رەوەند مەلا مەحموود: یەکێتی لە کەرکووک نەمایەتەوە ئێستا وەکو قودسی لێهاتبوو

20-05-2019
گۆڤەند مستەفا
"لایەنی سیاسی هەیە پێیوایە بەس موسڵ شارەو کوردی تێدا دەژیت"
"لایەنی سیاسی هەیە پێیوایە بەس موسڵ شارەو کوردی تێدا دەژیت"
نیشانەکردن یەکێتی کەرکووک
A+ A-

رووداو-کەرکووک

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رەخنەی تووند لە "هەندێک لایەنی سیاسی" دەگرێت بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت و دەڵێت، لایەنی سیاسی هەیە پێیوایە بەس موسڵ شارەو کوردی تێدا دەژیت. هەروەها داوا دەکات ئەوانەی لەدەرەوەی کەرکووکن لێدوان لەسەر کەرکووک نەدەن. هەروەها پێیوایە، یەکێتی لە کەرکووک نەمایەتەوە ئێستا وەکو قودسی لێهاتبوو.


رەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووکی دایەوە و رایگەیاند: "ماوەیەکە لەملا و لەولا زۆر بابەت لەسەر کەرکووک باس دەکرێت، هەندێک کەناڵ یاخود هەندێک لایەنی سیاسی لەبری ئەوەی بێت هاوکار و هاوئاهەنگ بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک لەملا و لەولا قسەی خراپ لەسەر کەرکووک دەکەن، تەنانەت تانەش لە خەڵکی کەرکووک و دانیشتووانی کەرکووک لەو لایەنە سیاسیانە دەدەن کە ئێستا مقاوەمەت لەناو شاری کەرکووک دەکەن، بۆیە بەباشمان زانی بە بەرچاوی هەموو کەناڵەکان ئەو روونکردنەوانە بدەین کە ئێستا لە کەرکووکدا دەگوزەرێت".

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێکی نهێنییان لە کەرکووک هەبێت و گوتی: "هیچ جۆرە رێککەوتنێکی نهێنی لەنێوان ئەحزابی سیاسی کوردی لە کەرکووک و لایەنی دیکە نییە بۆ ئەوەی ئێمە بە نهێنی کارێک بکەین بەرژەوەندی میللەتەکەمانی لێ دووربێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئێمە هەموو ئەو کارانەی دەیکەین بۆ خزمەتکردنی شارەکەمانە، بەوەش سەلماندمان کە لە کەرکووک ماینەوە، لە هەڵبژاردنی رابردووشدا بینیتان سەری کورد و میللەتەکەمان بەرزکردەوە و توانیمان نیوەی دەنگەکانی کورد بۆ میللەتەکەمان دەستەبەر بکەین، کە ئێستا رۆژانە لە بەغداوە پەرلەمانتارەکانمان لەناو شاری کەرکووکەوە بەرگری لە دانیشتووانی شاری کەرکووک دەکەن، بەرگری لە گوند و دێهات و هەموو شوێنەکانی شاری کەرکووک دەکەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە دڵسۆزین بۆ کەرکووک نەک ئەوانەی لە دوورەوە قسە لەسەر کەرکووک دەکەن".

لەبارەی هەوڵەکانی تەعریب لە کەرکووک، رەوەند مەلا مەحموود گوتی: "هەوڵ هەیە بۆ تەعریب لە کەرکووک، بەداخەوە لایەنی سیاسی هەیە پێیوایە بەس موسڵ شارەو کوردی تێدا دەژیت، پێیوانییە کەرکووک کوردستان بێت، قبووڵ ناکەین کەس موزایەدەی سیاسیمان بەسەر بکات، ئەوانەی لە موسڵ دەوام دەکەن هەر کوردن، ئەوانەی لە شوێنەکانی دیکەش دەوام دەکەن هەر کوردن، ئەوانەی چوونە لە بەغدا دەوام دەکەن هەر کوردن، با بێن لە کەرکووک هەموومان پێکەوە چارەسەری کێشەی کەرکووک بکەین، رۆژانە لە بەغداوە وەزیرە کوردەکانیش کێشە بۆ شاری کەرکووک دروست دەکەن، دەبینین وەزیرە کوردەکان ئەوەندەی لە هەوڵی ئەوەدان کێشە بۆ بەڕیوەبەر و بۆ فەرمانگە دەوڵەتییەکان لە کەرکووک دروست بکەن، هەر ئەوەندەش نەیارانی کورد لە بەغداوە هەوڵی تێکدانی شاری کەرکووک دەدەن. ئومێدەوارم لەو رووەوە چاوێک بەخۆیان و سیاسەتیاندا بخشێننەوە".

سەبارەت بە قسەکانی راکان جبووری، رەوەند مەلا مەحموود گوتی: "دوێنێ پارێزگاری کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، هەندێک قسەی کردووە، قسەکانی نەختێک تەمومژاوین، پێم خۆشە بۆ هەموو لایەک ئەو قسە تەمومژاوییە بخەمەڕوو، ئێمە هیچ جۆرە رێککەوتنێکمان لەگەڵ پارێزگاری کەرکووکدا نییە، ئێمە لە شاری کەرکووکدا دەژین ئەو ئێستا بە وەکالەت پارێزگارە لە کەرکووک، بۆیە ئێمە ناچارین بەوەی مامەڵەی رۆژانەمان چی بێت لەگەڵیدا بکەین، ئێمە ئەوانە نین کە لە رێگەی خەمیس خەنجەر و هەندێک خەڵکی دیکەوە دەچن لە هەولێر کۆمەڵێک رێککەوتن دەکەن و رۆژانە لە هەولێرەوە هەندێک بابەت لەسەر کەرکووک باس دەکەن کە ئامادە نین بێن لەناو کەرکووکدا باسی بکەن، بۆیە لە ئێستاوە پێیان دەڵێین، ئێمە کەرکووکین لە کەرکووک دەمێنینەوە، ئەوانەی دڵسۆزن بۆ کەرکووک تکایان لێدەکەین لە دەرەوەی کەرکووکەوە لێدوان لەسەر کەرکووک نەدەن، چونکە ئەگەر کەسێک لەناو ماڵەکەدا نەبێت واقیعەکە نازانێت".

بەگوتەی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک: "ئەو حاڵەتانەی کە لە پەڵکانەو لە شوێنەکانی دیکە روویداوە، هەوڵدانە بۆ تەعریبکردن، بەڵام ئێمە وەکو مەڵبەندی کەرکووک و وەکو پەرلەمانتارەکان، وەکو هەڤاڵانمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەم هەوڵانە هەمووی بە هەوڵی هەموو لایەکمان پووچەڵ دەکەینەوە، دەمێنینەوەو بەرگری لە میللەتەکەمان دەکەین و میللەتەکەمان بەجێ ناهێڵین".
 
رەوەند مەلا مەحموود لەبارەی تۆمەتبارکردنی فرۆشتنی نەوت بە تەنکەر لە کەرکووک گوتی: "بەداخەوە دوێنێ یەکێک لە بەرپرسانی هەڤاڵانی پارتی باسی ئەوە دەکات دەڵێ بە تەنکەر نەوت دەفرۆشن، منیش دەپرسم ئەی باشە ئەو تەنکەرانەی نەوتی پێدەفرۆشن بۆ ناچن سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن، بۆ نایێن لە دادگای کەرکووک سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن، بۆ ناچن لە بەغدا سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن، ئەی ئەو کاتەی داعش لە سنوورەکە بوو پێش ئەوەی ئێوە ریفراندۆم لەو ناوچەیە بسەپێنن، کە ئێمە پێشتر چەندین ئامۆژگاریمان کردن حاڵی کەرکووک وا لێ مەکەن، ئێوە بۆ نەتاندەهێشت تەنانەت پۆلیسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پردی بای حەسن بپەڕێتەوە هاڤانە و بای حەسەن و هەموو نەوتەکەتان دەبرد، خەڵکی کەرکووک کام سوودی لەو نەوتە کرد، بۆیە هەموو ئەو بانگەشانە بانگەشەی خراپن، هەمووی دەبێتە هۆی لێکترازانی ماڵی کورد بۆیە تکایان لێدەکەم نەختێ بەرپرسانە بەرامبەر بە شاری کەرکووک قسە لەسەر ئەم بابەتانە بکەن، کە زانیارییان نییە با بێن زانیارییان بدەینێ، چونکە هەر کورد لە کەرکووکدا ناژی، نەتەوەی دیکەش لە کەرکووک هەن، بۆیە ئەوە باش نییە هەموو رۆژێک قسەی خراپ لەسەر نەتەوەی کورد و کورد بکرێت لە شاری کەرکووک".

رەوەند مەلا مەحموود گوتی: "ئێمە لێرەوە جارێکی دیکە بە هەموو بەرپرسانی کورد دەڵێین، بە هەموو ئەوانەی پێیانوایە کەرکووک داگیرکراوە بەڵام موسڵ شامی شەریفە، پێیان دەڵێین ئێمە ئامادەین، فەرموو سبەی بێ مەرج و مەرجکاری بێنەوە ئەنجوومەنی پارێزگا کارا بکەینەوە، پارێزگارێکی کورد بۆ ئەو شارە هەڵبژێرین بۆ ئەوەی بەشێکی کێشەکانی ئەو میللەتە چارەسەر ببێت و، ئیدی خەڵکی کورد ئەوەندە لەو موعاناتەی ئێستا هەیە نەژین، هەموو رۆژێک ئێمە دەبێت لە بەرگریدابین لەسەر منداڵێکی کورد، لەسەر کەسێکی کورد، کە ئەمە بە واجب و ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین، پێمخۆشە بۆ هەمووشتان ئاشکرابێت، ئەگەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک نەمایەتەوە، ئێستا کەرکووک وەکو قودسی لێهاتبوو، دەبوایە کورد لە دوورەوە بڵێ کەرکووک کوردستانە، بەڵام بە هیمەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە کە لە شاری کەرکووکن، توانیومانە کوردستانییەتی کەرکووک بپارێزین و هەموو رۆژێ بەرگری تێدا دەکەین".

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: "دوایین قسەشم بۆ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە، با ئیتر موزایەدە لەسەر کەرکووک نەکەن، ئەوانەی خۆیان بە براوەی یەکەمی کوردستان دەزانن، با بێن دەست لەناو دەست ئەگەر چارەسەری کێشەی کەرکووکمان پێناکرێت، با هەموومان خەڵکەکانمان لە حکومەتی عێراقی بکێشینەوە، هەموو پەرلەمانتارەکانمان بکێشینەوە، کورد بایکۆتی هەموو حکومەتی عێراقی بکات، نەک ژێر بەژێر بچن دانوستاندنیان لەگەڵدا بکەن و لەسەریشەوە هەوڵبدەن تانە لە خەڵکی کەرکووک و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بدەن، داواکارین ئەو داواکارییەی ئێمە ببێتە پایەی سەرکەوتنی میللەتەکەمان و لە داهاتووشدا ئێمە بەرپرسین بەرامبەر بەوەی هەر کارێک لە کەرکووک بکرێت لە خزمەتی میللەتەکەمان نەبێت، ئێمە رەتی دەکەینەوە و دڵنیابن لەگەڵ میللەتەکەی خۆماندا دەمێنینەوە و بەرگری دەکەین تاوەکو سەرکەوتنی یەکجارەکی و سەلماندنی کوردستانیەتی کەرکووک بۆ هەموو لایەک".

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە