پارتی یەکەم پۆستی ئیداریی لە کەرکووک دوای 8 ساڵ وەردەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
8 ساڵ دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم پۆستی ئیداری لە پارێزگای کەرکووک وەرگرتەوە. دکتۆر شاسوار باوەیی، لەسەر پشکی ئەو حیزبە وەک یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک دەستبەکاربوو، ئەمەش وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ گەڕانەوەی ئەو حیزبە بۆ نێو ئیداریی شارەکە دادەنرێت.
دکتۆر شاسوار باوەیی، یاریدەدەری نوێی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "کۆمەڵێک پۆست لە کورد و بەتایبەتی لە پارتی سەندراوەتەوە، ئەمە یەکێکە لە هەنگاوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانە و هیوادارین ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ خزمەتکردنی هەموو شاری کەرکووک بە هەموو نەتەوەکان بێ جیاوازی."
پارتی دیموکراتی کوردستان داوای گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو پۆستە ئیداری و ئەمنییانە دەکاتەوە کە بە گوتەی بەرپرسانی، لە ماوەی نەبوونی ئەواندا "لەلایەن پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمانەوە" پڕکراونەتەوە. لە دیارترین ئەو پۆستانەش، پۆستی قایمقامی کەرکووک و بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووکە.
لەوبارەیەوە، کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، جەخت لەسەر پێویستیی بوونی ئیدارەیەکی هاوسەنگ دەکاتەوە لە شارەکە. ئەو بە رووداوی گوت: "پێویستە ئەم قۆناغەی داهاتوو ئیدارەیەکی هاوسەنگ و هاوڕیز لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و رێککەوتن لە شاری کەرکووک هەبێت، لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئەو پێگە راستییەی پارتی لە کەرکووک هەیەتی و ئەمەش مافێکی هەڵبژاردنە. ئێمە باوەڕمان بە ئازادی و دیموکراسی هەیە و باوەڕمان بەوە هەیە ئەو پۆستانە ئامرازێک بن بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بەتایبەتی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان."
لەلایەن خۆیەوە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، لەسەر داواکردنەوەی پۆستەکان لەلایەن پارتییەوە، دڵنیایی دەدات کە پشک و پۆستی هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە ئیدارەی شارەکەدا پارێزراوە. پارێزگاری کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "لە هەر شوێنێک پێویست بکات کە تەوازن و پێدانی ماف هەبێت بۆ هەر پێکهاتەیەک، ئێمە وەکو ئیدارە ئامادەین، جا بۆ هەر لایەنێکی سیاسی بێت، بە کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەوە. ئێمە دەمانەوێت هەمووان بەشدار بن لە حوکمڕانیکردنی ئەم شارە و تاوەکو ئێستاش بەو عەقڵیەتە کارمان کردووە."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، خاوەنی دوو ئەندامە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستە لەدەستچووەکانی چڕتر بکاتەوە.