بیر و ئایدیۆلۆژیا
هه‌موو هێزێكی سیاسی بیری خۆی هه‌یه. بیرێك، یان بیرۆكه‌یه‌ك كه له‌ناو ژماره‌یه‌ك كه‌س سه‌رهه‌ڵده‌دات، ده‌بێته بنه‌مای له‌دایكبوونی رێكخراو و حزب. بیر نه‌بێت، خه‌ڵك له چی كۆده‌بێته‌وه؟ پێش داهاتنی كاره‌با، چرایه‌ك داده‌نرا و مه‌جلیس دروست ده‌بوو، كۆڕی شه‌وانیان گه‌رم ده‌كرد.
هه‌رچی هێزی سیاسی كوردی هه‌یه، بیری خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی كورده‌وارییه‌وه هاورده كردووه: ئیدی ئایینی، یان بیری ناسیۆنالیستی یان سۆسیالیستی بێت. له‌كورده‌واریدا هێشتا (بیر)ێك به‌رهه‌م نه‌هێنراوه ئاوه‌ڵناوی كوردی له‌پاڵدا دابنرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و (بیره) رێكخراوێك له‌دایك بووبێت. كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه، ئه‌و بیرانه راسته‌وخۆ هاورده نه‌كراون، هه‌موویان له وێستگه‌ی (سه‌كند هاند ــ (Second handی ده‌رودراوسێوه پێمانگه‌یشتوون، یان له‌ده‌ستی سێ و چواره‌وه وه‌رگیراون!
كتێب و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئایدیۆلۆژیا و بیر زۆر زۆره و له‌م نووسینه كورته‌دا جێگه‌ی لێكدانه‌وه و شیكاری بیر و ئایدیۆلۆژیا نابێته‌وه! ئێمه ده‌مانه‌وێت ته‌نیا له‌سه‌ر پرسیاری (بیر) لای یه‌كێتی بنووسین.
له په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا، په‌سه‌ندكراوی سێیه‌مین كۆنگره‌ی (ی.ن.ك) لە 1ــ 14/6/2010، ماده‌ی (2) نووسراوه:
(یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان حزبێكی سۆسیال دیموكراته، خه‌بات ده‌كات بۆ سه‌قامگیركردنی ئاشتی و پته‌وكردنی به‌هاكانی ئازادی، دیموكراسی، هاووڵاتیبوون، مافی مرۆڤ، مافی چاره‌نووس و بڕوای هه‌یه به كولتووری یه‌كسانی و لێبورده‌یی)(1).
به‌گوێره‌ی میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی یه‌كێتی و نزیكی یه‌كێتی بێت، هه‌روه‌كو له پێشه‌كی (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه: ئه‌م حزبه ئه‌ندامی (سۆسیال ــ ئینته‌رناسیۆنال) ه و شاندی هه‌ردوولاش سه‌ردانی یه‌كتر ده‌كه‌ن.
له‌پاژێكی پێشووتردا، من له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی (ی.ن.ك) به بیر و هزر و ئایدیۆلۆژیای سۆسیال ــ دیموكراته‌وه، چه‌ند دێڕێكم نووسیوه و پێویست ناكات پتر له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه بڕۆم!
له‌م نووسینه‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر چه‌ند ستوون و رایه‌ڵه‌یه‌كی تر بنووسم كه هه‌ر هه‌مووی په‌یوه‌ندی به جیهانی هزر و بیر و ئایدیۆلۆژیاوه هه‌یه. سه‌ركردایه‌تی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی پێیوایه: تا له سه‌ره‌تاكانی خۆی و هێزی بیروباوه‌ڕ دووربكه‌وێته‌وه، ده ئه‌وه‌نده سه‌ركه‌وتن وه‌ده‌ستده‌هێنێت و به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌فڕێت!
هزر و ئایدیۆلۆژیا چه‌كی كاریگه‌رن
كه‌سانێك له‌ناو (ی.ن.ك)دا په‌یدابوون، پێیانوایه: پاره و هێزی چه‌كدار و ده‌سه‌ڵات له‌به‌رده‌ستی هه‌ر گروپێكدا بوو، ده‌توانێت ببێته مه‌زنترین هێز. ئه‌مه هه‌مان تیۆری زه‌بروزه‌نگه كه سه‌دام حسێن بڕوای پێی هه‌بوو، له‌ئه‌نجامدا گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی بۆ ناینه‌وه. ئه‌م قسه‌یه له‌هه‌ندێ هه‌لومه‌رج و بۆ ماوه‌یه‌كی كورتی دیاریكراو، ره‌نگه راست بێت! بەڵام ئه‌م قسه‌یه نه له رۆژهه‌ڵات و نه له رۆژاوادا هیچ نرخێكی سیاسی و زانستیی ئه‌وتۆی نییه. له رۆژاوادا، له‌نێوان هێزه سیاسیه‌كاندا خه‌ره‌ند و دیواربه‌ندی روون و ئه‌ستوور هه‌یه، هه‌موو هاووڵاتیه‌ك جیاوازیی نێوان هێزه سیاسیه‌كان ده‌زانێت: سه‌وزێك و دیموكرات مه‌سیحیه‌ك ده‌یان جیاوازییان هه‌یه و سه‌نگه‌ربه‌ندی له‌نێوان به‌ره‌كاندا زۆر قایم و مینڕێژكراوه و له‌كاتی ململانێدا، ده‌ست له‌یه‌ك ناپارێزن.
ئه‌مڕۆ له كوردستاندا هێز هه‌یه سه‌نگی خۆی خستووەته سه‌ر سیستێم و په‌روه‌رده‌ی ئایدیۆلۆژی. به پلان و به‌رنامه ئه‌ندامه‌كانی له جیهان نامۆ ده‌كات و كه‌سایه‌تیان ده‌گۆڕێت. ئه‌و هێزه داهات و دارایی به‌هێزی له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش هه‌یه. به‌ڵام ئێستا ناتوانێت پله و پۆست بۆ كه‌س دابین بكات. ناتوانێت ئۆتۆمبێلی وه‌نه‌وه‌شه و لەكسز و مه‌رسیدس و جاكوار به دیاری پێشكه‌شی سه‌ركرده و كادره‌كانی بكات... به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ی بۆ لای ئه‌وان ده‌ڕوات، چاره‌نووسێكی نادیار چاوه‌ڕوانی ده‌كات و ره‌نگه ئیدی وه‌كو مرۆڤێكی ئاسایی نه‌توانێت بژێت: شار بینین و دایه و بابه و داپیره و باپیره و چایخانه و پیاسه‌ی سه‌هۆڵه‌كه و به‌رده‌ركی سه‌را و جاده‌ی پۆزه‌كه و ده‌وربه‌ری قه‌ڵا و شه‌قامه‌كانی عه‌نكاوه و سه‌رپردی خاسه، ده‌بێته به‌شێك له رابردوو. ده‌بێ تا ئه‌و رۆژه‌ی سێبه‌ری به‌سه‌ر ئه‌رزدا ده‌گه‌ڕێت، تفه‌نگێك به شانیه‌وه بێت و ئه‌م شاخ و ئه‌و شاخ بكات. كه‌چی هیچ شه‌وێك نییه 25 ــ 30 كیژ و كوڕی زۆر گه‌نج، له‌هه‌ر شار و شارۆچكه‌یه‌ك جلوبه‌رگی خاكی له‌به‌ر نه‌كه‌ن و له‌و ده‌شت و كێوانه‌دا نه‌بنه (ده‌روێش)ی یاخی جه‌نجاڵی ئایدیۆلۆژیا!
پاش راپه‌ڕین، یه‌كێتی هەمیشە حزبی ده‌سه‌ڵات، یان هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات بووه، واته: سه‌دان فه‌رمانگه و یه‌كه‌ی ئیداری و سه‌رچاوه‌ی داهات و كاری له‌به‌رده‌ستدابووه. حزبێك له‌ده‌سه‌ڵاتدا بێت، ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی ده‌فڕێت، ژماره‌كه تووشی داخوران و كرمۆڵ بوون و قوپانه‌وه نابێت. ده‌سه‌ڵات له‌هه‌موو جیهاندا، ئه‌ندام راكێشه‌ره، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، كشه كشه مریشكه ره‌شه له ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرانی بكات. یه‌كێتی ره‌نگه تاكه حزب بێت، نه‌یتوانیبێ دڵی به‌شێك له سه‌ركرده و كادره پێشكه‌وتووه‌كانی خۆی رابگرێت!
له 25/7/2009 سه‌ركرده و كادر و ئه‌ندامه‌كانی (ی.ن.ك) بوون، له‌سه‌ر سندووقی ده‌نگدان، گورزێكی كوشنده‌یان به ته‌پڵی سه‌ری حزبه‌كه‌ی خۆیاندا كێشا. ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه له‌خه‌وی خۆشی سه‌ر ده‌سكه گوڵه‌كانی سه‌ركه‌وتن، كه ژماره‌یه‌كی كه‌میان فیداكاری به‌رچاویان بۆ كردووه، به‌ئاگا نه‌هاتنه‌وه.
سۆسیال ــ دیموكرات یان ناسیۆنالیست؟
زۆربه‌ی ئه‌ندامان و كادرانی (ی.ن.ك) ئه‌و راستیه له‌دڵی خۆیاندا باش ده‌زانن کە حزبه‌كه‌یان هه‌ر زۆر له سۆسیال ــ دیموكراته‌وه دووره و فڕی به‌سه‌ر سۆسیال ــ دیموكراته‌وه نییه. به‌شێك له سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه خۆی به سۆسیالیست دانانێت و بڕوایشی به بیروباوه‌ڕی سۆسیالیزم نییه و كاریشی پێناكات. سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی (دیموكراسی) ده‌توانرێت ده‌یان نیشانه‌ی پرسیار دابنرێت: راسته (ئازادی) و (دیموكراسی) هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م دیموكراسیه به‌شێوه‌یه‌ك په‌یڕه‌و ده‌كرێت كه زیانی قورسی به‌خودی یه‌كێتی گه‌یاندووه، نموونه‌شمان سێهه‌مین كۆنگره‌یه! ئایا هه‌ر به‌ڕاست سه‌ركردایه‌تی له پرۆسه‌یه‌كی (پاك و بێگه‌رد)ی هه‌ڵبژاردندا ده‌نگیان پێدرا، یان (سندوقه‌كان) جادوویان لێكرا: سه‌وز بووه سوور، سووریش بووه سه‌وز؟!
هه‌بوو چاوه‌ڕوانی (250) ده‌نگی ناو كۆنگره‌ی نه‌ده‌كرد، كه‌چی (1000) ده‌نگی زیاتر بۆ نووسرا.. سه‌ركردایه‌تی بۆ سێ ساڵ شه‌رعیه‌تی پێدرا، نه‌ك بۆ بیست ساڵ و... تاد.
ئه‌گه‌ر ئه‌م حزبه له‌ناو ئه‌م سێ كاتیگۆریانه‌دا جێگه‌ی نه‌بێته‌وه، باشه ده‌بێت له‌كام (خانه)دا دابنرێت؟
با تۆزێك بۆ دواوه بگه‌ڕێینه‌وه: بۆ سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی یه‌كێتی و پرۆژه‌ی له‌دایكبوونی رێكخراوێكی (نوێ) و (جیاواز) و چاوێك به خه‌ونه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا بگێڕین و به‌راوردكاری له‌نێوان تێڕوانین و بۆچوونه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بكه‌ین.
دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ی (ی.ن.ك) له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و دروستبوونی (كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان) له‌ڕووی كاته‌وه، هاوته‌ریب و هاوكات و یه‌كتر ته‌واوكه‌ر بوون. كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان: ئه‌زموونێكی نوێ بوو، له رێكخستن و چالاكی و بیركردنه‌وه‌دا: ئاڵاهه‌ڵگری نوێگه‌ری و مۆدێرنكردنه‌وه بوو، له‌هه‌نگاونان به‌ره‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی گیانی به‌ره‌نگاری و هه‌ڵسانه‌وه و خۆئاماده‌كردن بۆ شۆڕش و به‌گژداچوونی رژێم.
هه‌ر به‌ڕاستی شاسوار جه‌لال (ئارام) سه‌ركرده‌یه‌كی خاوه‌ن په‌یام و خه‌ونێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو. ئۆروپیه‌كان به‌م جۆره كه‌سایه‌تیه ده‌ڵێن: (فزیۆنێر) ئه‌و له‌ناخی كاره‌سات و نه‌مانی سه‌ركردایه‌تی و داڕمانی رێكخستن و ته‌نگژه و شێوانی رایه‌ڵه و په‌یوه‌ندییه‌كاندا ده‌ركه‌وت! هه‌رێمه‌كان پێكه‌وه گرێدران و رێگای به‌ره‌نگاری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه دیاری كرا. ئه‌و ده‌یویست (مۆدیل)ی حزبی كوردی تێپه‌ڕێنێت و په‌یوه‌ندی نێوان شانه‌كانی رێكخستن بگۆڕێت و هێزی پێشمه‌رگه و شۆڕش، دووباره‌كردنه‌وه‌ی شۆڕشه‌كانی پێشوو نه‌بێت: پاژێك له هێڵ و هێڵكاری و رایه‌ڵه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و له (په‌یڕه‌وی ناوخۆی ده‌سته چه‌كداره‌كان)(2) نووسراوه.
پاش قۆناغی (كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان) قۆناغێكی نوێ له مێژووی (بیر)ی یەکێتی ده‌ستپێده‌كات: گوتاری نوێگه‌ری و مۆدێرنه و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی رێگای جیاواز و (شۆڕشی نوێ) كۆتایی هات. گوتاری ناسیۆنالیستی به بارێكی تردا (ده‌مه‌زه‌رد) كرایه‌وه!
په‌لكه‌زێڕینه‌ی (تازه‌گه‌ری) ته‌نیا له‌بن ئاسمانی دروشم و رسته‌سازی و ئاوازی وشه‌كانی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی (ی.ن.ك)دا به‌رچاو ده‌كه‌وێت. نۆژه‌نكردنه‌وه بۆ ناخی شێوه و ناوه‌ڕۆكی بزووتنه‌وه‌ی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی شۆڕنه‌كرایه‌وه. گۆڕانكاری له مه‌رزوبوومی (ناو)ی به‌شه‌كانی رێكخستن و پله‌به‌ندی هێزی پێشمه‌رگه روویدا: (مه‌ڵبه‌ندی رێكخستن، تیپ، سه‌رتیپ،...)
راسته یه‌كێتی سێ باڵ و سێ لایه‌ن و به‌ناو سێ سه‌ركردایه‌تی بوو له‌ناو یه‌ك رێكخراوی یه‌كگرتوودا، به‌ڵام پاژی سه‌ره‌كی بیركردنه‌وه‌ی داسه‌پێنراو، هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو. چالاكی پێشمه‌رگانه، كاری رێكخستن، ئیداره‌ی ئابووری و دارایی، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆز و تیره و تایه‌فه و شێخ و مه‌شایخ، هه‌وڵی لاساییكردنه‌وه‌ی چه‌ند بڕگه‌یه‌كی شۆڕشی پێشوو بوو. ره‌نگه جیاوازییه‌ك له جیاوازییه‌كان، ئاستی گوێڕایه‌ڵی و ناوه‌ندێتی له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، له‌شۆڕشی نوێ‌دا مه‌ركه‌زیه‌ت و گوێڕایه‌ڵی، له‌گه‌ڵ شۆڕشی ئه‌یلوول به‌راورد ناكرێت، راگه‌یاندن و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی ناو مزگه‌وتی دێهاته‌كان گه‌شه‌كردنێكی زۆری به‌خۆیه‌وه بینی و له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یان و بڵاوكراوه‌دا به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونێكی به‌رچاو ده‌بینرێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی له بنچینه‌دا هێزێكی نه‌ته‌وه‌یی میانڕه‌وی بیربڵاوه. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌هێزه‌كانی تری كوردستان خۆی جیابكاته‌وه، هه‌ر جاره دروشمێك به‌رز ده‌كاته‌وه، سۆسیال ــ دیموكراتیش یه‌كێكه له دروشمه‌كان. له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له 2/5/2005 كه ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌ركرده و كادره پێشكه‌وتووه‌كانی ئه‌وسای (ی.ن.ك) وه‌كو (محه‌ممه‌د تۆفیق ره‌حیم، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا، فه‌رید ئه‌سه‌سەرد،...) مام جه‌لال سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ده‌كرد. من له‌و دانیشتنه‌دا گوتم: "یه‌كێتی هه‌ر به‌ناو سۆسیال ــ دیموكراته، له‌به‌رنامه‌ڕێژیدا پڕنسیپه‌كانی سۆسیال ــ دیموكرات وه‌كو دادپه‌ر‌وه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو، داكۆكی له مافی كرێكار و هه‌ژاران، به‌كرده‌یی له‌ناو ڕیزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه.." مام جه‌لال ره‌خنه‌كه‌ی به‌لاوه زۆر په‌سه‌ندبوو، بۆیه داوای لێكردم ره‌خنه‌كه به ده‌نگێكی زۆر به‌رز دووباره بكه‌مه‌وه. پاشان گوتی: قسه‌كانی مامۆستا جه‌عفه‌ر له‌جێی خۆیه‌تی و ئه‌گه‌ر ئێمه به‌راست سۆسیال ــ دیموكراتین، پێویسته به (عملی) سۆسیال ــ دیموكرات بین، نه‌ك ته‌نیا دروشمی سۆسیال ــ دیموكرات بۆ په‌رده‌پۆش به‌كاربهێنین.
ئه‌گه‌ر یه‌كێتی هێزێكی (نه‌ته‌وه‌یی) بێت و له‌خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و بیری نه‌ته‌وه‌ییدا خۆی به پێشه‌نگ و هه‌ڵگری مافی بڕیاردانی چاره‌نووس دابنێت و كه‌س به‌هاوشانی خۆی نه‌زانێت، ئه‌وه بابه‌ته‌كه ده‌یان پرسیار ده‌وروژێنێ.
یه‌كێتی نه‌یو‌یستووه به زه‌قی وه‌كو هێزێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ربكه‌وێت و پێناسه بكرێت. له‌ئه‌ده‌بی سیاسی كوردیدا، ئه‌م حزبه پێیوابووه: ئاوه‌ڵناوی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر (كاژیك) و (پاسۆك) به‌ته‌نیا تاپۆ كراوه، بۆیه ئاره‌زووی ده‌رنه‌بڕیوه ئاوه‌ڵناوی نه‌ته‌وه‌یی پێوه بنووسێت، كه له بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی ده‌پرینگێنه‌وه. به‌درێژایی مێژووی نوێ، چه‌ندین هێزی سیاسی كوردپه‌روه‌ر، له‌سه‌ر شانۆی كوردستان ده‌ركه‌وتوون: كۆنترینیان (هیوا) و (ژ. ك) بوون.
كاژیك له‌كۆتایی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا خۆی راگه‌یاند. له‌ناو پاژێكی فه‌رمانبه‌ر و خوێنده‌واراندا تا راده‌یه‌ك بره‌وی هه‌بوو. رێكخراوێكی بچوك، داخراو، توندڕه‌و له‌سه‌ر ئاستی زمانه‌وانی و خۆناساندن و گوتارسازیدا، ئه‌سپی خۆی تاوده‌دا، كه‌چی سه‌رده‌مانێك به‌تاقه شاسواری بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پیشانده‌دا. ساڵی 1975 كاژیك تووشی نووچدان و هه‌ره‌س بوو. له‌سه‌ر داروپه‌ردووی ئه‌و رێكخراوه (پاسۆك) دامه‌زرێنرا. ئه‌مه‌ش ته‌نیا ناوگۆڕكێ و كاژگۆڕكێ(3) بوو، ئایدیۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕ ره‌شه‌بای رۆژگار ناچاری خۆگۆڕینی نه‌كردن.
پارتی دیموكراتی كوردستان (16/8/1946) به ته‌مه‌نترین و ناسراوترین حزبه و له‌په‌رله‌ماندا خاوه‌ن گه‌وره‌ترین فراكسیۆنە، ئاڵاهه‌ڵگری كوردایه‌تی و هێزێكی نه‌ته‌وه‌یی پراگماتی و خاوه‌ن كاریگه‌ری ئایدیۆلۆژیی به‌رچاو له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستانە و هه‌ر ئه‌وه‌ش یارمه‌تیداوه به‌رگه‌ی زنجیره‌یه‌ك كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی بگرێت. من ئه‌م دێڕانه ده‌نووسم، ئه‌و راستیه چاك ده‌زانم كه یه‌كێتی و پارتی له‌بواری جیاجیادا جیاوازییان هه‌یه و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتریش زۆره.
بیری نه‌ته‌وه‌یی و داواكاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك
ئایا هه‌ر به‌ته‌نیا به‌رزكردنه‌وەی دروشم و قسه‌ی ئاگرین و خوتبه‌ی بریق و باق، ده‌بێته هۆی ڕاكێشانی دڵی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، یان كردار بنه‌مایه و ده‌بێ به‌كاری جوان و وڵات ئاوه‌دانكردنه‌وه و خزمه‌تی خه‌ڵك، هێزێكی سیاسی دڵسۆزیی خۆی بسه‌لمێنێ؟
بۆ له سه‌رده‌می شۆڕشدا، سه‌ره‌ڕای مه‌ترسی و سیاسه‌تی تۆقاندن و سه‌ركوتكردنی رژێم، به لێشاو خه‌ڵك پشتیوانی‌یان له (ی.ن.ك) ده‌كرد، ئێستا به‌شێكی به‌رچاو له كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر و پێشمه‌رگه دێرینه‌كان و زیندانییه سیاسیه‌كان، به قرخه‌مه‌ره‌سی بۆ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان ده‌ڕۆن؟
له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا ده‌نگده‌ران، دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌كه‌ون. ده‌نگ به حزبێك ده‌ده‌ن بێكاری نه‌هێڵێت، مافی گه‌ل ده‌سته‌به‌ر بكات، دادپه‌روەری كۆمه‌ڵایه‌تی بهێنێته‌دی، به‌كرده‌یی دژی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران بوه‌ستێ، نه‌هێڵێت مافی مرۆڤ پێشێل بكرێت، ژیانی ئابووری ببوژێنێته‌وه، له‌بواری ژینگه‌پارێزیدا نموونه‌بێت و... تاد.
ده‌نگده‌ر، حزبێكی ته‌پۆی بێفه‌ڕی گه‌نده‌ڵی لاروله‌وێری خواروگێڕی بۆ چییه؟ خه‌ڵك ده‌نگ به حزبێك ده‌دەن نموونه‌ی پاكی و ئه‌خلاقی سیاسیی به‌رز و په‌رۆشی خزمه‌تی هاووڵاتیان بێت. سه‌ركرده‌كانی نموونه‌ی راستگۆیی و سه‌ربه‌رزی و ده‌ستپاكی و ئه‌ته‌كێت و زمانپاراوی بن...
بیری نه‌ته‌وه‌یی به ڕووتی له (په‌یڕه‌و و پرۆگرام) دابنرێت، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌یه یه‌كێك به ملیۆن دۆلاری هه‌بێت، له‌كونه دیواردا قایمی بكات و دیواره‌كه به جوانی سواخ بدات. بیروباوه‌ڕ، له‌گه‌ڵ كردار و داخوازی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك گرێنه‌درێت، كاریگه‌ری خۆی له‌ده‌ست ده‌دات!
بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی ئایرله‌ندی ــ باكووری ئایرله‌نده‌ی كاتولیكی بنده‌ستی ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیای گه‌وره‌ی پرۆتستانتی، پێش ساڵانی 1968ــ 1970 تا راده‌یه‌ك كزوخامۆش و سڕبوو. هه‌ر بۆ نموونه: سوپای كۆماری ئایرله‌ندی IRA(5) ساڵی 1960 ژماره‌ی ئه‌ندامانی له ده‌وروبه‌ری بلفاست (20) ئه‌ندامی تێنه‌ده‌په‌ڕاند، ساڵی 1969ــ 1970 ئه‌م رێكخراوه دووله‌ت بوو، باڵی ره‌سمی و باڵی رادیكاڵ و چالاكیه‌كی ئه‌وتۆشی نه‌بوو له بلفاسته‌وه له‌نده‌ن بهه‌ژێنێت! (شێن فێن ــ Sinn Fêin)(6) كه رێكخراوێكی دێرینی ئایرله‌نده‌ی باشوور و باكووره، له شه‌ش پارێزگاكه‌ی باكوور سست و لاواز و ناكارا و له‌ئاست رووداوه‌كاندا نه‌بوو.
له‌ساڵانی 1968 ــ 1970 به‌دواوه گه‌نجان سه‌ریان به‌رزكرده‌وه و قۆلیان لێهه‌ڵماڵی و به‌شێك له شه‌قامه‌كانی بلفاستیان كرده سه‌نگه‌ر و به‌ره‌ی جه‌نگی راسته‌قینه. گروپه سیاسیه‌كان ناچاری یه‌كگرتنه‌وه بوون. شێن فێن بوژێنرایه‌وه. ژنان و پیاوان دەستیان دایە خۆپیشاندان و مانگرتن و داگیركردنی خانووی به‌تاڵ و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر ئاواره و بێلانه و لانه‌وازاندا. شه‌قامه‌كانی بلفاست بوونه ئاگر و سوپای به‌ریتانیا، نه‌یده‌توانی به‌بێ تانک و تۆپ رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران و سه‌نگه‌ری ئایرله‌ندیه كاتۆلیكه‌كان خۆی رابگرێت.
بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو ئایرله‌ندیه كاتۆلیكه‌كاندا، مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه. بیری نه‌ته‌وه‌یی ساڵی 1920 بەریتانیای گه‌وره‌ی ناچاركرد دان به سه‌ربه‌خۆیی حكومه‌تی ئایرله‌نده‌دا بنێت و (دبلن) كرایه پایته‌خت و ساڵێك پێشتر په‌رله‌مانیان هه‌ڵبژارد.(7)
له ئایرله‌نده‌ی باكوور، بیری نه‌ته‌وه‌یی به‌ته‌نیا، بارودۆخه‌كه‌ی نه‌گۆڕی. راسته شێن فێن تا راده‌یه‌ك ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگری هه‌بوو، به‌ڵام تا ساڵانی 1968ــ 1970 زۆر به‌رچاو نه‌بوو. پاش هه‌ڵسانه‌وه و راپه‌ڕین و بزاڤی به‌ره‌نگاریی جه‌ماوه‌ر، شێن فێن بووه هێز و داون ستریتی هه‌ژاند.
لە ساڵی 1983 به‌دواوه به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی له‌نده‌ن كرد و كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌كو (جێری ئاده‌مز وه‌كو نوێنه‌ری رۆژاوای بلفاست ده‌رچوو. به‌ڵام ئه‌وان به‌شدارییان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی له‌نده‌ن نه‌كرد. چونكه نه‌یانده‌ویست له په‌ر‌له‌ماندا سوێندی یاسایی بخۆن كه یه‌كێتی خاكی بەریتانیای گه‌وره ده‌پارێزن، ئه‌مه رێك پێچه‌وانه‌ی ئامانجی ئه‌وان بوو كه ده‌یانویست ئایرله‌نده‌ی باكوور له‌بنده‌ستی ئیداره و سوپا و هێزی چه‌كداری بەریتانی رزگار بكه‌ن. كاری جه‌ماوه‌ری حكومه‌تی له‌نده‌نی ناچار كرد له 1993 به‌دواوه، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئایرله‌ندیه‌كان رێكکه‌وتننامه ئیمزا بكات.
یه‌كێتی و بیری نه‌ته‌وه‌یی
سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، دوو رێباز، دوو پۆل له‌ناو كۆمه‌ڵه‌دا سه‌ریانهه‌ڵدا:
1. كوردستانی
2. عێراقچی
هه‌ردوولا له‌ناو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه ــ یه‌كێتیدا لایه‌نگر و پشتیوانی خۆیان هه‌بوو. له‌سه‌ر داهاتووی كوردستان گفتوگۆی خه‌ست ده‌كرا و هه‌رلایه‌ك خۆی به‌ڕاستتر ده‌زانی و هه‌وڵی ده‌دا قه‌ڵا و ته‌لاری بیروباوه‌ڕ و بیانووی به‌ره‌كه‌ی تر بنكۆڵ بكات. رۆژگار ده‌ریخست کە نه (كوردستانی)یه‌كان داكۆكیكار و دڵسۆز و پێڕه‌وانی سه‌رسه‌ختی ئه‌م رێبازه بوون و نه (عێراقچی)یه‌كانیش له كوردستانیبوون شۆرابوونه‌وه و خۆیان به چمكی كه‌وای (عێراقچێتی) و (یه‌كێتی خاكی عێراق)دا هه‌ڵواسیبوو. لە ساڵی 2003 به‌دواوه، به قودره‌تی قادر كۆڕی ده‌روێشانی رێبازی (كوردستانی) تا ناو به‌غدا نه‌وه‌ستان و باسی (كوردستانیبوون) و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر پێنج پارچه‌كه له‌سه‌ر ره‌فه دانرا.
(عێراقچی)یه‌كان هێرشی توندیان كرایه سه‌ر و سه‌ركرده‌كانیان چوار پێنج ساڵێك له زیندانی (یاخسه‌مه‌ر) توندكران. عێراقچێتی به قورسترین تاوان داده‌نرا و خیانه‌تێکی نیشتمانی بوو، هه‌رچی تۆپی راگه‌یاندنیش هه‌یه، ئه‌وه‌ندەی سه‌نگه‌ری عێراقچی تۆپباران ده‌كرد، نیو ئه‌وه‌نده به ئه‌ركه نیشتمانییه‌كانی خۆیەوە سه‌رقاڵ نه‌بوو. سه‌یر ئه‌وه‌یه، یه‌ك كه‌س له سمبۆله‌كانی به‌ناو (عێراقچی) هه‌ر بۆ سه‌یران و بای باڵ دوای رووخاندنی رژێمی سه‌دام، روویان نه‌كرده پایته‌خت، به‌ڵكو كوردستانییه سه‌رسه‌خته‌كان كێبڕكێیان بوو، له په‌رله‌مانتاره‌وه تا وه‌زیر و گزیریان له به‌غدا به‌ربكه‌وێ.
گریمان ی.ن.ك هێزێكی نه‌ته‌وه‌یی بێوێنه‌یه و له خه‌باتی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییدا گه‌یشتووەته لووتكه و تۆزقاڵێك گه‌رد له‌سه‌ر روومه‌تی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌سه‌له‌ی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس نەنیشتووە! به‌ڵام له رۆژانی پێش ریفراندۆم 25/9/2017 بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، سه‌ركردایه‌تی (ی.ن.ك) نه‌یده‌توانی یه‌ك هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو دابڕێژێت. ئه‌وانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی هێزه كوردستانییه‌كاندا به‌شداربوون، حوزه‌یرانی 2017 ده‌یانتوانی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا (ڤیتۆ)ی یه‌كێتی به‌ڕاشكاوانه رابگه‌ێنن. ملی كه‌سیان له‌ژێر چه‌قۆی هه‌ڕه‌شه و ته‌وردا نه‌بوو، تا نه‌توانن ده‌م هه‌ڵبهێنن و ده‌ست ببزوون! له كۆبوونه‌وه‌ی كه‌ركووكدا بیرۆكه‌یه‌ك له‌ناو سه‌ركردایه‌تی یەکێتی گه‌ڵاڵه بوو: باشتر وایه گوێ له ناڕه‌زایی دۆستان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بگیرێت و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رودراوسێ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و شاندێكی باڵای م. س سه‌ردانی پیرمام بكات و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ركردایه‌تی بخاته پێش چاوان و داوای پاشه‌كشه بكه‌ن. كه‌چی له پیرمام كۆبوونه‌وه‌یه‌ك رێكخرا و پشتیوانی بۆ ریفراندۆم دووباره كرایه‌وه.
مه‌لا به‌ختیار جارێكیان پێی‌گوتم کە ئه‌م قسانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی (م.س) و سه‌ركردایه‌تی كردووه:
((له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی (پیرمام)، له‌سه‌ر پێشنیازی من: ئاسۆ مامه‌ند و كاكه‌ڕه‌ش سدیق بۆ كه‌ركووك گه‌ڕانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دوا بڕیار له‌سه‌ر كردن و نه‌كردنی ریفراندۆم بده‌ن. پاش ئه‌و بڕیاره، ئه‌و بیرۆكه‌یه په‌سه‌ند كرا کە كاك مه‌سعود، داوا له‌كاك كۆسره‌ت بكات له‌گه‌ڵیاندا بڕوات بۆ كه‌ركووك. له‌وێ كاك كۆسره‌ت قه‌ناعه‌تی پێكردن ده‌نگ بۆ ریفراندۆم بده‌ن.))
زۆرجار له‌یه‌ك رۆژدا، یه‌ك كه‌س به سێ ئاوازی دژبه‌یه‌ك سێ به‌یانی بڵاوكردووەتەوە، یان بۆ سێ كه‌ناڵی ئاسمانی سێ جۆره لێدوان بدات. بێگومان هه‌ر یه‌كه‌م رۆژ ده‌بوو یه‌ك هه‌ڵوێست رابگەیەنرایه، نه‌ك هه‌ر رۆژه هه‌ڵوێستێك، من وه‌كو مرۆڤێكی ئه‌كادیمی سه‌یری بابه‌ته‌كه ده‌كه‌م نه‌ك وه‌كو لایه‌نگری لایه‌ك كه ده‌یه‌وێت به پووش و په‌ڵاشی په‌ڵپ و بیانووی جۆراجۆر دیواری راگر بۆ تێگه‌یشتن و پلانه‌كانی خۆی هه‌ڵبه‌ستێ.
ماوه‌یه‌كی تر خوێندكارێكی دكتۆرا بیه‌وێت له‌سه‌ر (ریفراندۆم) یان (به‌ڵگه‌نامه‌كانی ریفراندۆم) یان (هه‌ڵوێستی هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان پێش ریفراندۆم) نامه‌ی دكتۆرا بنووسێت، ده‌بێ چی بنووسێت؟ چونكه سه‌دان كه‌س به‌یان و بڵاوكراوه و لێدوانه‌كانیان پاراستووه و له‌سه‌ر سه‌كۆی مێژوو، راستیه‌كان پووش به‌سه‌ر ناكرێ.
سه‌رنج و سه‌رچاوه
1. یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان: پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌سه‌ندكراوی سێیه‌مین كۆنگره. سلێمانی 1/6 ــ 14/6/2010.
2. ئه‌م ده‌قه له‌كاتی خۆیدا به سه‌ربه‌خۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه، پاشان سه‌رله‌نوێ بڵاوكراوه‌ته‌وه:
بڕوانه: محه‌ممه‌د شێخ عه‌بدولكه‌ریم سۆڵه‌یی: ئارام و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی كورد. به‌رگی یه‌كه‌م. سلێمانی 2007 ل 151ــ 157.
3. كاژگۆڕكێ: گۆڕینی گاژ: له‌سه‌ر كێشی سه‌نگه‌رگۆڕكێ.
4. د. عه‌بدوڵڵا ئاگرین: كاژیك ((چه‌پكێ بیره‌وه‌ری و چه‌رده‌یه‌ك دیكۆمێنت. به‌رهه‌مه سیاسیه‌كان زنجیره‌ی (11) چ 1، هه‌ولێر ــ كوردستان. 2015 ل 133.
5. IRA كورتكراوه‌ی Irish Republican Army
ئه‌م رێكخراوه سه‌ربازیه سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌ورێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له سه‌ربه‌خۆیی ئایرله‌نده‌ی باشوور گێڕا.
6. شێن فێن ــ Sinn Fêin :
هێزێكی سیاسی ئایرله‌ندی ــ كاتۆلیكی گرنگه ساڵی 1905 دامه‌زراوه و ساڵی 1919 له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیدا زۆرایه‌تی وه‌ده‌ستهێنا.
7. Adams. Gerry: Bevor es Tag wird
Autobiographie. Aus dem Englischen
Von Jürgen Schneider. Verlag Volk & welt
Ber in 1996. S. 402
8. Adams. Gerry. Ibid. S. 188
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ