رووداو- هەولێر
نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی دووشەممە 20-6-2016، لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەڤان و میدیاكاری یەكێتی كۆبووەوە، ئەندامێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیش دەڵێت "كاك نەوشیروان لە شەڕی راگەیاندنی پارتی و گۆڕان دڵگرانە".
كاروان ئەنوەر، سەرنووسەری ماڵپەڕی PUK MEDIA ی زمانحاڵی یەكێتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "كۆبوونەوەکە ئاسایی بوو بۆ تاووتوێكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان ئێمە و هەڤاڵانی گۆڕان بۆ چۆنییەتی شۆڕبوونەوەی ئەو رێككەوتنە بۆ نێو راگەیاندنەكان بوو. ئەو سەرنجی خۆی لەو بارەیەوە دا و داوای جێبەجێكردن و سەرخستنی ئەو رێككەوتنەی كرد بەتایبەتی كاری پێكەوەیی نێوان میدیاكانی یەكێتی و گۆڕان".
كاروان ئەنوەر، كە ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیشە گوتی:" لەمەودوا میدیای یەكێتی و گۆڕان كۆبوونەوەی دیكەیان دەبێت بۆ چۆنییەتی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە هەر وەكو چۆن ئێمە و برادەرانی پارتی كۆبوونەوەی خوولیمان هەیە بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكان".
سەبارەت بە شەڕی راگەیاندنی نێوان پارتی و گۆڕان و هەڵوێستی نەوشیروان مستەفا نووسەری ماڵپەڕی PUK میدیا لەمباریەوە دەڵێت:" نەك كاك نەوشیروان بەڵكو هەموومان لەو موهاتەرات و شەڕە ناشیرینەی راگەیاندن بێزار و دڵگرانین، ئەویش دڵگرانی پێوە دیار بوو و باسی لەوە كرد كە ئەو شەڕە راگەیاندنە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان نییە و لەگەڵ ئەوەش نییە کە دەزگا راگەیاندنەكان شەڕەكەیان بگەیەننە ئەو ئاستە".
چەند رۆژێک پێش ئێستا فەرمانی دەستگیركردن بۆ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن دادگای هەولێرەوە دەرچوو، بەهۆی ئەوەی داواكاری گشتی سكاڵای لە دژی تۆمار كردبوو، ئەو سكاڵایەش لە لایەن شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سیاسی و نایاسی وەسف كرا.
بەهۆی سکاڵاکەوە رۆژی 17-6-2016 شەڕی راگەیاندنی نێوان میدیاکانی پارتی و گۆڕان تووندبوو، بۆ هەمان شەو سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە پەیامێكدا داوای لە بارزانی و نەوشیروان مستەفا كرد ئەو هەڵمەتەی راگەیاندنەكانیان رابگرن و، لە پەیامێكیشدا بارزانی رایگەیاند:" هیچ كەس لە سەر تەشهیرەكانی گۆڕان بەرامبەرم وەڵامیان نەداوەتەوە" پاشان بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا میدیای گۆڕان هەڵمەتەکەیان راگرت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ