رووداو- هەولێر
لەگەڕەكی رزگاری شاری هەولێر پیاوێك ژن و منداڵە 6 ساڵانەكەی خۆی كوشت، لەگەڵ خۆڕادەستكردنیشی بە پۆلیس هۆكارەكەی بۆ "كێشەی كۆمەڵایەتی" گەڕاندەوە.
(گ.خ) رۆژی 18-8-2013 ژنەكەی بەناوی هێرۆ محەمەد وەیسی و كوڕە تەمەن 6 ساڵەكەی بەناوی محەمەد گ خ بە كلاشینكۆف كوشت، بۆ رووداو هۆكاری ئەنجامدانی تاوانەكەی دەگێرێتەوە.
هەرچەندە لە كاتی گێڕانەوەی رووداوەكە(گ.خ) لە حاڵەتی دەروونی ناجێگیر بوو، بەڵام بەردەوام بوو لە قسەكانی و هۆكارەكەی بۆ كێشەی كۆمەڵایەتی گەڕاندەوە.
یەكێك لە گوتەكانی (گ.خ) بریتی بوو لەوەی كە كوڕە تەمەن 6 ساڵەكەی بە رووخسار لە خۆی نەدەچوو، بەڵام وەك زانرا (گ.خ) بۆ چەند جارێك گوتەكانی خۆی گۆڕیبوو.
ئەو لە گێرانەوەی رووداوەكە بەردەوامبوو، دەیگوت " خەڵك تەلەفۆنیان بۆ كردووم، پێیان گوتووم كە منداڵەكەت لە خۆت ناچێت".
ئەو رووداوەكەی واگێڕایەوە" پێش رووداوەكە لەماڵی خەزووری داوەت بوون خۆی و هاوسەرو منداڵەكانی و نانی نیوەرۆیان لەماڵی خەزووریان خواردووە، دواتر گەڕاونەتەوەو لە نێو ماڵەكەی خۆیاندا ژنەكەی و منداڵە 6 ساڵانەكەی كووشتوە، دواتر خۆی را دەستی هێزەكانی پۆلیس كردووە".
موقەدەم عزەدین نەجمەدین، ئەفسەری نووسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی كوشتن لە پارێزگای هەولێر بۆ رووداو ئاماژەی بەوەدا" تاوانبار دانی بە تاوانەكەی ناوەو لەلایەن دادوەرەوە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراوە".
لەبارەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەش موقەدەم عزەدین گوتی"ئێستا خەریكی لێكۆڵینەوەی زیاترین بۆ ئەوەی راستی رووداوەكەو هەرەوەها باری دەروونی تاوانبار بزانین ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ