رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دیاریکردنی مارک ساڤایا وەکو نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "پێشوازی لە راسپاردنی مارک ساڤایا دەکەم لە لایەن سەرۆک دۆناڵد ترەمپ وەکو نێردەی تایبەتی بۆ کۆماری عێراق."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها دەشڵێت، "ئەم بڕیارە جەخت لە گرنگیی ستراتیژیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە برەودان بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان و سەقامگیریی ناوچەیی."
شەوی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیال ترووس دەستنیشانکردنی مارک ساڤایای لەو پۆستە نوێیەدا راگەیاند.
ساڤایا، بازرگانێکی ناسراوی شاری دیترۆیتی پایتەختی ویلایەتی میشیگنە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام چالاکە و چەندینجار لەگەڵ ترەمپ بیندراوە و وێنەی لەگەڵدا گرتووە.
ترەمپ، لەبارەی مارک ساڤایا-وە دەڵێت، "خۆشحاڵم رایبگەیێنم کە مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق دەستنیشان کرا. تێگەیشتنی قووڵی مارک لە عێراق و ئەمریکا، پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا یارمەتیدەر دەبن بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەمریکا."
بەگوێرەی پەیجەکەی لە لینکدئین، ساڤایا هیچ ئەزموونێکی لە کاروباری حکومی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ویلایەت و فیدراڵیی ئەمریکا نییە.
ئەو خاوەن کارێکی بە رەچەڵەک عێراقیی کلدانییە و لە شاری دیترۆیت دەژی و کار دەکات. لەوێ زنجیرەیەک دەرمانخانەی تایبەتی بەناوی "لیف و بەد"، دامەزراندووە.
پاش نیوەڕۆی یەکشەممە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، ساڤایا نووسیویەتی، "زۆر شەرەفمەند و سوپاسگوزارم بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کە منی وەکو نێردەی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری عێراق دەستنیشان کرد. پابەند دەبم بە بەهێزکردنی هاوبەشیی ئەمریکا و عێراق لەژێر سەرکردایەتی و رێنوێنیی سەرۆک ترەمپ. سوپاس جەنابی سەرۆک."
مارک ساڤایا، لە ساڵی 1985 لە عێراق لەدایکبووە و لە ساڵانی 1990ـەکان عێراقی جێهێشتووە، لەگەڵ خێزانەکەی روویان لە ئەمریکا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ