هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی 32 ئەفسەری سەر بەو حیزبە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری هۆبەی ئەفسەرانی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی بەرزکردنەوەی پلەی 32 ئەفسەری سەر بەو حیزبە، لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەو کەسانەی لە دەرەوەی یەکێتی و پارتین لە هیچ شوێنێک جێگەیان بۆ ناکرێتەوە و سزای سیاسیی دەدرێن و ئەو پلەبەرزکردنەوانەش بەپێی هەمان یاسا و رێنمایی بووە کە پلەی ئەفسەرانی یەکێتی و پارتی پێ بەرزکراوەتەوە." ئەو بابەتەش بە هەقێک دەزانێت کە "بۆیان گەڕاوەتەوە."
رۆژی پێنچشەممە، 20-7-2023، لیواى مافپەروەر تەها ئەوڕەحمان حەمەعەزیز، نوێنەری هۆبەی ئەفسەرانی بزووتنەوەی گۆڕان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "چەند رۆژێکە لە هەندێک پەیج و سۆشیاڵمیدیا، بزووتنەوەى گۆڕان بە ئامانج گیراوە سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەى لیستێک لە ئەفسەران کە مێژووەکەی بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لە ساتى دروستبوونییەوە تاوەکو ئێستا لە هەوڵى بە سیستماتیککردنى دامودەزگاکان و بە نیشتیمانیکردنى هێزى پێشمەرگە و سەرجەم هێزە چەکدارەکان بووە و چەندین هەوڵ و پڕۆژەى هەبووە، ئێمەش وەکو ئەفسەران چەندین پڕۆژە و پێشنیازمان داوە بە پەرلەمانى کوردستان و وەزارەتەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ لەوبارەیەوە."
دەشڵێت، "لەناو وەزارەتەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ و هێزە چەکدارەکان، ئەو کەسانەى کە لەدەرەوەى پارتى و یەکێتین لە هیچ شوێنێک جێگەیان بۆ ناکرێتەوە و لە پایەکانیان دوورخراونەتەوە؛ هەمیشە سزاى سیاسى دەدرێن و تەنانەت لە پلە بەرزکردنەوەکانیشیان بێبەش دەکرێن، وەک هاوڕێکانیان حسابیان بۆناکرێ بۆ کەمکردنەوەى ئەو سزا سیاسییە و غەدرانەى لەو ئەفسەرانە کراوە، ئێمە لە رێگەى وەزارەتەکانى پێشمەرگە و ناوخۆوە هەوڵمانداوە کە پلەبەرزکردنەوەکانیان رانەگیرێت و وەک هاوڕێکانیشان حسابیان بۆ بکرێت."
سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەکانیش، روونیدەکاتەوە، "ئەم پلە بەرزکردنەوانەش لەرێگەى وەزارەتەکانى خۆیان بۆیانکراوە بەپێى هەمان یاسا و رێنمایی کە ئەفسەرانى پارتى و یەکێتى پێبەرزکراوەتەوە، واتە حەقێکە بۆیان گەڕاوەتەوە، نەوەک مافی خەڵکی دیکەیان لە دەرەوەی یاسا خواردبێت."
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی کە لە رۆژی 12-6-2023، بۆ وەزارەتی نێوخۆ نێردراوە ئاماژە بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەو 32 ئەفسەرە دراوە بە سێ لیستی جیاواز، باسی ئەوە کراوە بە فەرمانی نهێنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە و لیستی یەکەمیان 19 ئەفسەرن و لیستی دووەمیان 10 ئەفسەر و لیستی سێیەمیان سێ ئەفسەر، بەشێکیان لە پۆلیسی سلێمانی و دارستان و پۆلیسی بارەگا و پۆلیسی هەولێر بوون.