رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 38 حیزبی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەوانەی مۆڵەتیان هەیە، دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن. دەشڵێت، "ئەگەری هەیە ژمارەکە زیاتر بێت، بەتایبەت لەدوای راگەیاندنی کردنەوەی وادەی تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردن."
رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "38 پارتی سیاسی بۆیان هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەو حیزبانە بەشێکیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان هەیە و بەشێکی دیکەشیان بەپێی یاسای حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان لەلایەن فەرمانگەی پارتە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کراون."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، "لەو 38 حیزبە 17 حیزبیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، هەروەها 21 حیزبیشیان بەپێی یاسای حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی عێراق ژمارە 36ی ساڵی 2015 تۆمار کراون."
جومانە غەلای پێشبینیی کرد ئەو ژمارەیە زیاتر ببێت، بەتایبەتی لەدوای کردنەوەی دەرگای تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
بڕیارە رۆژی 25ی شوباتی ساڵی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدڕاڵیش بۆ یەکلاییکرنەوە و بڕیاردان لە سكاڵایەکی تایبەت بە پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
رۆژی 30ی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەنادەستووری دانا و رایگەیاند؛ بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتا دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکیی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ