رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایدەگەیێنێت، بارانبارینی ئەمساڵ بەتایبەت لە مانگی نیساندا، کوالێتی و بڕشتی گەنمی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە. هاوکات هۆشداریی تووند دەداتە جووتیاران و دەڵێت، هەر کەسێک پەرێز بسووتێنێت، بۆ ساڵی 2027 گەنمی لێ وەرناگیرێت.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، بارانی مانگی ئازار و نیسان بۆ بەرهەمی دێمی "زۆر چارەنووسساز" بوون و گوتی، "زۆرجار لە ساڵانی رابردوودا گەنم هەبووە، بەڵام بەهۆی کەمبارانیی نیسانەوە رێژەی (گلۆتین)ی کەم بووە، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمەکە هەم لە رووی چەندایەتی و هەم لە رووی چۆنایەتییەوە لە ئاستێکی زۆر باش دایە."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر، لە سنووری پارێزگاکە زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار دۆنم زەوی بە دانەوێڵە داچێنراوە، 752 هەزار دۆنم لەناو سنووری ئیداریی پارێزگای هەولێر و نزیکەی 700 هەزار دۆنم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە سەرهەڵدانی ئافاتی کشتوکاڵی، هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک حاڵەتی سنووردار هەبووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی هەندێک جووتیار لە یەک دۆنمدا 60 کیلۆ بنەتۆیان چاندووە لەبری 35 کیلۆ، ئەوەش بووەتە هۆی چڕیی زۆر، بەڵام تیمەکانیان لە بەدواداچووندان و مەترسیی گەورە لەسەر بەرهەمەکە نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر هۆشداریی تووندی دا لە سووتاندنی پەرێز و پاوانی زەوییەکان و رایگەیاند، "جگە لە زیانە ژینگەییەکان، مەترسیی کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە. هەر جووتیارێک پەرێزی زەوییەکەی بسووتێنێت، بۆ ساڵی 2027 ناوی لە لیستی بەبازاڕکردنی گەنم دەردەکرێت و گەنمی لێ وەرناگیرێت."
بۆ وەرزی دروێنەش، کشتوکاڵی هەولێر چەند مەرجێکی بۆ خاوەن دەڕاسەکان داناوە، لەوانە دەبێت ئامێری ئاگرکوژێنەوەیان پێ بێت و لە کاتی تێکچوونی دەڕاسەدا، نابێت لەناو زەوییەکەدا چاک بکرێتەوە، بۆ ئەوەی چەخماخەی ئاگر دروست نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ