داعش: مەلا شوان کوژراوە

19-09-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن مەلا شوان
A+ A-

رووداو- هەولێر

گرووپی داعش دوای بێدەنگییەکی زۆر، دانینا بە کوشتنی مەلا شوان کوردی، کە بۆ ماوەی ساڵێک بوو لەنێو داعش بوو و لە ناحیەی دارەتووەوە لەگەڵ هاوژین و منداڵەكانی پەیوەندی بەو گرووپەوە كردبوو.


مەلا شوان زۆرجار وێنە و ڤیدیۆی بڵاودەکردەوە و گاڵتەی بە پێشمەرگە دەکرد و دیگووت " بەمزووانە کوردستان فەتح” دەکەین، لە ڤیدیۆیەکی دیکەشیدا سەری چەکدارێکی حەشدی شەعبی بڕی.

مەلا شوان کە لەنێو داعش ناوی خۆی بۆ ئەبو هارونی کوردی گۆڕیبوو، لە مانگی 11ی 2014  بە خێزانەکەیەوە چووە موسڵ و پەیوەندی بە داعشەوە كرد، لە نزیک کەرکووکیش لە ریزەکانی داعشدا شەڕی دەکرد.

داعش وێنەی مەلا شوانی لە ماڵپەڕەکانی خۆی بڵاوكردووەتەوە و بە فەرمی کوشتنی لە یەکێک لە هێرشەکانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە نزیک کەرکووک پشتڕاستكردووەتەوە.

رۆژی 28/7/2015، سەرچاوەیەك لە ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند كە " لە پرۆسەیەکی نهێنیدا لەگەڵ هێزه هاوپەیمانەکان، توانییان شوێنی مەلا شوان دیاریبکەن کە چەند رۆژێک چاودێری تەواوی ماڵەکەیان کردووە لە حەویجە، دوای چوونەدەرەوەشی لە ماڵەکەیدا، لەژێر چاودێرییەکی تووند لە شوێنێکی چۆڵ، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیكەی پڕ لە چه‌كداری داعش، بۆردوومانكراون و بەهۆیەوە مەلا شوان كوژراوە".

مەلا شوان لە مزگەوتی مام جەعفەر لە شارۆچكەی دارەتوو، لە نزیك هەولێر پێشنوێژ و وتارخوێن بوو، مانگی 11/2014 چووە ریزی چەكدارانی داعش.

شوان لەساڵی 2006 ژنی هێناوە. باوكی دوو كچ بوو بە ناوەكانی (هانا و هالە)، دوو خوشك و دوو برای هەیە و دایك و باوكی لە هەولێر دادەنیشن. باوكی مەلا خاوەن پێداویستی تایبەتە. مەلا شوان سەر بە یەكێك لە عەشیرەتە دیارەكانی كوردستانە و لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی زێبارۆكی سەر بە قەزای شەقڵاوەیە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە