گرژی لە سنووری باکوور و رۆژئاوای کوردستان دروستبوو؛ پۆلیسی تورکیا رووبەڕووی هاونیشتمانییان بووەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیسی تورکیا و هاونیشتمانییان دروستبوو.
گرژییەکە لە سنووری شاری نوسێبین لە پارێزگای مێردین سەریهەڵدا، کە دەکەوێتە بەرامبەر شاری قامشلۆی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان.
خۆپێشاندانەکە لەلایەن پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ەوە رێکخرابوو، کە زۆرینەی بەرپرس و ئەندامەکانی کوردن.
زیاتر لە 1000 هاونیشتمانی لە نوسێبینەوە بەرەو سنوور رۆیشتن و هێزەکانی پۆلیس رێگەیان لێگرتن لە سنوور بپەڕنەوە. پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، هێزەکانی حکومەتی سووریا هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە بۆسەر شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان.
ئەو هەنگاوەی سوپای سووریا ناڕەزایەتی و تووڕەیی لەنێو کوردی هەر چوار پارچە و دیاسپۆرادا دروستکردووە.