پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە نەورۆزی ئامەد دەخوێندرێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
فەردی ساک
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوەتە ئامەد و رۆژی شەممەش لە ئاهەنگی نەورۆزدا پەیامی نێچیرڤان بارزانی دەخوێنێتەوە.
 
ئاهەنگی نەورۆزی ئەم ساڵی ئامەد، رۆژی شەممە 21ی ئاداری 2026 بە درووشمی (نەورۆزی ئازادی و دیموکراسی) لە پارکی نەورۆز لە ئامەد بەڕێوەدەچێت.
 
بۆ نەورۆزی ئەم ساڵ چەندین میوان لە دەرەوە بانگهێشت کراون، لە نێویاندا شاند لە هەرێمی کوردستان، عێراق، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سوێد، هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا، میسر و هیندستان. 
 
شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە شاری ئامەدە. دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە نەورۆزی ئامەددا دەکات، ئێوارەی رۆژی هەینی لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە میوانانی نەورۆز، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە گرنگیی نەورۆزی ئەم ساڵ کرد.
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد کە پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێتە خەڵکی ئامەد و باکووری کوردستان و گوتی، "نەورۆزی ئامەد رووداوێکی زۆر گرنگە و لە دڵی هەر کوردێکدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی نەتەوەییە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ گەلانی ناوچەکەش خاڵێکی هاوبەشی پێکەوەژیانە."
 
سەبارەت بە پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی بانگهێشت کرابوو، بەڵام بەهۆی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو راسپێردراوە تاوەکو پەیامەکە بگەیێنێت. دلشاد شەهاب گوتی، "بەیانی ئینشاڵڵا، لە ئاهەنگی نەورۆزدا پەیامی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەخوێنینەوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: یەکێک لە ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهابە کە بە نوێنەرایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێرەیە. بەخێر بێیت و سەرچاوان.
 
دڵشاد شەهاب: زۆر سوپاس. نەورۆزتان پیرۆز بێت.
 
رووداو: نەورۆزی تۆش پیرۆز بێت. ئەمە دوو ساڵە لەسەریەک دێیتە ئامەد و بەشداری لە نەورۆز و ئاهەنگەکاندا دەکەیت. خۆشەویستیت بۆ ئامەد چۆنە؟
 
دڵشاد شەهاب: ئامادەبوونی ئێمە بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێزدار نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ گەیاندنی پیرۆزباییەکانی جەنابیان بۆ خوشک و برایانمان لە ئامەد. نەورۆزی ئامەد رووداوێکی گرنگە و شوێنی خۆی لە دڵی هەر کوردێکدا کردووەتەوە. لەبەر ئەوەش لە دڵەوە پیرۆزبایی لە گەلەکەمان لە هەر شوێنێک بێت، دەکەین. پیرۆزبایی لە گەلانی ئەم ناوچەیە دەکەین، ئەوانەی نەورۆز پیرۆز دەکەن. نەورۆز لای ئێمە جەژنێکی نەتەوەییە و لای میللەتانی ئەم ناوچەیەش یەکێکە لە خاڵە هاوبەشەکان. نەورۆزی ئەم ساڵ جیاوازییەکی گەورەی هەیە، ئەو رووداوانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدەن، زیاتر بڕوای ئێمە بەهێز دەکەن کە ئاشتی، پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن تاکە گەرەنتییە بۆ ژیانێکی ئاشتییانە و داهاتوویەکی باش بۆ نەوەکانی میللەتەکەمان و میللەتانی نیشتەجێی ناوچەکە. لەبەر ئەوەش هاتین جارێکی دیکە لەسەر ناوی هەرێمی کوردستان بڵێین خوشک و برایانمان جەژنتان پیرۆز بێت. نەورۆز لە هەر شوێنێک بێت بۆ ئێمە واتایەکی گەورەی هەیە.
 
رووداو: بەیانی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی هەیە کە تۆ لە نەورۆزدا بیخوێنیتەوە؟
 
دڵشاد شەهاب: بەڵێ هەیە. بە سوپاسەوە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرابوو بۆ ئەوەی بەشداری لە نەورۆزدا بکات، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق و بە جۆرێک لە هەرێمی کوردستانیش هەیە، ئێمەی راسپارد کە لەسەر ناوی جەنابیان پەیامەکەیان بگەیێنین و ئینشاڵڵا بەیانی لە ئاهەنگی نەورۆزدا پەیامەکەیان دەگەیێنین.
 
رووداو: تۆ ئەمشەو لە ئامەدی. با هەندێک شت بپرسم؛ حەزت لە خواردنەکانی ئامەد هەیە و زۆرتر حەزت لە کامەیە؟
 
دڵشاد شەهاب: ئەگەر بڵێم، خۆشیی نەورۆزی ئامەد هەموو شتێک لەبیری مرۆڤ دەباتەوە، خواردن و خەویش لەبیر دەباتەوە. بۆیە ئەو خۆشییەی ئەمڕۆ لە هەر شتێک خۆشترە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە