رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بۆ "دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی" شاندێکی بە سەرۆکایەتیی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی حیزبەکە پێکهێناوە و لە 17 و 18ی ئایار، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتیی کرد. مامۆستا سەلاحەدین، چەند پێشنیازێکی بۆ سەرکردایەتیی هەردوو حیزب کردووە. وەک ئەندامێکی سەرکردایەتیی حیزبەکە دەڵێت، "وەڵامی باشیان هەبووە و چاوەڕێی هەنگاوی کردەیین."
سەردان و دەستپێشخەرییەکانی سەلاحەدین بەهائەدین
رۆژی 17ی ئایار مامۆستا سەلاحەدین، بە سەرۆکایەتیی شاندێک چووە دەباشان و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە، ئامانجی سەردانەکە، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و دواتریش دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ بوو.
یەکەم پێشنیاز، راگرتنی "شەڕی راگەیاندن"ی نێوان هەردوو حیزب بوو. بافڵ تاڵەبانی، بڕگەی یەکەمی دەستپێشخەرییەکەی قبووڵ کردووە و دەستبەجێ فەرمانی کردووە هەڵمەتی راگەیاندن لە دژی پارتی رابگیرێت. سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو بە رووداوی گوت، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، فەرمانی بە میدیای حیزبەکەی کردووە هێرشی راگەیاندن رابگرن."
"پێشنیازەکەی یەکگرتوو نێردراوە بۆ سەرۆک بارزانی"
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، هەمان ئەو پێشنیازانەی کە بە بافڵ تاڵەبانیی دابوو، رۆژی 18ی مانگ لە کۆبوونەوەیەکدا پێشکێشی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتیی کرد.
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کە نەیویست ناوی بهێنین، بە رووداوی گوت، "پێشنیازەکە نێردراوە بۆ سەرۆک بارزانی و لەم رۆژانەدا وەڵام دەدرێتەوە."
دیوێکی باسنەکراوی کۆبوونەوەی مامۆستا سەلاحەدین لەگەڵ مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی
تۆڕی میدیایی رووداو، لە رێگەی بەدواداچوونێکی ورد بۆ گەیاندنی زانیارییەکان لەڕێی کەسانی ئاگادارەوە بۆ وەرگرانی، چەند زانیارییەکی باسنەکراوی لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین و بافڵ تاڵەبانییەوە وەرگرتووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی رێزێکی زۆری بۆ سەرۆک بارزانی نواندووە و بە دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو رازی بووە.
دواتر، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبووەوە، رووداو زانیویەتی کە دوای روونکردنەوەی پێشنیازەکە لەلایەن شاندی یەکگرتووەوە، مەسرور بارزانی پێشوازیی لێکردووە و رایگەیاندووە، لەگەڵ چارەسەری دۆخەکەیە.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026 قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "وەکو سەرەتا وەڵامێکی باشیان هەبووە، بەڵێنیان داوە ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆئەوەی بگەنە ئەنجام، لە یەکەم کاریشدا هەردوولا بڕیاریانداوە هێرشی راگەیاندن رابگرن."
پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی سەلاحەدین بەهائەدین کۆدەبنەوە
هەرچەندە هەردوولا (پارتی و یەکێتی)، کاردانەوەیان بەرامبەر بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی کۆبوونەوەیان دیار نەکردووە.
سێشەممە، دەرباز کۆسرەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەم دۆخەی ئێستای عێراق نوێیە و لایەنەکان ناچار دەکات کۆببنەوە. تائێستا کات بۆ کۆبوونەوە دیار نەکراوە، ئێمە دەرگامان دانەخستووە و بروامان بەوە هەیە کە دەبێ کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئێستا پێشنیازەکانی یەکگرتوو لەبەردەست سەرۆک بارزانی دایە و، لەڕێی مەکتەبی سیاسییەوە وەڵامەکەی دەگەیێندرێتەوە بە یەکگرتووی ئیسلامی، دوای جەژنی قوربانیش، کاتێک بۆ کۆبوونەوەی باڵای هەردوو حیزب دیار دەکرێت. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە پارتی و یەکێتیی گوتووە، ئەگەر بیانەوێ، مامۆستا سەلاحەدین وەکو نێوەندگیر لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبێ، ئەگەریش خۆیان بیانەوێ دوو قۆڵی کۆببنەوە، با بکرێت و گرنگ ئەنجامە.
مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆدەبێتەوە "بڕیارمان داوە نەرمی بنوێنین"
رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، لە رۆژی 19ی ئایار، سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد.
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، "سەردانەکە بۆ لای یەکگرتوو، نیشانەی ئەوەیە کە پارتی بە پیر دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووەوە چووە."
رووداو زانیویەتی، پێش جەژنی قوربان (27ی ئایار)، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە و گەنگەشەی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی دەکەن و دواتر بە فەرمی وەڵام دەدەنەوە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: "دۆخەکە زۆر ئەرێنییە و پارتی بڕیاریداوە نەرمی بنوێنێت."
"یەکێتی گوتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە"
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ لێکنزیککردنەوەی پارتی و یەکێتی گوتی، "ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو. لە سیاسەتدا کاتێک دوو لایەن دەگەنە بنبەست، گرنگە لایەنی سێیەم بێتە پێشەوە."
ئاشکراشی کرد، وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی رێنمایی داوەتە میدیاکانی حیزبەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و "میدیاکانیش پابەندی بڕیارەکە بوون."
لەتیف نێروەیی ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە وا دەردەکەوێت دەرگەکان لەنێوان پارتی و یەکێتی داخرابن، بەڵام دیدارەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی لە رێوڕەسمی متمانەدان بە حکومەتی عێراق، نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا دەرفەتی گفتوگۆ ماوە. گوتیشی، "ئەگەر ئیرادەی لێکنزیکبوونەوە هەبێت، پێویست بە لایەنی سێیەم ناکات."
دارا سێکانیانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت، " پارتیش دەستپێشخەرییەکەی پێ باش بووە و دوای دانیشتنەکە دەستخۆشییان کرد و سەردانیان کردینەوە."
دەشڵێت، "پارتی پێیان گوتین، وەڵاممان دەبێ. یەکێتیش، گوتوویانە: ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە."
یەکگرتوو چاوەڕێیە
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئەم دەستپێشخەرییە، دروستکردنی کەشوهەوای لێتێکەیشتنە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، ئێستا گفتوگۆ بەردەوامە و یەکگرتوو چاوەڕێی هەنگاوی کردەییە."
موسەننا ئەمین گوتی، "ئەم دۆخەی ئێستا، مەترسییە بۆ سەر قەوارە و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و پرسێکی نەتەوەییە و دەبێ چارەسەر بکرێت، نابێ هیچ لایەنێک لەم دۆخە لەبری رێزگرتن لە هەرێم و کەرامەتی هاونیشتمانییان، بیر لە دەستکەوتی سیاسیی خۆی بکاتەوە."
"هێز هەیە لە بەغدا ختووکەی گرژییەکانی ئێرە دەدات"
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووشە لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ماف و بەرکەوتەی هەرێمی کوردستان لە عێراق زیاتر گوتی، "دەبێ ئێمە بچینە بەغدا شەڕ بۆ مافی کورد بکەین، چونکە رەنگە هێزی سیاسیی هەبن لە بەغدا پێیان خۆشبێ ئەم دۆخە دروستبێ."
موسەننا ئەمین گوتیشی، "هێزی سیاسیی عێراقی هەن، ختووکەی گرژییەکان [ی نێوخۆی هەرێمی کوردستان] دەدەن و ئیشیشی لەسەر دەکەن، بۆیە یەکگرتوو، سەرەڕای ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنە و ناچێتە ناو حکومەت [ی هەرێمی کوردستان]، ئەم دەستپێشخەرییەی کردووە، ئەگەر کێشەش هەبێ با ماڵی کورد بمێنێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ