نهێنی دوایین قسەکانی سەید رەزا دێرسیمی بۆ ئەتاتورک ئاشکرادەبێت

20-04-2015
فەرهاد چۆمانی
نیشانەکردن دێرسیم
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆژنامەیەکی تورکی باس لە نهێنی کۆبوونەوەیەکی مستەفا کەمال ئەتاتورک و سەید رەزای دێرسیمی دەکات و دوایین ئەو قسانە ئاشکرادەکات کە سەید رەزا بە ئەتاتورکی گوتوون.

رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بە پشتبەستن بە تۆمارێکی دەزگای هەواڵگری تورکی، کە ئەو کاتە ناوی "خزمەتە میللییەکانی کرێگرتەیی MAH " بووە، باس لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان سەید رەزای دێرسیمی، رێبەری جووڵانەوەی کوردانی دێرسیم و مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا دەکات بەر لەوەی سەید رەزا لەسێدارە بدرێت.

یەنی شەفەق نووسیویەتی، کە ئەمە یەکەمجارە بەڵگەی لەمشێوەیە ئاشکرادەکرێت و ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەتاتورک بەرلەوەی سەید رەزا لەسێدارە بدرێت بەنهێنی لەگەڵ سەید رەزا کۆبووەتەوە و داوایلێکردووە (ئەگەر داوای لێخۆشبوون بکەی لەسێدارەت نادەین) لەبەرامبەردا سەید رەزا گوتوویەتی (شتێکی وام نەکردووە کە پێویست بکات داوای لێبوردن بکەم)".

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە یەکێک لە سیخوڕەکانەوە نێرداوەتەوە ناوەندی دەزگای هەواڵگری تورکیا هاتووە: "لەشەوی 15ی تشرینی دووەم ئەتاتورک، بەر لەوەی لەسێدارەی بدەن لەگەڵ (سەرۆکی رێگرەکان) کۆبووەوە".

بەڵگەنامەکە بۆ سەرۆکایەتی MAH نێردراوە و مۆری -تایبەت-ی بەسەرەوەیە، باس لەوە کراوە کە سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەید رەزا یەکدی دەبینن بەر لەوەی سەید رەزا لەسێدارە بدرێ و داواکراوە کە دەبێ ئەو دیدارە زۆر نهێنی بێت، هەروەها باس لەوە کراوە کە دەبێ چەند کەسێک لەنێو ئەو شەمەندەفەرە تایبەتەدابن کە ئەتاتورک دەگەیەنێتە لای سەید رەزا.

یەنی شەفەق ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەید رەزا لە دوایین قسەکانیدا گوتوویەتی: "دڵنیابوومەتەوە ئێمەی دێرسیمییەکان هەرچی بکەین ئێوە ناوەستێنێ، لەسەرەتاوە پیلانتان ئەوە بووە کە دێرسیم لەنێو ببەن، ئەگەرچی درەنگیشە بەڵام لەوە تێگەیشتم. لە هیچ شتێک کە کردوومە پەشیمان نیم، لێبوردنیش ناخوازم، ئەمەش دوایین قسەکانی منە و هیچ شتێکی دیکەش ناڵێم".

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، کەلە 12 ی تشرینی دووەمی 1937 مستەفا کەمال ئەتاتورک بە شەمەندەفەرە تایبەتەکەی (گەشتی رۆژهەڵات) واتە بەرەو باکووری کوردستان رێکدەخات، کە ئامانج لێی بینینی سەید رەزای دێرسیمییە. ئەتاتورک لە ئەنقەرەوە بەڕێکەوتووە، لە 14ی تشرینی دووەم گەیشتووەتە ئێلەزیز لە باکووری کوردستان و لە وێستگەی شەمەندەفەری ئێلەزیز چاوی بە سەید رەزا کەوتووە.

سەید رەزای دێرسیمی لە مانگی ئابی 1937 لە شەڕێکدا کوڕێک و ژنەکەی و سێ نەوەی لەدەستدا، خۆیشی دوای ئەوەی توانی لە گەمارۆی سوپای تورکیا دەربچێت، لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنانەی کە پێیاندابوو، لە 10 ی ئەیلوولی 1937 لە ئێرزینجان دەچێتە قەرەقۆلیک و خۆی رادەست دەکات، لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەم دادگاییکردنی سەید رەزا و حوسێنی کوڕی و دێرسیمییە دەستگیرکراوەکانی دیکە دەستیپێکرد، لە تشرینی دووەمی 1937 دادگایی ئێلەزیز بڕیاریدا کە سەید رەزا و کوڕەکەی و 5 کەسی دیکە لەسێدارەبدرێن، 14 کەسی دیکەش سزای دیکەیان بەسەردا سەپێنرا.

ئەوکات سەیدرەزا تەمەنی 75 ساڵ بووە، بۆ ئەوەی یاسای لەسێدارەدان بیگرێتەوە تەمەنی بۆ 57 ساڵ هێنراوەتە خوارەوە، تەمەنی حوسێنی کوڕیشی لە 17 ساڵییەوە بۆ 21 ساڵ بەرزکرایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی نێو بەڵگەنامەکە سەید رەزا بەر لەوەی لەسێدارە بدرێ گوتوویەتی: "هیچ نەبێ من بەر لە کوڕەکەم لەسێدارە بدەن، بۆ ئەوەی لەسێدارەدانی ئەو نەبینم". بەڵام دەوڵەتی تورکیا داواکارییەکەی قبوڵ نەکردووە و حوسێنی تەمەن 17 ساڵان لەپێش چاوی سەید رەزای باوکی لەسێدارە دەدەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە