سەگی بەرەڵڵا لەنێو کەمپی زانکۆی سلێمانی پەلاماری کچە خوێندکارێک دەدەن

56 خولەک له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خوێندکارێکی کچ لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی بەهۆی پەلاماری سەگی بەرەڵڵاوە بریندار بوو. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکەش دەڵێت، بەهۆی گەورەیی رووبەری کەمپەکە کە زیاتر لە 750 دۆنمە، نەتوانراوە دیاردەکە بە تەواوی بنبڕ بکرێت.
 
خوێندکارێکی کچ لە زانکۆی سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "رۆژی رابردوو کاتێک لە کەمپی نوێی زانکۆ لە قلیاسان دەگەڕامەوە، چەند سەگێک پەلاماریان دام. هەرچەندە رامدەکرد، ئەوان هەر بەدوامەوە بوون، بەهۆیەوە کەوتم و ئازارێکی زۆر بەر پشت و سەرم کەوت، بە ئەستەم رزگارم بوو."
 
ئەو خوێندکارە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یەکەمین جار نییە و زۆربەی کچە خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان بەردەوام لە دڵەڕاوکێدان، داواش دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان "چارەسەرێکی ریشەیی" بۆ ئەو ژمارە زۆرەی سەگ لەناو حەرەمی زانکۆدا بدۆزنەوە.
 
د. یۆهان عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، زانکۆ لیژنەیەکی پسپۆڕی لە کۆلێژی ڤێتێرنەری راسپاردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشەیە.
 
د. یۆهان عوسمان گوتی، "تاوەکو ئێستا 15 جار بە شێوازێکی زانستی و تەندروست، سەگە بەرەڵڵاکانمان لەناو کەمپەکەوە گواستووەتەوە بۆ شەڵتەرەکان، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کەمپی نوێی زانکۆ رووبەرەکەی لە 750 دۆنم زیاترە و سنوورێکی زۆر فراوانی هەیە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە روونیشیکردەوە، ئەو سنوورە فراوانە وایکردووە سەگەکان لە دەرەوەی سنووری زانکۆوە دزە بکەنە ناوەوە، بەڵام گوتیشی، لیژنە تایبەتەکانیان "بەردەوامن لە کارەکانیان" بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی سەلامەتیی خوێندکاران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە