رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندی رێککەوتنەکەی لەگەڵ دیمەشق نەبووە، بۆیە بەرپرسیارێتیی رووداوەکان لەئەستۆی ئەو هێزەدایە.
لە پۆستێکیدا لە فەیسبووک د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەشڵێت، پێشتر "بە هێزەوە پشتیوانیم لە بڕیارەکانی ئەحمەد شەرع کردووە، خوا بیپارێزێت."
ئەم قسانەی د. عەلی قەرەداخی لە وەڵامی ئەو کەسانەدایە، کە باسیان لەوە کردبوو، زانا کوردەکە نەتەوەپەرستیی کردووە و بەرگریی لە هەسەدە کردووە.
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان نووسیویەتی، "یەکێک لە نووسەرەکان، بێ هیچ بەڵگەیەک، منی تۆمەتبار کردووە بەوەی پشتیوانیم لە گرووپێکی عەلمانیی پەڕگیر کردووە."
بەڵام دەڵێت، نەتەوەپەرست نییە، بەڵکو تەنیا کار بۆ "یەکێتیی هەموو موسڵمانان" دەکات.
د. عەلی قەرەداخی لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "تاکە شت کە کردوومە، ئەوە بووە کە داوای ئاشتەوایی، جێبەجێکردنی رێککەوتن و وەستاندنی خوێنڕشتنم کردووە. بەو پێیەی هەسەدە پابەند نەبووە، بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی ئەودایە." دەشڵێت، "هەروەها چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تویتێکدا، بە هێزەوە پشتیوانیم لە بڕیارەکانی ئەحمەد شەرع کردووە، خوا بیپارێزێت."
بابەتەکە چییە؟
ماوەیەک لەمەوبەر، زانایەکی تورک بەناوی محەمەد گۆرمەز لە یەکێتیی زانایان دەستی لەکارکێشایەوە. دوای ئەوە، دەنگۆیەک بڵاوبووەوە، گوایە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی ئەوە بووە د. عەلی قەرەداخی پشتیوانیی لە "گرووپێکی کوردیی عەلمانی" کردووە لە سووریا، کە مەبەست هەسەدەیە و لەم چەند هەفتەیەدا کەوتووەتە بەر هێرشی فراوانی سوپای عەرەبیی سووریا.
بەڵام د. عەلی قەرەداخی دەڵێت، ئەم قسەیە "بوختانێکی گەورە" و "درۆیەکی زەقە." هۆکاری راستەقینەی رۆیشتنی زانا تورکەکە ئەوە بووە کە پۆستێکی گەورەی لە زانکۆیەکدا وەرگرتووە.
قەرەداخی چۆن وەڵام دەداتەوە؟
د. عەلی قەرەداخی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت:
• "من نەتەوەپەرست نیم و هەرگیز ناتوانم بەرگری لە شتی هەڵە، حیزبی عەلمانی، زیانگەیاندن بە ئوممەتی ئیسلامی، یان جیابوونە لە هیچ وڵاتێک بکەم."
• جەخت دەکاتەوە کە ئەو کار بۆ "یەکگرتوویی هەموو موسڵمانان" دەکات.
• باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت، "من لە منداڵییەوە قورئانم لەبەرکردووە و لە خێزانێکی دینداردا گەورە بووم و هیچ کاتێک باوەڕم بە بیرۆکەی نەتەوەپەرستی، عەلمانی، یان نەژادپەرستی نەبووە."
د. عەلی قەرەداخی جەخت دەکاتەوە، لایەنگریی هیچ هێزێکی سەربازی یان سیاسیی دیاریکراو ناکات، بەڵام پێشتر، وەک وەڵامێک بۆ ئەوانەی دەڵێن پشتیوانی لە گەلی کورد ناکات، ئاماژەی بەوە کردبوو کە خزمەتی بە کوردانی سووریا کردووە.
لە راگەیێندراوێکی 15ی ئەم مانگەدا، زانا کوردەکە نووسیویەتی، "ئەو زانکۆیەی کە دامانمەزراندووە [زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق] سەتان خوێندکاری کوردی سووریای بۆ خوێندن وەرگرتووە بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر، ئەم پڕۆژەیە تائێستاش بەردەوامە.
کێشەکە لە کوێوە دەستیپێکرد؟
دوای ئەوەی کە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا فەرمانێکی دەرکرد بۆ داننان بە بەشێک لە مافەکانی کورد، د. عەلی قەرەداخی دەستخۆشیی لێ کرد و بە "هەنگاوێکی پیرۆز" ناوی برد.
پێشتریش د. عەلی قەرەداخی داوای وەستاندنی شەڕی نێوان حکومەتی راگوزەر و هەسەدەی کرد و هیوای خواست گفتوگۆ بکرێت. زانا کوردەکە پێیوایە پێویستە کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان ببنە بەشێک لە سووریایەکی یەکگرتوو، نەک جیاببنەوە.
هەندێک کەس قسەکانیان وا لێکداوەتەوە کە قەرەداخی پشتیوانیی هەسەدەی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ