رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەسەر سێ بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان لەبارەی کەمپی ئاوارەکانەوە کۆدەبێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، "دادگە بڕیار دەدات."
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی نیسانی 2024 دادگەکە تاوتوێی سێ سکاڵا بکات کە لەبەردەستیدان، یەکێکیان لەلایەن ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە دژی هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی یەکشەممە 21ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە دادگەی فیدراڵی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەو کەیسە بدات."
سکاڵاکار داوایکردووە دادگەکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان (بڕیاری ژمارە 24007ـی ساڵی 2024) پابەند بکات.
بەپێی بڕیارەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ـی تەمموزی ئەم ساڵی بە دوا کات بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، دیاریکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر ئەوەی لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
عەلی عەباس، گوتی، "دەمانەوێت ئەم ساڵ کەمپی ئاوارەکان دابخەین، لەو پێناوەدا جگە لە تەرخانکردنی بڕی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێک، چەندین کارئاسانیی دیکە دەکەین."
رۆژی چوارشەممە، 17ی ئەم مانگە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی کوردستان، لە هەشتەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی لەو شارە، رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوو و ئێستا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەرمان هەیە، کە لە ئەنجامی ناسەقامگیری لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ