هەسەدە: درۆنێکی حکومەتی دیمەشق هێرشی کردە سەرمان
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، درۆنێکی سەر بە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق هێرشی کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازییان، بەڵام بەبێ زیان ناچار بە پاشەکشە کراوە.
رۆژی شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق، یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی هێزەکانمانی لە ناوچەی (دێرحافر) کردە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتووەتەوە.
هەسەدە دەڵێت: "هێزەکانمان دەستبەجێ بە لێدانی ورد وەڵامیان دایەوە، کە بووە هۆی زیان گەیاندن بە درۆنەکە و هێرشکاران ناچار بە پاشەکشە کران."
هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانیان لە ئامادەیی تەواودان بۆ "رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک و وەڵامەکەمان هەمیشە یەکلاکەرەوە دەبێت دژی هەموو ئەوانەی هەوڵی بە ئامانجگرتنی بنکە و شەڕڤانانمان دەدەن."
تاوەکو ئێستا حکومەتی سووریا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو هێرشەوە بڵاونەکردووەتەوە.