رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، تیمەکانیان چاودێریی بازاڕ چڕدەکەنەوە و رێگە بە هیچ کەسێک نادرێ بەبۆنەی جەژنەوە نرخی کاڵا و پێداویستییەکان گران بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "سزای سەرپێچیکاران دەگاتە پێنج ملیۆن دینار."
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەمان کردووە و لیژنەکانمان زیاد کردوون. لەمڕۆوە بە وردی چاودێریی بازاڕ دەکەین. بە هیچ شێوەیەک رێگە بە هیچ کەسێک نادرێ نرخی کاڵا گران بکات بە بیانووی جەژن."
لەبارەی شێوازی کارکردنی تیمەکان، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، تیمەکانیان سەردانەکانیان بۆ ئەو شوێنانە چڕدەکەنەوە کە پێداویستییەکانی جەژنی لێ دەکردرێ، بەتایبەتی مارکێتەکان و گۆشتفرۆشەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هۆشداری دایە سەرپێچیکاران و گوتی: "سزای زیادکردنی نرخ لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 5 ملیۆن دینار؛ هەروەها دەسەڵاتمان هەیە بۆ 3 بۆ 10 رۆژ شوێنی سەرپێچکار دابخەین. ئەگەر سەرپێچییەکە زۆر گەورە بێت و زیانی زۆری بە خەڵک گەیاندبێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە و دەدرێتە دادگە."
جگە لە نرخ، کواڵیتی کاڵاکانیش لەژێر چاودێری دەبن. نەوزاد شێخ کامیل گوتی، "دەبێت کواڵیتی کەلوپەلەکان باش بێت و نابێت مێژووی بەسەرچوونیان نزیک یان بەسەرچووبێت."
بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، وەزارەتی بازرگانی هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایش دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی داواشی لە هاونیشتمانییان کرد "هەر کەسێک زانی نرخی کاڵاکان بەرزبووەتەوە، با ئاگادارمان بکاتەوە."
17ـی ئایاری 2026، دادگەی باڵای سعودیە رایگەیاند، دوای ئاوابوونی خۆر لە رۆژی یەکشەممە 29ی مانگی زولقەعدە، لیژنە شەرعی و زانستییەکان لە چەندین ناوچەی جیاوازی شانشینەکە توانیویانە بە چاو مانگی نوێ ببینن و بینینەکە بە شێوەیەکی شەرعی و راست جێگیر بووە. بۆیە رۆژی چوارشەممە (27ی ئایاری 2026) یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ