منداڵێک لە سنە لەدایکبوو کە کێشی زیاتر لە 5.5 کیلۆگرامە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، منداڵێک لەدایکبوو کە کێشی زیاتر لە 5.5 کیلۆگرامە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بێعسەتی شارەکە دەڵێت، "منداڵەکە لەژێر چاودێریی چڕدایە."
 
عەتائوڵڵا حەیدەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە رایگەیاند، رۆژی هەینی منداڵێک لەو نەخۆشخانەیە لەدایکبووە کە کێشی زیاترە لە 5.5 کیلۆگرام کە رووداوێکی دەگمەنە.
 
عەتائوڵڵا حەیدەری گوتی، منداڵەکە پێنجەم منداڵی دایکێکی تەمەن 37 ساڵانە و ئێستا لەژێر چاودێریی چڕدایە.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە گوتیشی، هەر دوێنێ منداڵێکی دیکە لەدایکبووە کە کێشی تەنیا 1.6 کیلۆگرام بووە.
 
بە گوتەی حەیدەری، بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستییەکەی، ئەو منداڵەش لە نەخۆشخانە هێڵدراوەتەوە و پشکنینی بۆ دەکرێت.
 
 بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کێشی منداڵی تازەلەدایکبوو دەبێ نزیکەی 3.250 کیلۆگرام بێت و ئەگەر لە بازنەی (2.5-4) کیلۆگرام دەرچوو، تەندروستییەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە و پێویستە پشکنینی وردی بۆ بکرێت.