ساڵح موسلیم بۆ (رووداو): بەڵێنی زۆرمان پێدراوە بۆ ناردنی چەك

20-10-2014
ئەلێكساندەر ویتكامب
نیشانەکردن ساڵح موسلیم
A+ A-

رووداو- دهۆك

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ بەشی ئینگلیزی پۆرتاڵی رووداو، دەڵێت هیچ چاوەڕوانییەكیان لە توركیا نییە، چونكە تاوەكو ئێستا توركیا هەڵوێستی خۆی بۆ شەڕكردن لەدژی داعش یەكلایی نەكردووەتەوە، هەروەها دەڵێت وڵاتان زۆر بەڵێنیان پێدەدەن لەبارەی ناردنی چەك، بەڵام تائێستا بەكردەوە هیچیان نەبینیوە. رۆژی دووشەممە 20/10/2014 یەكەم كاروانی چەك و تەقەمەنی و هاوكاریی سەربازیی هەرێمی كوردستان لە رێگەی فڕۆكەیەكی ئەمریكییەوە گەیێندرایە كۆبانێ.

ساڵح موسلیم لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا بۆ (رووداو) باسی گفتوگۆكانی دهۆكی كرد لەنێوان ئەوان و لایەنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا كە لەژێر سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەدەچن. گفتوگۆكان تایبەتن بە بەشداربوونی حیزبەكانی رۆژئاوای كوردستان لە بەڕێوەبردنی رۆژئاوای كوردستاندا. حیزبەكانی ئەنجومەنی نیشتمانی دەیانەوێ رۆژئاوای كوردستان ببێتە ئیدارەیەكی فیدراڵی لە چوارچێوەی سووریادا، نەك وەكو ئێستا لە شێوەی سێ كانتۆندا بێت .

ساڵح موسلیم، كە خۆی یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، گوتی "كۆبوونەوەیەكی گشتی بوو بە بەشداری هەموو لایەنەكان، ئەو كۆبوونەوەیە زیاتر بیروڕاگۆڕینەوە و قسەكردنی گشتی بوو، زیاتر گفتوگۆ بوو لەبارەی شێوەی بەڕێوەبەری لە رۆژئاوا كە بتوانین ئەو بەڕێوەبەرییە لەگەڵ یەكدی بەشبكەین. هەروەها بۆ ئەوەی ئەوانیش بۆ بەڕێوەبردنی رۆژئاوا رابكێشین".
ساڵح موسلیم گەشبینە بەوەی بتوانن پێكەوە كاربكەن و گوتی "من گەشبینم، چونكە ئەو رەوشەی كە لەوێ هەیە گوشارمان دەخاتەسەر بۆئەوەی لەگەڵ یەك بین".

ئەو پێیوایە هیچ رێگرییەك لەبەردەمیان نییە بۆ ئەوەی هەردوو ئەنجوومەنەكە پێكەوە رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەببەن و دەڵێت "هەموو كورد لەژێر مەترسی هێرشدایە. هەر بۆیە دەبێ یەكگرتووبین لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەرمان لەلایەن داعشەوە. هەروەها چونكە ئێستا كورد لەلایەن هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەكرێت. بەتایبەتی ئێستا رەوشی كۆبانی هەموو شتێكی روونكردووەتەوە".

ئەو دوو ئەنجوومەنە لە تەمموزی 2012 لە ژێر سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و رێككەوتنێكیان واژۆ كرد كە پێكەوە ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بكەن، بەڵام پەیەدە كە چەك و ئاسایشی رۆژئاوای كوردستانی لەژێر دەستە، لەلایەن حیزبەكانی نێو ئەنجومەنی نیشتمانییەوە بەوە تۆمەتبار دەكرێ كە پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە و تاكلایەنە رۆژئاوای كوردستانی بەڕێوەبرد.

ساڵح موسلیم پێیوایە كۆبوونەوەكانی ئەمجارە جیاوازن لە كۆبوونەوەكانی 2012 "چونكە رەوشەكە ئێستا بە تەواوی جیاوازە، ئەوكات هێرشمان لەسەر نەبوو، ئێستا هێرشمان لەسەرە. ئەوكات ئێمە دانیشتنمان دەكرد تەنیا بۆ ئەوەی هەوڵبدەین هەندێك كار بكەین بۆ بەڕێوەبەری، بەڵام ئێستا هەموو كورد لە ژێر هەڕەشە و هێرشدایە و ئامانجەكە نەهێشتنی كوردە لەو ناوچەیەدا".
ساڵح موسلیم ئاشكرای كرد بەر لەوەی هەردوو ئەنجوومەنەكە لەگەڵ بارزانی دابنیشن، ئەو بە تەنیا لەگەڵ بارزانی كۆبووەتەوە.

چەكدارانی داعش هێرشەكانیان بۆ سەر شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان چڕكردەوە، بەوهیوایەی ئەو شارەی سەر سنووری توركیا كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام بەهۆی بەرگریی سەختی شەڕڤانان، داعش نەگەیشتە ئامانجەكەی.

ساڵح موسلیم پێیوایە بۆئەوەی شارەكە نەكەوێتە دەست داعش، تەنیا بەرگری بەس نییە، بەڵكو پێویستە هێزەكانیان پڕچەك بكرێن، چونكە ئەو چەكەی ئێستا لە دەستی شەڕڤاناندایە توانای لەناوبردنی داعشی نییە "بۆ ئەوەی بتوانین لەبەرامبەر ئەو چەكە قورسانەی داعش رابوەستین كە لە موسڵ و سووریا گرتوویانە، پێویستمان بە چەك هەیە".

ساڵح موسلیم دەڵێت كورد پێویستی زیاتری بە پشتیوانی نێودەوڵەتییە، چونكە تەنیا هێزێك كە شەڕ بكات دژی داعش كوردە، جا پێشمەرگە بێت یان یەپەگە.

ئەو نەیشاردەوە كە زۆر لایەن بەڵێنیان پێداون چەكیان بدەنێ، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچیان نەبینیوە "هەموو هەر بەڵێنمان پێدەدەن، هەموویان دەڵێن كە ئێمە لەسەر زەوی شەڕەكە دەكەین و دەڵێن كە بۆمبابارانی ئاسمانی ناتوانێت داعش لەنێوببات! ئێمە دەبێ هێزمان هەبێت لەسەر زەوی و تەنیا هێزێك كە لەسەر زەوی شەڕەكە دەكات ئێمەین. كەوابوو ئەگەر بەڕاستی بیانەوێت شتێكی كاریگەر بكەن دژی داعش با بە زووترین كات ئەو چەكانەمان پێبگەیێنن، بە زووترین كات".

هەرچەندە توركیا بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە داعش بدات، بەڵام تاوەكو ئێستا تۆمەتبار دەكرێت بەوەی پشتگیری لە داعش دەكات. ساڵح موسلیم دەڵێت "لەو باوەڕەدا نیم توركیا بەم نزیكانە بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، لەبەرئەوەی ئەوان هێشتا ساخ نەبوونەتەوە".

دەگوترێت كە بریندارەكانی یەپەگە لە توركیا لە نەخۆشخانەكان چارەسەر دەكرێن. ساڵح موسلیم ئەو زانیاریانەی رەتنەكردەوە و گوتی "بۆ هەندێكیان بەڵێ، بەتایبەتی لە نەخۆشخانە تایبەتەكان. لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر بریندار چوون بۆ ئەوێ. ئەوە راستە".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە