فڕۆکەخانەی وان لە باکووری کوردستان دادەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی وان لە باکووری کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ دادەخرێت، ئەوەش بەهۆی نۆژەنکردنەوەی فڕگەی سەرەکییەوە.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی شوباتدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی فڕگەی سەرەکیی فڕۆکەخانەی وان لە باکووری کوردستان بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ماوەی سێ مانگ دادەخرێت.
جەودەت ئۆزگۆکچە، سەرۆکی بەشی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (باکووری کوردستان)ی کۆمەڵەی گەشتوگوزاری تورکیا رایگەیاند، بڕیاربوو پار دەست بە نۆژەنکردنەوەی فڕگەی سەرەکیی فڕۆکەخانەکە بکرێت، بەڵام لە بودجەی گشتیی ساڵی دارایی 2023دا هیچ پارەیەک بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەکرا.
جەودەت ئۆزگۆکچە دەڵێت، کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت تەندەری نۆژەنکردنەوەی فڕگەکەی بۆ دەرچووە و پێویستە لە ماوەی سێ مانگدا کارەکە تەواو بکات.
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی گەشتوگوزاری تورکیا گوتی، پڕۆژەکە لە کاتێکی خراپدایە، بەهۆی ئەوەی لەم ماوەیەدا گەشتیاری زۆر روو لە وان دەکەن.
نۆژەنکردنەوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 22ی تەممووزی 2023، نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی، کۆمەڵە گەشتوگوزارییەکان، سەندیکای کارمەندانی گەشتوگوزاری، کۆمەڵەی هۆتێل و میوانخانەکان، بارۆی وان، کۆمەڵەی سەندیکای پیشەگەران و کاسبکاران، بەشێکی رۆژنامەڤانان و ژمارەیەک لە چالاکڤانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پارێزگای وان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
ناڕەزایەتیی ئەوان لە بەرامبەر کەمی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فرۆکەخانەی وان بوو کە تەنیا گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئەنتاڵیا و ئادانا هەیە. خۆپێشاندەران، حکومەت و وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیایان بەوە تۆمەتبار کرد کە پارێزگای وانیان فەرامۆش کردووە، ئەوەش بەهۆی زیادنەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی دیکە.
هەمان رۆژ نەجدەت تەکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەری ئەو کات دژی وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەگەر خزمەتی فڕۆکەخانەی ناکەن، دایبخەن. کوولەکە لە زەوییەکە دەچێنین".
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکانی تورکیا، پار 1 ملیۆن و 548 هەزار و 327 کەس لە رێگەی 17668 فڕۆکەوە لە فڕۆکەخانەی وانەوە بۆ شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەشتیان کردووە؛ هاوکات 14 هەزار و 665 تۆن کەلوپەل لەو فڕۆکەخانەیەوە بە فڕۆکەی کارگۆ گوێزراوەتەوە.
فڕۆکەخانەی وان لە ساڵی 1943 لەسەر رووبەری 1660 مەتر دووجا دروستکرا، ساڵی 2011 کرایە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی.