پۆلیسی هەولێر باندێکی پێنج کەسی دەستگیرکرد مامەڵەیان بە دراوی لیبییەوە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی پێنج کەسی راگەیاند و دەڵێت، بانگەشەی ئەوەیان کردووە 100 دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی دەفرۆشن.
ئەمشەو، 20-07-2025، پۆلیسی هەولێر ڤیدیۆی دەستگیرکردنی باندە پێنج کەسییەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، باندەکە بە رەگەز عەرەبی سووریان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکلامیان بە دراوی لیبییەوە کردووە.
دەستگیرکردنی ئەو باندە دوای ئەوە هات، بە گوێرەی پۆلیسی هەولێر، کەسێک سکاڵای کردبوو لەسەر ئەوەی لەسەر شەقامێکی هەولێر پارەی لێ دزرابوو.
ببینە چۆن پارەکە دەدزێت و رادەکات؛ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، باندێکی 5 کەسیی دزیکردنیان دەستگیرکردووە کە بەناوی گۆڕینەوەی 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار، فێڵیان لە خەڵک کردووە و پارەیان دزیون.
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 20, 2025
پۆلیس دەڵێت، باندەکە عەرەبن و خەڵکی سووریان. pic.twitter.com/iYIRP87t1l
ئەو باندە چییان کردووە؟ پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "ریکلامیان دەکرد بە دراوی لیبییەوە یاخود ئاڵوگۆڕی 100 دۆلار بە 130 هەزار دیناری عێراقی بە نرخی بانکی ناوەندی، دوای ئەوەی لەگەڵ دادخواز رێکدەکەون بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی پارەکە بکەن و لە شوێنێک یەکتر ببینن، بە بیانووی ژماردنی پارەکە، پارەکە وەردەگرن و بۆ شوێنێکی نادیار رادەکەن".
پۆلیسی هەولێر باسی لەوەش کردووە، "لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە".