عەلی باپیر و مەلا بەختیار رووبەڕووی یەكدی دەبنەوە

رووداو- هەولێر

بڕیارە دیبەیتێك لەنێوان عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و مەلابەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پرسی دیموكراسی و عەلمانییەت لە كوردستان بەڕێوەبچێت.

د.عادل باخەوان، مامۆستای زانكۆ لە فەرەنسا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئێمە لە قوتابخانەی خوێندی باڵای زانستە كۆمەڵایەتییەكانی پاریس و خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس، بۆ لادانی ئەو پەردانەی كە بەسەر ئەو واقیعە كۆنكرێتیەدا دراون، دیبەیتێك لەنێوان كاك مەلا بەختیار و مامۆستا عەلی باپیردا سازدەكەین".

عادل باخەوان راشیگەیاند، دوور لە دەنگەدەنگی سەر شاسەی تەلەڤزیۆنەكان، موزایەدە سیاسییەكان، هاندان و چەپڵەلێدان و هوتافكێشان، ئامانجی یەكەمی ئەم چالاكیە بریتییە لەدروستكردنی چوارچێوەیەكی بابەتیانە، بێلایەنانە و ئەكادیمیانەی دیبەیت لەنێوان ئەم دوو ئەكتەرەدا، كە بەشێكی زۆر لە ژیانی خۆیان بۆ كردەی تەنزیر لەسەر دیموكراسی و عەلمانەیت تەرخانكردووە".

دیبەتیەكە بە زمانی كوردی و ئینگلیزی لەلایەن پڕۆفیسۆر میشێل ڤیڤیۆركا، سەرۆكی خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس و د.عادل باخەوان، مامۆستا لە زانكۆی ئێڤری و توێژەری هاوكار لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای زانستە كۆمەڵایەتییەكانی پاریس بەڕێوەدەچێت.

بەپێی زانیارییەكان دیبەیتەكە رۆژی  10-4-2016 لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

بەپێی خشتەی دیبەیتەكە، هەر یەك لە عەلی باپیر و مەلا بەختیار بۆ ماوەی 25 خولەك بابەتی خۆیان پێشكەشدەكەن، دواتر هەر یەكەیان 15 خولەكی لە سەر تێزەكانی ئەوی دیكە قسە دەكات.

د.عادل باخەوان ئاماژە بەوەدا كە جەماوەر دەتوانێت ئامادەبێت، بەبێ ئەوەی مافی بەشداریكردنی هەبێت، هاوكات كەناڵەكانیش دەتوانن دیبەیتەكە بگوازنەوە.