سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی: پێنج کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگامان لە کەرکووک مسۆگەر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی دەڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان ئاهەنگی سەرکەوتن لە کەرکووک دەگێڕن و ئاماژە بەوەش دەکات کە "تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنج کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسی ئەنجوومەنی پارێزگایان مسۆگەر کردووە".
رۆژی سێشەممە، 19ـی کانوونی یەکەم، رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "زۆر قەوارە و لایەن هەبوون پێیان وابوو کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەنگێکی ئەوتۆ ناهێنێت، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەریخست کە لایەنە کوردستانییەکان زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە".
رزگار حاجی حەمە گوتی، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوەکو ئێستا لە کەرکووک لە پێشەوەی سەرجەم لیستەکانە و سەروو 140 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە؛ دوای لیستی یەکێتیش لیستەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی و بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دێن".
لەبارەی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتییەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی گوتی، "بەپێی ئەو ئەنجامانەی تاوەکو ئێستا لای خۆمان تۆمارمان کردوون، یەکێتی پێنج کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی مسۆگەر کردووە و ئەگەر هەیە ببین بە خاوەنی شەش کورسی".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەشڵێت، "لە نەینەوا دەنگی یەکێتی گەیشتووەتە ئەو رادەیەی دوو کورسی ئەنجوومەنی پارێزگا مسۆگەر بکەین و لە خورماتوو و خانەقینیش بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی دەستمان کەوتووە، تاوەکو ئێستا دەنگەکانمان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کورسی بەدەست بهێنین".