جەلال پەرێشان: 6 مانگە تەنها چا و شیر دەخۆینەوە

22-01-2015
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن جەلال پەرێشان ژینۆ محەممەد
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیێنێت، پێشمەرگە لە شەڕەو خوێنی دەڕێژێ، بەهۆی یەكلانەبوونەوەی پۆستەكانیش ئەوان دانیشتوون و جگە لە خواردنەوەی چایە و شیر هیچ كارێك ناكەن. لە بەرامبەریشدا ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت یەکلانەبوونەوەی پۆستەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پەیوەندی بە یەکلانەبوونەوەی پۆستەکانی سلێمانییەوە هەیە.

جەلال پەرێشان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی رووداو لەبارەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، كار و ئیمتیازاتەكانیان رایگەیاند:" جیا لە گفتگۆکردنی رەشنووسی دەستوور، وەکو ئەنجوومەن هیچ ئیشێکمان نەکردووە و 5  بۆ 6 مانگ دەبێت هەر دانیشتووین و چایەو شیرمان خواردووەتە".

لە بارەی کڕینی ئۆتۆمبێل، پەرێشان روونیكردەوە كە بەپێی زانیارییەکانی ئەو کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ لیژنەکان بووە بە تابلۆی شین، بۆ خزمەتکردنی لیژنەکان لە کاتی سەردانیکردن و چاودێریکردنی پرۆژەکان.

سەبارەت بە پێدانی ئیمتیازات بە ئەندامانی ئەنجوومەن، پەرێشان ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو مووچەی 5 مانگی خۆی گەڕاندووەتەوە و وەرینەگرتووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە مووچەی هەیە لە وەزارەتی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان. دەشڵێت پێشمەرگە لە شەڕەو خوێنی دەڕێژێ، هیچ ماقوڵ نییە ئێمەش بێ ئیش و کار مووچە وەربگرین.

لەربارەی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەن كە دەنگیان لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئەنجوومەنەکە نەداوە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی: "دوای ئەوەی گوترا ئەوانەی دەنگیان نەداوە ئۆتۆمبێلیان بۆ ناکڕدرێت، ئەوانیش دەستیان هەڵبڕی".

سەبارەت بە پێشکەشکردنی یاداشت بە ئەنجوومەنەکە، بە گوتەی پەرێشان دەبێت لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان بێت، هۆکاری هەماهەنگی نەبوون لە نێوانی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەش لە فراکسیۆنی سەوز بۆ "باڵ باڵانێی ناو یەکێتی" دەگەڕێنێتەوە.

لە بەرامبەریشدا ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی یەکێتی دەڵێت یەکلانەبوونەوەی پۆستەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پەیوەندی بە یەکلانەبوونەوەی پۆستەکانی سلێمانییەوە هەیەو دەشڵێت دیاریکردنی پۆستەکان چەند دوا بکەوێت، ناتوانین بپڕژێینە سەر کارەکان.

ژینۆ محەممەد كە ميوانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو، لەبارەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و كار و ئیمتیازاتەكانیان ئاماژەى بەوەدا لە 18یەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو، کە ژمارەیان 27 ئەندام بوو، بڕیاردرا بە کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا.

ژینۆ  ئاماژە بەوەش دەدات ئەو ئۆتۆمبێلانە بە تابلۆی شین و موڵکی ئەنجوومەنەکە دەبێت نەک ئەندامەکانی، دەشڵێت بەڵام بۆ کڕینی لە کاتی ئێستادا "پێنج لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەنگمان لەسەری نەدا"، دەشڵێت "لە فراکسیۆنی سەوز من و ئەندامێکی دیکەی فراکسیۆنەکە بۆ هەر چوار ساڵەکە هەموو پاداشت و ئیمتیازێکمان رەتکردووەتەوە، کە لە فەرمانبەرێکی ئاسایی جیامان دەکاتەوە ".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە دەنگدان لەسەر سکرتێری ئەنجوومەن ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان دەنگیان پێی نەداوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە "ئێمە دوامانکرد یەکلاکردنەوەی پۆستەکە بۆ دوای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان دوابخرێت، بۆ ئەوەی بزانین بەپێی ئیستحقاق بەر چ لایەنێک دەکەوێت".

ژینۆ  ئەوەش رووندەکاتەوە دیاریکردنی پۆستەکان چەند دوابکەوێت، ناتوانن بپڕژێینە سەر کارەکان، یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانیش بۆ لایەنی "پارتی" دەگەڕێنێتەوە و بە رای ئەو "ئەوان چاوەڕێی یەکلابوونەوەی پۆستەکانی سلێمانی دەکەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە