاران بۆ شۆڕشەکانی کوردستان، لەبەر ئەوەش پێشتر ئەو ناوچانە لەلایەن رژێمی پێشوو بە تەواوەتی پشتگوێخراوبوون، هەندێک شوێن لەو ناوچەیە لە سەرەتاترین خزمەتگوزاری بێبەشبوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی جۆراجۆری لەو دەڤەرە ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین ئەو پرۆژانە بەهیچ شێوەیەک بەپێی پێویستییەکانی ئەم ناوچەیە نەبوونە، بەڵام بێگومان بن لەوەی کە ئەم پرۆژەیەی ئەمڕۆ و پرۆژەکانی هەفتەی رابردوو، سەرەتای دەستپێکردنەوەی پرۆژەی زیاتر دەبن بۆ دەڤەرەکەتان.
حکومەتی هەرێم پلانی هەیە بۆ بوژاندنەوەی ئەم ناوچەیە و سوودوەرگرتنی زیاتر لە توانا سروشتییەکانی ئەم دەڤەرە لەڕووی کشتوکاڵ، گەشتیاری و سامانی ژێر زەوی، لە پێناو پێشخستنی زیاتری دەڤەرەکەو زیاترکردنی داهاتی خەڵکی دەڤەرەکەو بەشداریکردنی زیاترتان لە بەهێزکردنی ئابووری کوردستان بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها پلانی ئەوەشمان هەیە لە پرۆژەکانی ئەو دەڤەرە حکومەت و کۆمپانیا زیاتر سوود لە توانا مرۆییەکانی ناوچەکە وەربگرن.
دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش، ئێستا تا راددەیەک هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دروستبووەتەوە، باشتربوونی باری دارایی حکومەتی هەرێم، بە بەراورد لەگەڵ دوو ساڵی رابردوو وادەکات پێداچوونەوەیەکی جددی بە پێداویستییەکانی ئیدارەی دەڤەرەکەتان بکەین، چونکە دەزانین لەوبارەیەوە داواکاری جددیتان هەیە لە پێناو باش بەڕێوەچوونی کاروباری فەرمانگەکانی حکومەت لەو دەڤەرە، بوژانەوە و پێشکەوتنی گوندەکانتان بەشێکی گرنگن لە پلانی حکومەتی هەرێم بۆ جۆراجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی خەڵک و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، دڵنیابن لەداهاتوودا بە راددەی بەردەوامییان لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە شارەکان و زۆرترکردنی پرۆژەکان بەهەمان ئەندازە بەپێی پلان بایەخ بە گوندەکانیش دەدەین.
ئەم پرۆژەیەی ئەمڕۆ، کاریگەرییەکی زۆر گرنگ و باشی دەبێت لەسەر دروستکردنی ژێرخانی ئابووری ناوچەکەو بوژانەوەی هەموو ئەو گوند و شارۆچکانەی دەکەونە سەر ئەو رێگایە، بێگومان بەپێی پلان و تواناکانی حکومەت رێگەی دیکەش لەم دەڤەرە دروست دەکرێن و باشتر دەبن.
بەڕێزان بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعش و خەرجییەکان شەڕ و هێزی پێشمەرگەی قارەمان و هاتنی نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارەو پەنابەر بۆ هەرێمی کوردستان و بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراق و دابەزینی نرخی نەوت بۆ 25 دۆلار، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتە دۆخێکی ئەوتۆ کە هەموو هەوڵێکی ئەوەبووتەنها خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیان نەوەستن و ئارامی و بژێوی خەڵک دابین بکات، لەبەر ئەوەش زۆر پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان وەستان، ئەمانەش هەمووی کاریان لە کەمکردنەوەی هەلی کار بۆ خەڵک و توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، ئینجا دروستکردنی کێشەی ناوخۆ و سستکردنی کاری حکومەت بە ئامانجی سیاسی و هەوڵدان بۆ رووخاندن و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و لە دۆخێکدا کە دەبووا هەموو لایەک زیاتر لە هەموو کاتێک ئاسایشی کۆمەڵایەتی بپارێزن و رێگە نەدەن ژیانی خەڵک زیاتر تێکبچێت، کێشەو بەرژەوەندیە تەسک و حیزبییەکانیان وەلا بنێن، کەچی هەر درێژەیان پێدا، بەڵام ئەوەی کە جێی دڵخۆشییە بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان و فەرامنبەرانی خۆڕاگری کوردستان، بە پشتیوانی وڵاتانی دۆست لە جیهان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوونی شەرعی خۆی پاراست و مایەوە ئابڵووقەی سیاسی، ئابووری و ئاسمانییەکانیشی تێکشکاند.
ئامانجی سەرەکی ئێمە وەکو حکومەت دابینکردنی ئاسایش و گوزەرانی خەڵکە، سوپاس بۆ پێشمەرگە و دەزاگاکانی ئاسایش و ناوخۆ، نە هیمەتی ئەوان ئارامی لە کوردستان پارێزرا، هەر لەگەڵ باشتربوونی بارای دارایی حکومەتیش پاشەکەوتی مووچەمان زۆر کەمکردەوە، چاومان لەوەیە لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانین بە تەواوەتی نەیهێڵین.
بەڕێزان..
کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەپێی بنەما نیودەوڵەتییەکان دەستی بە چاکسازییەکی سیستماتیکی ماوەدرێژ کردووە، کە لە پرۆژەی بایۆمەتری و پێشکەشکردنی پرۆژەی چاکسازی بە پەرلەمانی کوردستان بەشێکی ئاشکرای ئەو پرۆژە چاکسازییەیە کە دەستمان پێکردووەو لە سەرەتای کابینەوە پلانمان بۆی داناوە، ئەوانەو زۆر هەنگاوو پرۆژەی رانەگەیێندراوی دیکەش هەموویان کاری حکومەتن، ئەرکی ئێمەبوو وەکو حکومەت، ئەمانە شیاو نین بەهیچ شێوەیەک بیانخەینە ناو بانگەشەی حیزبییەوە، چونکە ئێمە دەمانەوێت شێوەی دەزگاییبوون و دامەزراوەکان بەهێز بکەین و کاریگەی حیزبی و سیاسی لەسەر رۆژ بەڕۆژ کەمتر بکەینەوە.
سوپاس بۆ هەموو وەزیرە بەڕێزەکان و کاربەدەستانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوانەی لەسەرەتای دروستبوونی کابینەی هەشتەمەوە بەشداربوون، ئەوانەی تا ئێستاش بەردەوامن لە کارکردن، کە وەک یەکەم تیم بە یەکەوە کارمان کردووە، ئەویش بۆ یەک ئامانج و یەک ناو کە ئەویش حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارە و حکومەتی هەموو هاونیشتمانییانە، بە هەموو پێکهاتەو ئاراستەکانیانەوە، دەبێت هەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت و باشتر ببێت لە هەموو رووێکەوە.
هەر کارێک کە کراوە هەموو وەزیرەکانی کابینەی حکومەتی هەرێم بەشداریان تێداکردووەو کاری تاکەکەس نەبووە، یەک کەس سوپەرمان نەبووە کە بتوانێت ئەوکارانە ئەنجام بدات، هەمووی بە کارکردنی پێکەوەیی توانیومانە ئەو کارانە ئەنجام بدەین.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ