رووداو - هەولێر
رۆژی 21 ی شوباتی هەموو ساڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایكە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرزڕادەگرن. لە جیھاندا 6 ھەزار زمان ھەن، بەڵام زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە و زۆرترین خەڵك قسە بە 100 زمان دەكەن، زمانی كوردیش لە پلەی 59-یەمین زمانی جیهاندایە. تۆڕی میدیایی رووداو ئەو رۆژەی بەرزڕاگرت و پێشكەكشكار و پەیامنێران لەكاتی رووماڵكردنی چالاكییەكانی تایبەت بە رۆژەكە ماوەیەك بە شێوەزاری خۆیان قسەیان كرد.
زمانی كوردی لە رەوشێكی خراپدایە
بۆ باشتركردنی زمانی كوردی، لە باكوور و باشووری كوردستان چالاكی تایبەت بە زمانی كوردی بەڕێوەچوون و لە باكوور داواكرا زمانی كوردی وەك دووەم زمانی فەرمی لە توركیا بناسێنرێت. شارەزایانی بواری زمانیش هۆشداری دەدەن لەوەی زمانی كوردی لە رەوشێكی خراپ دایە و بەشێكیان پارتە سیاسییەكان بە بەرپرسیار دەزانن.
لە عێراق زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمییە و لە باشووری كوردستان زمانی فەرمی حكومەت و خوێندن و سیاسەتە. لە سووریا زمانی کوردی دانی پێدانەنراوە، بەڵام كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان زمانی كوردی وەك زمانی فەرمی بەكاردێنن، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگییەكی زۆر بە زمانی عەرەبی دەدەن.
لە ئێرانیش لەکاتێکدا زمانی کوردی دانی پێدانەندراوە، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر لاوەكی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەخوێندرێ و چەند قوتابخانەیەک بە زمانی کوردی هەن، لە زانكۆی سنەش وانەی كوردی دەخوێندرێت، هەروەها چەند تەلەڤزیۆن و رادیۆیەكیش بە زمانی کوردی هەن.
لە هەرێمی كوردستان پێکھاتەکان ئازادن بە زمانی دایکیان بخوێنن
ھەریەکە لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق یاسای تایبەتیان بە زمان دەرچواندووە. لە جیھاندا ئێستا 472 یاسای زمان ھەن و 193 وڵات لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان پێدانراوە.
کورد وەک نەتەوەیەکی کۆن زمانی خۆی ھەیە، لە چەندین دیالێکت و زاراوە پێکھاتووە، بەڵام لە چەندین قۆناخی جیاوازدا لەلایەن دەوڵەتانی سەردەست ھەوڵی سڕینەوەی دراوە.
لە دەستووری تورکیا ئاماژە بە یەک زمان و یەک نەتەوە کراوە، بەڵام 30 نەتەوە و 36 زمان لە تورکیا ھەن، لە دەستووری عێراق دەڵێت دوو زمان ھەیە، بەڵام جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی زمانەکانی دیکە ھەن.
لە ماددەکانی 15 و 19ی دەستووری ئێران ئاماژە بەوەکراوە نەتەوەکان دەتوانن زمانی خۆیان لە راگەیاندنەکان و ھۆکانی دیکە بەکاربێنن، بەڵام دیسان زمانی کوردی زمانی پەروەردە و نووسین نییە و گوشاری زۆری لەسەرە.
ھەرچەندە لە ھەرێمی کوردستان یاسای زمانە فەرمییەکان لە پەرلەمان دەرچووە، بەڵام بە بڕوای تاریق جامباز، پەرلەمانتاری خولەکانی یەکەم و دووەمی پەرلەمانی کوردستان، بەھۆی لابردنی (کۆمسیۆنی زمانە فەرمییەکان کە لە 8 ماددە پێکھاتووە، دەرچوونی ئەو یاسایە لەگەڵ مردنی یاساکە وەک یەک وایە، چونکە روون نییە کێ پارێزگاری لە جێبەجێکردنی زمان دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە پەیڕەو و پڕۆگرامیاندا باسی سیاسەتی زمان ناکەن و لە ھیچ کام لە کابینەکان و خولەکانی پەرلەمانی کوردستاندا لیژنەی زمانمان نەبووە، بۆیە ئەو یاسا و رێسایانەی دەرچوون لەڕووی زمانەوانییەوە دۆخیان خراپە". بەڵام لە ھەرێمی کوردستاندا، پێکھاتەکان ئازادن بە زمانی دایکیان بخوێنن.
لە جیهان 6 هەزار زمان هەن
لە جیھاندا 6 ھەزار زمان ھەن، زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەھۆی ئەوەی پیتی نووسینیان نییە و تەنھا لە قسەکردندا بەکاردێن، 200 بۆ500 زمانیش مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەھۆی ئەوەی ناتوانن خۆیان لەبەردەم تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنەکان رابگرن. جگە لەو گرووپ و نەتەوانەی ژێردەستن و دەکەونە ژێر کاریگەری نەتەوەی سەردەست. زمانە زیندووەكانی جیهان بریتین لە:
- زمانی ماندراین 955 ملیۆن کەس
- زمانی ئیسپانی 405 ملیۆن کەس
- زمانی ئینگلیزی 360 ملیۆن کەس
- زمانی هیندی 310 ملیۆن کەس
- زمانی عەرەبی 295 ملیۆن کەس
- زمانی کوردی
- لە پلەی 59مین زمانی جیهانە
- 21 ملیۆن کەس بەکاریدێنن
- 0.31% ی دانیشتووانی جیهان
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن، لەنێویشیاندا زمانی ماندراین کە زمانی چینییەکانە 955 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و لە ریزبەندی یەکەم زمانی جیهانی دایە، لەدوای ئەویش زمانی ئیسپانی دێت کە 405 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و زمانی ئینگلیزیش 360 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن، هەرچی زمانی کوردیشە بەپێی ریزبەندی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی لەریزبەندی 59یەمین زمانی جیهاندایە و 21 ملیۆن کەس بەکاریدێنن، کە دەکاتە 0.31% ی دانیشتووانی جیهان.
رۆژی جیهانیی زمانی دایك لەچییەوە هاتووە؟
رۆژی جیھانی زمانی دایک، لە رۆژی بزاڤی زمانی ساڵی 1952ی بەنگلادیش (رۆژھەڵاتی پێشووی پاکستانی بەر لە سەربەخۆیی)ەوە سەرچاوەی گرتووە.
ساڵی 1952 ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەکزمانی ناڕەزاییان دەربڕی، 11 کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران، ساڵی 1956 دەوڵەت بەناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.
رێکخراوی یۆنسکۆی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1999 رۆژی 21 ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند و، ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایک دیاریکرا.
ساڵی 2000 بۆ یەکەمجار یادی ئەم رۆژە مێژوویی و جیھانییە کرایەوە. یۆنسکۆ ھۆکاری ھەڵبژاردنی رۆژێکی جیھانی بۆ زمانی دایک، بۆ ھاوکاریکردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کولتوورەکان گەڕاندەوە.
لە باکووری کوردستان خەریكە چەند شێوەزارێکی زمانی کوردی لەنێودەچن
لە باکووری کوردستان زمانی کوردی لەژێر مەترسیدایە و دوای 5 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر بڕیاری حكومەتی تورکیا بۆ رێگەدان بە گوتنەوەی وانەی ئەو زمان و زاراوانەی ماون، هێشتا تەنیا لە بەشێکی کەمی پەیمانگە و کۆلیژەکانی ئامەد زمانی کوردی دەخوێندرێت و خوێندن بە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە ماوەتەوە.
ئێستا بەشێکی زانکۆ و پەیمانگەکان لە ئامەد کۆرسی تایبەتی فێربوونی زمانی کوردییان بۆ ئەو قوتابییانە کردووەتەوە کە هەر لە منداڵییەوە فێری زمانی کوردی نەبوون و قوتابییان فێردەکرێن، مامۆستایانی زمانی کوردیش لە ئامەد دەڵێن وانە بژاردەکە بەوە راناگات قوتابییان فێری هەموو بنەما و شێوازەکانی زمانی کوردی بکات.
لە ئامەد داهاتووی زمانی کوردی لە مەترسیدایە
لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان کە بە پایتەختی سیاسی باکوور دەناسرێت، زمانی کوردی لە مەترسیدایە و خەریکە لەنێودەچێت.
دەیان هەزار خێزان لە ئامەد ناوی کوردی لە منداڵەکانیان دەنێن، بەڵام فێری زمانی کوردییان ناکەن، ئەمەش بەگوتەی بەشێکی خەڵکی شارەکە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئەو شارە کوردییە.
شارەزایان لە ئامەد دەڵێن ئەو کێشەیە پەیوەندی بە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و کاریگەری لەسەر باكووری كوردستانەوە هەیە.
قائیمقامی کەرکووک یەکەم نووسراو بە زمانی کوردی دەردەكات
لە رۆژی زمانی دایک، قائیمقامی ناوەندی کەرکووک یەکەمین نووسراوی بە زمانی کوردی دەركرد و رایگەیاند، بەپێی یاسا رێگە پێدراوە لە هەموو شوێنێک نووسراو بە زمانی کوردی بنووسرێت. لەبارەی هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستانیش لەسەر فەرمانگەکان گوتی "هەر کاتێک ئەنجوومەنی پارێزگا و جەنابی پارێزگار رێگەیاندا، ئامادەین هەڵی بکەین".
بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک، کامیل ساڵەیی، قائیمقامی ناوەندی کەرکووک گەرمترین پیرۆزبایی لە لە هەموو كوردێك كرد لە هەر شوێنێكی جیهان بن و گوتی "هیوادارم زمانی کوردی هەر شکۆداربێت و بەرەوپێش بچێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەم زمانە بچەسپێندرێت و کاریشی بۆ بکرێت".
کامیل ساڵەیی هۆکاری دەرکردنی نووسراوەکانی بە زمانی کوردی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکراكرد و گوتی "بەو بۆنەیە پێمانخۆش بوو وەکو هەنگاوێک دەستپێبکەین، نووسراوەکانمان بە زمانی کوردی بۆ جەنابی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا و فەرمانگەکانی دیکە بنێرین".
قائیمقامی ناوەندی کەرکووک گوتیشی "بەپێی یاسا لە ماددەی 4 و بڕگەی 3ی دەستووری عێراقدا هاتووە، رێگە پێدراوە لە هەموو شوێنێک نووسراو بە زمانی کوردی بنووسرێت، ئەو نووسراوانەش لە فەرمانگەکان بەفەرمی دادەنرێن".
ساڵەیی پێیوایە نووسراوکردن لەنێوان هەموو فەرمانگەکانی شاری کەرکووک بە زمانی کوردی "پێویستی بە کار هەیە، دەکرێت ئەم بابەتە لەلایەن پارێزگارەوە بکرێتە بڕیار و کار بە زمانی کوردی بکرێت".
سەبارەت بە هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستانیش لەسەر فەرمانگەکان، کامیل ساڵەیی گوتی "هەر کاتێک بڕیارێک دەرچوو، رێککەوتنێک لەنێوان فەرمانگەکان کرا، هەر کاتێک ئەنجوومەنی پارێزگا و جەنابی پارێزگار رێگەیاندا، ئێمە بۆ ئەوەی دوانەکەوین ئاڵای کوردستان و شوێنەکەشمان بۆی ئامادەکردووە".
لە خورماتوو خوێندنی زمانی کوردی پاشەکشەی کردوو
خورماتوو سەرەڕای ئەوەی شارۆچکەیەکی کوردییە، بەڵام بەهۆی بوونی تابلۆی عەرەبی و خوێندنی بەشێکی منداڵانی کورد لە قوتابخانەی عەرەبی زمانی کوردی هەڕەشەی لەسەرە، هەر لەو شارۆچکەیە هیچ ناوەندێکی رۆشنبیری کوردی نییە تاوەکو بەهۆیەوە زمانی کوردی لەنێو خەڵک ببووژێندرێتەوە.
کاسبکاران دەڵێن ئەگەر تابلۆکەت بەکوردی بێت هیچ کەس لێی تێناگات، شامیل کامیل کاسبکارە و دەڵێت "زیاتر خەڵک زمانی عەرەبی دەزانن، ئێستا قوتابخانەکانمان هەمووی عەرەبییە".
خوێندنگەیەکی عەرەبی لەنێو جەرگەی بەشە کوردییەکەی خورماتووە، هەموو ئەو منداڵانە کوردن و لەوێ دەخوێنن.
لەخورماتوو نزیکەی هەشت هەزار خوێندکار بەزمانی کوردی دەخوێنن، 53 قوتابخانە هەن، بەڵام بەراورد بە گەشەسەندنی دانیشتوانی قەزاکە خوێندنی کوردی گەشەی نەکردووە.
جگە لە کتێبخانەیەکی گشتی ئەویش لەناوچە تورکمانییەکاندایە و لەژێر دەستی حەشدی شەعبییە و کورد بۆی ناچێت، هیچ ناوەندێکی رۆشنبیری کوردی لە قەزای خورماتوو نییە.
گوڵاڵە کێشەی کەمی قوتابخانەی کوردی هەیە
ماوەی چەند ساڵێکە لە گوڵاڵە، لەكۆی شەش قوتابخانەی کوردی پێنجیان بە بیانووی کەمبوونەوەی رێژەی دانیشتووان داخراون، داخستنی قوتابخانەکانیش ئاستەنگی بۆ خوێندنی کوردی لەو ناوچەیە دروستکردووە.
لە کۆی 57 گوندی شارۆچكەی گوڵاڵە کە سەر بە پارێزگای دیالەیە، تەنیا سێ قوتابخانەی کوردی هەن، بهڕێوهبهری گشتیی پهروهردهی گهرمیانیش دەڵێت پلانیان بۆ فراوانکردنی خوێندنی کوردی لەو سنوورە هەیە.
پهروهردهی گهرمیان دهیهوێت له ساڵی داهاتوودا گرنگییهكی زۆرتر به ناوچهكانی قهرهتهپه و گوڵاڵه خانهقین بدات، چونكه ههستیان بەو مهترسییانه كردووه كه لە ناوچەكەدا رووبهڕووی خوێندنی كوردی بوونەتهوه.
دارا ئهحمهد، بهڕێوهبهری گشتیی پهروهردهی گهرمیان بە رووداوی راگەیاند ''بهمهبهستی برەودان به خوێندنی كوردی له ناوچه دابڕاوهكاندا، ههموو ههوڵێكمان خستووەتهگهڕ، بۆ ساڵی داهاتووش پلانمان ههیه ئهو قوتابخانانهی خوێندنی كوردییان تێدا پهیڕهودهكرێت، فراوانتریان بكهین".
"لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ مەترسییەک لەسەر زمانی کوردی نییە"
عەبدوڵڵا حەسەن زادە، نووسەر و وەرگێڕ و شارەزای زمانی کوردی، لەبارەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک پێشتر بە رووداوی گوتبوو "پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر رەخنەی ئەوەیان بەردەکەوێت کە کەمتەرخەم بووبن لە بەرامبەر زمانی کوردی، بەتایبەت حیزبی دیموکراتی کوردستان لەسەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو دامەزراندنی کۆماری کوردستان گرنگی زۆری بە زمانی کوردی داوە و ئەدەبیاتی خۆی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە".
حەسەن زادە هەروەها گوتی "لە هەموو سەردەمەکانی خۆیدا حیزبی دیموکراتی کوردستان خزمەتی زمان و ئەدەبیاتی کوردی کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا چاپکردنی کتێبیشی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە و گرنگی بە وەرگیڕانیش لە زمانەکانی فارسی و عەرەبی بۆسەر زمانی کوردی داوە".
لەبارەی هەبوونی مەترسی لەسەر زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، حەسەن زادە گوتی" کاتێک ئێمە باسی ئەوە دەکەین پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر زمانی کوردی کەمتەرخەم نەبوون، مانای ئەوە نییە هەموو شتێک تەواوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەبوونی مەترسی یان قەدەخەکردن و لەناوچوونی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەترسی دەرچووە و ناتوانن زمانی کوردی قەدەخە بکەن".
ئەو نووسەر و رۆشنبیرە راشیگەیاند " ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بایی ئەوە رێگەی داوە رۆژنامە و گۆڤار بە زمانی کوردی بڵاوببنەوە و بەو هۆیەوە خەڵکانێک سەرقاڵی ئەدەبیات و کارکردنن بە زمانی کوردی، هاوکات تەلەڤزیۆن و رادیۆش بە زمانی کوردی هەن، ئەگەر ئازدیشیان بەر تەسک بێت، بەڵام بەزمانی کوردین و ئەوەش گرنگە".
عەبدوڵڵای حەسەن زادە ئاماژەی بەوەش کرد " کاتی خۆی کە سەنتەری سەڵاحەدینی ئەیوبی دامەزرێنرا، خەڵکانێکی زۆر دژایەتی خۆیان بۆ کردنەوەی ئەو سەنتەرە دەربڕی و بە پیاوانی کۆماری ئیسلامییان دادەنان، بەڵام ئێمە وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستان دژایەتی کردنەوەی ئەو بنکەیەمان نەکرد و بە نووسراو رامانگەیاند کردنەوەی سەنتەری سەڵاحەدینی ئەیوبی خێرنییە لە لایەن کۆماری کوردستانەوە پێماندەکرێت، بەڵکو ئەوە بەرهەمی خوێنی شەهیدانی کوردستانە، بۆیە ئێمە هانماندان بۆ ئەوەی لەسەر ئەو کارانە بەردەوام بن و پشتیوانی هەموو بڵاوکراوەیەک دەکەین کە بەزمانی کوردی دەردەچن".
مەسعود تەک: لە بەرامبەر زمانی كوردی كەمتەرخەمیمان كردووە
مەسعود تەک، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان كە خەڵكی شاری دێرسیمە و حیزبەکەی لە ساڵی 1976 لە باكووری كوردستان دامەزراوە، لەبارەی کەموکوڕیی حیزبەکانی باکووری کوردستان لەڕووی گرنگی نەدان بە زمانی کوردی گوتی " بەڵێ ئێمە کەمتەرخەمیمان کردووە، بەڵام ئێمە تاوانبار نین، تاوانبار سیستەمی تورکیایە".
تەك هەروەها راشیگەیاند " کۆماری تورکیا لەسەر بنچینەی ئینکاریکردن لە گەلانی تورکیا، زمانەکانیان، کولتوور و مێژوویی ئەوان دامەزراوە و ئەو پێشنەکەوتنەی زمانی کوردیش تاوانی ئەوانە". گوتیشی "دەوڵەتی تورکیا کاتێک دامەزرا نەک هەر زمانی کوردی قەدەخەکرد، بەڵکو گوتی لە تورکیا کورد هەر نین و ئەوان تورکی چیایین".
سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان باسی رابردووی كرد لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی توركیاداو گوتی " کاتی خۆی دایکم لەترسی دەوڵەت بە منی دەگوت: کە چوویە دەرەوە بە کوردی قسە نەکەی". گوتیشی " هەرچەندە ئێستا ئەو فشارە نەماوە، بەڵام کاریگەریی هەر هەیە". ئەو باسی لەوەش كرد كە تەنیا کاری حیزبەکان نییە ئەو رەوشە چاک بکەن، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگەکانی مەدەنیش گرنگی بەمە بدەن و هەوڵ بدەن زمانی کوردی بڵاوبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ