رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر، گەنجێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. هاوکات هەر ئەمڕۆ تەرمی دایک و باوکی گەنجە بریندارەکە دۆزرانەوە کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان نزیکەی لە مانگێکە کوژراون.
رۆژی دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، رزگار محەممەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی پیرمام بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 8:15ـی بەیانیی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 20 ساڵان گەیێندرایە نەخۆشخانەکەمان، کە شوێنی فیشەک بە جەستەیەوە بوو؛ بەڵام پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو."
بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی گوتی، تەرمی گەنجەکە بۆ پشکنین رەوانەی دادپزیشکی هەولێر کراوە. گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ گەنجێکی دیکەش کە بریندار ببوو هێندرایە نەخۆشخانە، دوای چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی نەخۆشخانەی هەولێرمان کرد."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو گەنجەی کە بریندارە، تۆمەتبارە بە کوشتنی دایک و باوکی و ئەو گەنجەی دوێنێ شەو کوژراوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تەرمی دایک و باوکی ئەو گەنجە بریندارە دۆزراونەتەوە و دەرکەوتووە کە نزیکەی مانگێکە کوژراون، (پیاوەکە ناوی محەممەد شانەدەرییە و ژنەکە ناوی مومین)ـە. هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان و هۆکاری کوشتنی ئەو سێ کەسە.
لەبارەی چۆنێتیی کوشتنیانەوە، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی: "شوێنەواری ئازاردان لەسەر جەستەیان هەیە، بەڵام هیچ شوێنەوارێکی چەقۆ یان فیشەکیان پێوە نییە. تەرمی دایک و باوکەکە رەوانەی داد پزیشکی کراون و بۆ زانینی هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانیان، چاوەڕێی راپۆرتی ئەوانین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ