رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی دوو رۆژی رابردوو، مەترسیی رۆچوون لەسەر رێگەی سەرەکیی گوندی قەمەریان لە سنووری قەزای خەلیفان دروستبوو؛ قایمقامی ناوچەکەش رایدەگەیێنێت، تیمەکانی چاککردنەوەی رێگاوبان کێشەکەیان بەشێوەیەکی کاتی چارەسەر کردووە.
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، "ئەو بارانە زۆرەی باریوە لە چەند شوێنێک بووەتە هۆی دروستبوونی رۆچوون و زیانگەیاندن بە رێگەوبانەکان، ئەم گرفتە تەنیا لە سنووری خەلیفان نییە، بەڵکو لە چەند شوێنێکی دیکەش هەمان گرفت دروستبووە."
سەبارەت بە دۆخی رێگەی گوندی قەمەریان لە دۆڵی بیاو، قایمقامی خەلیفان ئاماژەی بەوە کرد کە رێگەکە کەوتووەتە سەر جادەی سەرەکی و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەی رێگاوبانی سۆران دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و "بەشێوەیەکی کاتی چارەسەری پێویست کراوە و ئێستا هیچ گرفتێکی گەورەی نەماوە."
قایمقامی خەلیفان دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی ناوچەکە و شۆفێران کە دوای کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلە بارانبارینە، کارەکان بۆ چاککردنەوەی رێگەکە دەستپێدەکەن.
مەغدید عەریف ئەحمەد گوتیشی، "تیمەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان و هەر شوێنێک پێویستی بە هاوکاری و دەستوەردان بێت، بەزوویی فریایان دەکەوین بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بگرین."
لە دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کردووە و بەو هۆیەوە لە چەند ناوچەیەکی شاخاوی گرفتی رۆچوونی زەوی و کۆبوونەوەی ئاو دروستبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ