رووداو دیجیتاڵ
لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات لە شاری سلێمانی، منداڵانی وڵاتانی جیاوازی جیهان، سەرەڕای جیاوازیی رەنگ، نەتەوە و رەگەزیان، زمانی کوردی وەک وانەیەکی سەرەکی دەخوێنن و هەر لە قۆناخی یەکەمی بنەڕەتییەوە تێکەڵ بە زمان و کولتووری کوردستان دەکرێن.
ئەحمەد محەممەد، قوتابییەکی پۆلی یەکەمی بنەڕەتییە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە پۆلی یەکەمم، هەوڵدەدەم فێری زمانی کوردی ببم و ئێستا تەواوی رۆژەکانی هەفتە بە کوردی دەزانم."
لە پاکستان و کامیرۆنەوە بەرەو ئامێزی کوردستان
حەمزە زەین، قوتابییەکی دیکەی هەمان قۆناخە و باس لە خولیای خۆی بۆ فێربوونی زمانەکە دەکات، ئەو دەڵێت، "ناوم حەمزەیە و خەڵکی پاکستانم، لە پۆلی یەکەمم و زۆر حەزم لە فێربوونی زمانی کوردییە."
چیرۆکی ئاوێتەبوون بەم خاکە، لە ناخی کیشوەری ئەفریقاوە بەرەو کوردستان درێژدەبێتەوە. "ئیەن" و خێزانەکەی 5 ساڵە نیشتەجێی سلێمانین. ئیەن ئێستا لە پۆلی چوارەمە؛ خۆشەویستیی ئەم خاکە وای لە خێزانەکەی کردووە کە هەرگیز بیر لە جێهێشتنی نەکەنەوە. بۆ ئەوان، فێربوونی زمانی کوردی تەنیا وانەیەکی قوتابخانە نییە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامەی ژیانی نوێیان.
ئیەن کۆگ بە رووداوی گوت، "خەڵکی کامیرۆنم و لە سلێمانی دەژیم، زۆرم حەز لە زمانی کوردییە."
هاوکات محەممەد یەحیا، قوتابییەکی دیکەی بیانییە و ماوەی 6 ساڵە لە سلێمانی نیشتەجێیە، ئەو دەڵێت، "حەزم لە تۆپی پێیە، جلی کوردیشم کڕیوە و بەلامەوە زۆر جوانە."
سرووشت و میواندۆستی؛ هۆکاری مانەوەی بیانییەکان
چیرۆکی خولیای بیانییەکان بۆ کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی پۆلەکانی خوێندندا ناوەستێت. ئارامی و ئاسایش، جوانیی سرووشت و میواندۆستیی خەڵکی کوردستان، بووەتە هێزێکی راکێشەر بۆ سەدان هاووڵاتیی بیانیی دیکە، تاوەکو زوو ئاوێتەی کولتوور و زمانەکە ببن.
سەمارا جیهاد، مامۆستایەکی خەڵکی لوبنانە و چەند ساڵێکە لە کوردستان نیشتەجێیە، ئەو بە رووداوی راگەیاند، "مامۆستای کۆمپیوتەرم، چەند ساڵێکە لێرە دەژیم و تێکەڵی ئەم کۆمەڵگەیەم بووم."
هەروەها ئەدهەم عیزەت، مامۆستایەکی دیکەیە و خۆشەویستیی خۆی بۆ بۆنە نەتەوەییەکان ناشارێتەوە و دەڵێت، "با پێکەوە لە نەورۆزدا ئاهەنگ بگێڕین، جلی کوردیش زۆر دڵڕفێن و جوانە."
ئێستا کوردستان بووەتە وێستگەیەکی لەبیرنەکراو؛ هەر بیانییەک پێ بنێتە ئەم خاکە، کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، تەنیا جانتای سەفەرەکەی پێ نییە، بەڵکو سەدان یادگاریی شیرین، تامی ناوازەی خواردنەکان و سیمای دڵڕفێنی شارەکانی کوردستان بۆ هەمیشە لە هزریدا بە زیندوویی دەمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ