بەڕێوەبەری گشتیی رووداو بەشداری دەکات لە راگەیاندنی دەستپێکردنی ئاهەنگی کۆڕبەندی جیهانیی میدیایی لە چین

20-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو - بیجینگ

بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداری کرد لە راگەیاندنی ئاهەنگی کردنەوەی وۆرکشۆپی کۆڕبەندی جیهانیی هاریکاری میدیایی لە چین. 
 
رۆژی 19ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە کاتی بیجینگی پایتەختی کۆماری چینی میللی، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداری کرد لە راگەیاندنی دەستپێکردنی ئاهەنگی کردنەوەی وۆرکشۆپی کۆڕبەندی جیهانیی هاریکاری میدیایی لە چین، لەگەڵ هەریەک لە یو شاولیانگ، سەرنووسەری رۆژنامەی گەلی چینی؛ فارووق بۆرێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری دەستپێشخەری راگەیاندنی پشتێن و رێگە و یان لایما، فۆتۆگرافەری نێوداری فەرەنسی. 
 
کۆڕبەندی میدیایی لە چین رۆژی 19ـی ئۆکتۆبەر لە شاری بیجینگ (پەکین) پایتەختی چین دەستی بە کارەکانی کرد. لەو کۆڕبەندەدا کە سەدان ئاژانس و دەزگای میدیایی لە وڵاتانی جیهانەوە بەشدارن، گفتوگۆ لەسەر کاری راگەیاندن و پڕۆژەی پشتێن و رێگە دەکرێت کە لە ساڵی 2013 لە لایەن سەرۆکی چین شی جین پینگەوە راگەیێندراوە. 
 
لەو کۆڕبەندەدا بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گفتوگۆی لەگەڵ چەندین بەرپرسی دامەزراوە میدیاییەکانی جیهان کرد، لەوانە تو ژین، سەرۆکی دامەزراوەی رۆژنامەی گەلی چینی کە رۆژنامەی پارتی کۆمۆنیستی چینە و کۆڕبەندەکە لە لایەن ئەو رۆژنامەیەوە سازکراوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو هەروەها گفتوگۆی کرد لەگەڵ لویس ئەنریکۆ گۆنزالس ئەکوستا، سەرۆکی ئاژانسی دەنگوباسی ئەمریکای لاتین کە بارەگای سەرەکی لە وڵاتی کوبایە؛ زونگلور دووانگساڤان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی دەنگوباسی لاوس؛ محەممەد جەلال رەیسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی دەنگوباسی ئیمارات و سەرۆکی کۆمیتەی کۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئەبوزەبی. بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو هەروەها گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی دەزگای میدیایی جیهان کرد سەبارەت بە دروستکردنی پەیوەندی و هاوکاری لەنێوان تۆڕی میدیایی رووداو و دەزگا میدیاییەکانی ئەوان دا. 
 
رۆژنامەی گەل رۆژانە سێ ملیۆن کۆپی کاخەزی بڵاودەکاتەوە و بە 12 زمانیش بە دیجیتاڵی بڵاودەکرێتەوە. 280 ملیۆن کەس لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا بەرهەمەکانی دەبینن. 10 هەزار کارمەندی هەیە. تۆڕی میدیایی رووداویش رێککەوتننامەی هاوبەشی لەگەڵ هەیە. 
 
لەو کۆڕبەندەدا بەرپرسانی چین باسیان لەو پڕۆژانە کرد کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پشتێن و رێگە لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەیکەن، هەموو ئەو هەوڵانەشیان بە "هەواڵی ساختە" ناوبردن کە دەڵێن ئەم پڕۆژەیە لە جیاتی هاوکاریکردنی وڵاتان، وا دەکات ئەو وڵاتانە بکەونە ژێر باری قەرزەکانی چینەوە. بەرپرسانی چین زۆر ژمارە و ئاماریان خستەڕوو لەسەر دروستکردنی رێگەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و دروستکردنی سەدان هەزار دەرفەتی کار لەو وڵاتانەدا گەشەکردنی وڵاتان. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە