رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، 54 کرێکاری بیانیی نایاسایی لە پارێزگاکە دەستبەسەر کراون. هۆشداریش دەداتە خاوەن کار و کارگەکانی پارێزگاکە و دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک نابێ کرێکاری بیانی دابمەزرێنن.
یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پۆلیس بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاری قاچاخ و نایاسایی، 54 کرێکاری بیانی لە پارێزگاکە دەستگیر کراون، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات خەڵکی کام وڵاتن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە، 29 کەس لەو کرێکارانە لە شاری سەوڵاوا و 25 کرێکاری دیکە لە شاری بانە دەستبەسەر کراون.
یەحیا ئیلاهی گوتی، هاتن و نیشتەجێبوونی کەسانی بیانی بۆ شارەکانی پارێزگای سنە قەدەخەیە و ئەرکی هێزەکانی پۆلیسە هەموو کەسانی بیانی کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە سنووری پارێزگای سنە، دەستگیر و دیپۆرت بکەن.
دەشڵێت، پێدانی هەلی کار بە بیانییەکان قەدەخەیە و ئەگەر خاوەن کار یان کارگەیەک پێچەوانەی ئەم بڕیارە بجووڵێتەوە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت و رووبەڕووی سزای قورسی دارایی دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئەگەر زانیارییان لە سەر شوێنی مانەوە یان کارکردنی کەسانی بیانی هەیە، هێزەکانی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بۆ دەرکردنیان بگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ