کوردستان
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەو دوو نووسراوەی کە لە پەیجەکەی لە فەیسبووک بڵاویکردوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە "کارەساتێک" لە کەرکووک دەدات و دەڵێت، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی، ژمارەیەک قەزا و ناحیەی کوردنشین و تورکماننشین لەڕووی کارگێڕیی کارەباوە دەخرێنە سەر قەزای حەویجە؛ دەشڵێت، "فێڵ لە پارێزگار کراوە."
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک "پیلانێک"ی ئاشکرا کردووە و بە "کارەسات" ناوی دەبات.
ئەم نووسراوەی شاخەوان عەبدوڵڵا دوای دەرچوونی نووسراوێکی فەرمیی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی کارەبای باکوور دێت، کە تێیدا رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی لقی دابەشکردنی کارەبای "حەویجە و دەوروبەری کەرکووک" دراوە.
بەگوێرەی نووسراوەکە کە رۆژی 25ی حوزەیرانی 2025 دەرچووە، لقە نوێیەکە قەزاکانی حەویجە، داقووق و دووبز، لەگەڵ ناحیەکانی شوان، سەرگەڕان، پردێ، لەیلان، یایچی، تازە، زاب، عەباسی، ریاز، رەشاد و مولتەقا دەگرێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەنووسێت، "بەپێی ئەم نووسراوە بێت، شوان و لەیلان و سەرگەڕان و یایچی و تازە و پردێ و داقووق و دوبز خراونەتە سەر حەویجە؛" هەروەها وەکو نموونەیەک بۆ مەترسیی بڕیارەکە دەڵێت: "ئیدی خانەوادەیەکی شەهیدی شوان و لەیلان و دوبز و پردێ و ئەو ناوچانە، ئەگەر پێویستیان بە ستوونێکی کارەبا بێت، دەبێت بچن داوا لە حەویجە بکەن."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە کە پەیوەندیی بە وەزیری کارەباوە کردووە و "ئەو سەرەتا ئاگاداری بابەتەکە نەبووە، بەڵام دواتر پێی راگەیاندووە کە داواکارییەکە لەلایەن پارێزگای کەرکووکەوە بووە."
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "وەزیر تووشی شۆکی کردم و گوتی، دکتۆر خۆتان داواتان کردووە. نووسراوێکی بۆ ناردم، بەڕاستی پێم سەیر بوو، بینیم نووسراوێکی پارێزگا بە واژۆی کاک رێبوار [پارێزگاری کەرکووک] ئاراستەی سەرۆکوەزیران کراوە... لەوەشدا فێڵێکیان لە پارێزگار کردووە، نووسراویان بۆ حەویجە پێکردووە، کەچی ئەو شوێنانەیان بە پیلانی وەزیرێک خستووەتە سەری."
لە کۆتایی پۆستەکەیدا شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاندووە کە داوای لە وەزیری کارەبا کردووە نووسراوەکە هەڵبوەشێنێتەوە و ئەویش رەزامەندی داوە، بەڵام مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت پارێزگار نووسراوێکی فەرمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە ئاراستە بکات.
شاخەوان عەبدوڵڵا رووی قسەکانی ئاراستەی پارێزگاری کەرکووک دەکات و دەڵێت: "کاک رێبوار، تاوەکو ئەو ناوچانەش تووشی چارەنووسی قایمقامییەتەکانی دوبز و داقووق و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ نەبوون، نووسراوێک ئامادە بکە و ئەوی دیکەی لەسەر من، چونکە نە مێژوو و نە خەڵکی ئەو ناوچانە رەحم ناکەن."
.jpg)
.
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ