رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی 34ـەمین ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 14 حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی "قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکان دووربخرێتەوە."
ئەو حیزبە کوردستانییانە لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026 بڵاویانکردووەتەوە، دەڵێن، "ئەمڕۆ بیرەوەریی 34 ساڵەی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە؛ ئەو دامەزراوەیەی کە یەکەمجار بوو خەڵکی کوردستان لە مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕی، سیاسی و دیموکراسیدا ببێتە خاوەنی و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و مەینەتییەکانی میللەتەکەمانە."
لە راگەیێندراوەکدا ئەو حیزبانە داوا لە ئەندامانی پەرلەمان، فراکسیۆنەکان و هێزە سیاسییەکان دەکەن "بە ئەرکی نیشتمانی و یاسایی خۆیان هەڵبستن" و پێکەوە هەوڵی جیدی بدەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەدەکەن، کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم کاتەدا پێویستە "بۆ ئەوەی قەوارەکەمان لە مەترسییەکان دوور بخەینەوە."
ئەو حیزب و لایەنانەی راگەیێندراوەکەیان واژۆ کردووە:
1- پارتی رەنجدەرانی کوردستان.
2- یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (YNDK).
3- بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان.
4- حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
5- هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی.
6- پارتی نەتەوەیی کوردستان.
7- حیزبی رزگاریی کوردستان.
8- بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان.
9- بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان.
10- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.
11- حیزبی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان.
12- پارتی پارێزگارانی کوردستان.
13- پارتی بونیادی دیموکراتی کوردستان.
14- پارتی چاکسازیی نیشتمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ