سەرۆک بارزانی و شاندێکی حیزبی دەعوە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی کرد و پرسی شایستە دەستوورییەکان و میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق، شاندەکەی حیزبی دەعوە بە سەرۆکایەتیی عەباس بەیاتی بووە و لە دیدارەکەدا باس لە قۆناخەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی "بەهێز و کارا" کراوە، بە جۆرێک کە بتوانێت داخوازییەکانی هاووڵاتییان جێبەجێ بکات و سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا بچەسپێنێت.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ بەجێگەیاندنی شایستە دەستوورییەکان لە چوارچێوەی یاسادا کردەوە. هەروەها ئاماژە بە بەهێزکردنی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دەعوە کراوە، ئەوەش وەک بنەمایەک بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی دامەزراوەیی و فراوانکردنی ئاسۆی کارکردنی نیشتمانیی هاوبەش.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا تیشک خراوەتە سەر بەهێزیی پەیوەندییە مێژوویی و خەباتگێڕییەکانی هەردوولا لە سەردەمی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی سەدام و ئاماژە بەوە کراوە، ئەو مێژووە هاوبەشە و متمانەی نێوانیان، ئێستا بنەمایەکی بەهێزە بۆ پەرەپێدانی هاوبەشیی سیاسی و نیشتمانی.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی و شاندەکەی حیزبی دەعوە رایانگەیاندووە، هاوئاهەنگییەکانیان بەردەوام دەبن بۆ پشتگیریکردنی پڕۆسەی سیاسی و جێبەجێکردنی خواستی خەڵکی عێراق لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز، دادپەروەر و سەقامگیر.
ئێوارەی هەینی شاندێکی باڵای حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەباس بەیاتی گەیشتە هەولێر.
شاندەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و دکتۆر عەرەفات، نوێنەری بارەگای بارزانی پێشوازییان لێکرا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی رەوشی ئێستای عێراق، پرسی پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستی سەرۆکوەزیران و حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت."