خورشید هەرکی بۆ رووداو: چاوەڕێی بڕیاری حکومەتین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەمان

19-08-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خورشید هەرکی، کەسایەتیی ناسراوی هۆزی هەرکی دەڵێت، چاوەڕێی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەکەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەریان لەگەڵ هۆزی گۆران. کەسایەتییەکیش لە هۆزی گۆران دەڵێت، "هیچ کێشەیەکی نوێ سەرهەڵنەداتەوە."
 
خورشید هەرکی، کەسایەتیی ناسراوی هۆزی هەرکی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەریان لەگەڵ هۆزی گۆران، چاوەڕێی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
 
خورشید هەرکی باسی لەوە کرد، هەوڵێک هەیە بۆئەوەی ئاشتبوونەوەیەکی تەواو هەبێت.
 
رووداو زانیویەتی، هەوڵەکە بەو جۆرەیە، هەردوو لایەنی ناکۆک لە شوێنێک کۆببنەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکەی نێوانیان و ئاشتبوونەوە.
 
خورشید هەرکی هەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەکە رەتناکاتەوە، بەڵام پێی باشترە ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی هۆزی گۆران "بێن و سەردانی ئەو خێزانە بکەن کە کوڕەکەیان لە گرژییەکانی چەند هەفتەیەک لەمەوبەردا کوژرا."
 
کێشەی نێوان بەشێک لە هۆزی هەرکی و هۆزی گۆران لەسەر پارچە زەوییەک دروستبوو.
 
لەبارەی چارەسەری کێشەکە، خورشید هەرکی گوتی، "بڕیارە حکومەت کێشەکە یەکلایی بکاتەوە و ئێمەش چاوەڕێین. بەڵگەکان دەیسەلمێنن ئێمە خاوەن مافین، بەڵام ئەوان دەیانەوێت لە رێگەی کۆمەڵایەتییەوە کێشەکە چارەسەر بکەن."
 
لەبارەی هەمان بابەت، بەرپرسێک لە هۆزی گۆران بە رووداوی گوت، "بابەتەکە لای ئێمە داخراوە و هیچ کێشەیەکی نوێ سەری هەڵنەداوەتەوە. پابەندی بڕیارەکانی حکومەتین. ئەوان کار لەسەر بابەتەکە دەکەن و هەر بڕیارێک بدەن، پێیەوە پابەند دەبین."
 
ئێوارەی رۆژی 08-07-2025 لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی خورشید هەرکی روویدا. 5 رۆژ پێشتر گرژی لەنێوان بەشێک لە هۆزی هەرکی کە کەسانی نزیک لە خورشید هەرکی بوون، لەگەڵ هۆزی گۆران دروستبوو.
 
لە ئەنجامی شەڕەکەی 8ی مانگی تەممووزدا دوو کەس کوژران؛ یەکێکیان کارمەندێکی زێرەڤانی بوو و ئەوی دیکەیان هاووڵاتییەکی سەر بە هۆزی هەرکی و دانیشتووی خەبات بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.