رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لە قەزای سۆران، کە بەپێی یاسا هێشتا هاوژینی پیاوێکە، ماوەی دوو مانگە لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا دەژی. مێردی دووەمی دەڵێت، "بۆ تۆڵەسەندنەوە ئەو ژنەم بردووە،" چونکە پێشتر براکەی ئەو ژنە، برازایەکی ئەوی رفاندووە.
کێشەکە چوار ساڵ پێش ئێستا دەستیپێکرد، کاتێک ژنەکە، کە تەمەنی 16 ساڵ بوو، هاوسەرگیری لەگەڵ سیامەند جەمال دەکات. دوای ماوەیەکی کەم، ژنەکە دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی و لەوکاتەوە لای ئەوان دەمێنێتەوە.
سیامەند جەمال، هاوژینی یەکەمی ژنەکەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین، پێشکێشی دەکات، گوتی: "تەڵاقم نەداوە و هێشتا هاوژینمە. سکاڵام تۆمارکردووە و داوای 12 ملیۆن دینار دەکەم بەرامبەر تەڵاقنامەکەی."
سیامەند جەمال، گوتیشی: "لە دادگە و لای مەلا مارەم کرد، بەڵگەم هەیە. ئێستاش تەڵاقم نەداوە و هاوژینی خۆمە، ئێستاش بە فەرمانی دادوەر مانگانە نەفەقەی دەدەم ."
بەڵام ژنەکە دەڵێت، چوار ساڵ لەمەوبەر بە ئامادەبوونی هەردوو بنەماڵە لە سیامەند جیابووەتەوە.
ژنەکە کە سکاڵالێکراوە، لە بەرپرسیار، گوتی: "هاوسەرگیریی یەکەمم بە دڵی خۆم نەبوو و بەزۆر بەشوویانداوم. باوکم گوتی، جیابوویەتەوە، من لە دانیشتنەکە ئامادە نەبووم و نازانم. بۆیە شووم کردەوە، تەنیا لای مەلا مارەکراوم لە هاوسەری دووەمم. دوو مانگە شووم کردووەتەوە و ئەو هاوژینییەم بە دڵە و هیچ کێشەم نییە."
مێردی دووەمی ژنەکە، واتە ئەو پیاوەی ئێستا لایەتی، چیرۆکێکی دیکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "سێ ساڵ پێش ئێستا، برای ژنەکە، برازایەکی منی رفاندبوو. دواتر براکەی پێیگوتم وەرە خوشکەکەم ببە بۆ تۆڵەی ئەوەی من کردوومە. منیش بۆ تۆڵەکردنەوە بردوومە و نەمزانیوە مێردی هەیە. خۆم ژنێکی دیکەم هەیە و دوو منداڵم لێی هەیە. باوکی هاوژینی دووەمیشم ناناسم، تەنیا تۆڵەم کردووەتەوە."
حەبیبە کاکەمین، پارێزەری سیامەند، لە بەرپرسیار، گوتی: "بەپێی یاسا، ژنەکە هێشتا لەژێر ناو و ئەستۆی سیامەندە و ئەو کارەی کردوویەتی بە خیانەتی هاوژینی هەژمار دەکرێت. ئێستا فەرمانی ئامادەبوون لە دادگە بۆ ژنەکە و هاوژینە نوێیەکەی دەرچووە."
باوکی سیامەند سکاڵای لەسەر بووکەکەی و هاوژینە نوێیەکەی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا باوکی ژنەکە دەڵێت، "کوڕەکەی جەمال کچەکەمیان رفاند و ئەشکەنجەیان دا، بۆیە ناچاربوو بگەڕێتەوە ماڵی ئێمە."
رزگار سادق، باوکی ژنکە لە بەرپرسیار، گوتی: "کچەکەمیان ئەشکەنجە دا، زۆریان لێدا، سکاڵام لێیان کرد، جەمال و کوڕەکەی بۆ ماوەیەک دەستگیرکران، دواتر بە شێوەی کۆمەلایەتی دانیشتین و پێکهاتین کە کچەکەم تەڵاق بدەن. تاوەکو ئێستا لە دادگە تەڵاقیان نەداوە."
بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، باوکی ژنەکە بەشێوەیەکی "خراپ" لە کچەکەی دەدات. سیامەند دەڵێت: ئەو لێدانە بەهۆی ئەوەوە بوو کە باوکی نەیدەهێشت بگەڕێتەوە لام". باوکی ژنەکەش رەتی ناکاتەوە کە لە کچەکەی داوە و دەڵێت: "لەسەر رۆیشتن و دووبارە گەڕانەوەی و داوام لێیکرد بگەڕێتەوە لای سیامەند، گوتی ناگەڕێمەوە، بۆیە لێم دا."
پارێزەری سیامەند دەڵێت: "دادوەر بڕیاریداوە کە بژێویی مانگانە بە ژنەکە بدات، بەر لە دوو ساڵ ئەو داوا لە سیامەند کرا، چونکە جیانەبووەتەوە. هەر ژنێک لە ئەستۆی پیاوێک بمێنێتەوە تاوەکو سێ مانگ دوای جیابوونەوەش دەبێت بژێویی مانگانە بدات."
باوکی ژنەکە، نووسراوێکی دەستنووسی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێت: "پێکهاتین بەپێی ئەو نووسراوە دەبوو تەڵاقی بدەن و هەموو مافەکانی پێبدەن، بەڵام پەشیمان بوونەتەوە."
سیامەند، دەڵێت: "ئامادەم تەڵاقی بدەم، بەڵام دەبێت هەموو خەرجییەکانم بۆ بگەڕێننەوە."
کێشەکە ئێستا لە دادگەیە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دەکات، لەکاتێکدا ژنەکە و هاوژینە نوێیەکە ئێستا پێکەوە دەژین و سیامەندیش دوو مانگ پێش ئێستا ژنێکی دیکەی هێناوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ