سەرەتای مانگی داهاتوو هێڵێکی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر ئاو دەگەیێنێتە ژمارەیەک گەڕەک
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەرپرسانی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بۆ رووداو، 01ـی تەممووز بۆ یەکەم جار وەکو تاقیکاری، ئاوی هێڵێکی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر بەردەدرێتەوە. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، "شەو و رۆژ کاردەکەین بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا پڕۆژەکە تەواو ببێت".
ئەندازیار هێمن نەزیف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژەکانی سەرەتای مانگی 7 یەک هێڵی پڕۆژەکە بۆ دابەشکردنی ئاو دەستپێدەکات و دەگاتە ئەو گەڕەکانەی ئێستا کێشەی کەمئاوییان هەیە".
بەگوێرەی پلانی بەرپرسانی پڕۆژەکە، 01ـی تەممووز پاڵدانی ئاو لە بۆرییەکان وەکو تاقیکردنەوە دەستپێدەکات و چەند رۆژێکی دەوێت تاوەکو ئاوی خاوێن بگاتە هەموو ئەو ماڵانەی دەکەونە سەر هێڵەکە. هێمن نەزیف گوتی: "شەو و رۆژ کاردەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات پڕۆژەکە تەواو ببێت".
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت "ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە دەگاتە گەڕەکەکانی هەشتی حەسارۆک، بنەسڵاوە، دارەتوو، قەتەوی، باغولمنارە و ژیان. بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێدەگات".
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە، لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت. هێمن نەزیف گوتی: "بڕیارە کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەکە بەگشتی تەواو ببێت".
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێت. هێمن نەزیف گوتی: "هێڵی یەکەم لە شەقامی 150 لە نزیک گەزنەوە دەستپێدەکات تاوەکو رێگەی کەسنەزان. هێڵەکانی دوو، سێ و چوار بۆ نێو شارە، نێو شەقامی 120 مەتری و دەرەوەی شەقامەکەش".
بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. بۆ بنبڕکردنی کێشەکە، 08-09-2024، مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان بهردى بناخهى پڕۆژهى فرياگوزاریی خێراى ئاوى ههولێری دانا.
ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، زۆرینەی بیرەکان دابخرێن.