دیندار زێباری: لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر ناکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرابێت و دەڵێت، "حکومەت رێز لە ئازادیی رۆژنامەگەری دەگرێت".
 
رۆژی چوارشەممە، 19-7-2023، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەریمی کوردستان وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیای لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دایەوە کە بەلای وەزارەتەکەوە دۆخەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا "مایەی نیگەرانی بووە."
 
دیندار زێباری لەبارەی راپۆرتەکەوە کە لە رۆژی 13ـی ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، "نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان (OCIA) لە رێگەی تۆڕە حکومییەکانییەوە شیکاری بۆ تێبینییە تایبەتەکان دەکات کە ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن ئەمەش بەو پێیەی ئەو تێبینییانە پێویستیان بە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی وردە." 
 
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هاتبوو، "لە هەرێمی کوردستانی عێراق، رۆژنامەڤانان بێ فەرمانی دادگە دەستگیر و دەستبەسەرکران، لە نێویاندا، پێش خۆپێشاندانێکی پلان بۆ دانراو لە مانگی ئابدا."
 
دیندار زێباری لە وەڵامی راپۆرتەکەی حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ دەستگیرکردنێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ فەرمانی دادوەر جێبەجێ نەکراوە، ئەمەش پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە رێکارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانەوە نیشاندەدات، جگە لەوەش حکومەت رێوشوێنی یەکلاکەرەوەی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی مافی ناڕەزایەتیی ئاشتییانە و هاوکات رێز لە ئازادیی رۆژنامەگەری دەگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان دوور لە هەر پێشێلکارییەکی یاسایی."
 
هاوکات راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، "مەودای رۆژنامەڤانیی سەربەخۆ و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ بە سنوورداری مایەوە. ئازادیی رادەربڕین بە بەکارهێنانی تۆقاندن و لێپێچینەوە، لە نێویشیاندا لەسەر چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئازادیی رادەربڕین بەرتەسککرا."
 
سەبارەت بە مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، زێباری دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان یاسای دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی ژمارە 11ـی ساڵی  2013ـی پەسەندکردووە و "لە هەمان کاتدا رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن بەردەوام مافی ئەوەیان هەیە داوای زانیاری بکەن و دەستیان پێ بگات."
 
بەپێی راپۆرتە بەریتانییەکە، "لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش نەبوونی رێز بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بۆ پاراستنی رێوشوێنە یاساییەکان، بەردەوام بووە"، بەڵام زێباری دەڵێت، "هەرێمی کوردستان سیستمێکی دادوەریی ئازاد و سەربەخۆی هەیە و هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە خستووەتەڕوو. لە هەرێمی کوردستان لایەنی دادوەری سەرپەرشتی ئەو رێکارانە دەکات کە کار بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکان و دادگاییکردنیان دەکەن."
 
لەبارەی مافەکانی ژنانەوە، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک تاوانێک مامەڵە لەگەڵ کوشتنی شەرەف دەکات."
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رەخنە لە دادگەکانی عێراق دەگرێت لەسەر ئەوەی کە لە ساڵی 2022، بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، بەڵام لە ساڵی 2016ـەوە هیچ سزایێکی لەو جۆرە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هاوکات باس لەوە دەکات، ئەوان لەگەڵ حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا کاریان کردووە بۆ ئەوەی "گوشار بکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی و دابینکردنی پارە بۆ یاسای رزگاربووانی ئێزدی،" کە ئامانج لێی قەرەبووکردنەوەی کچان و ژنانی کوردانی ئێزدییە کە لە دەستی داعش رزگاریان بووە.